لە سەعدییە چوار ئەندامی داعش كوژران و سەربازگەیەكی نهَینیش ئاشكرا بوو
بەرێوەبەری پۆلیسی دیالە لیوا روكن جەمیل ئەلشەمەری لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن رایگەیاند؛ لە لایەن هێزێكی تایبەتی سواتەوە لە دەوروبەری دەریاچەی حەمرین لە نزیك شارەدێی سەعدییە، سەربازگەیەكی تایبەت بە چەكدارانی داعش دەستی بەسەرداگیراوە و لە كاتی دۆزینەوەی سەربازگەكە، ژمارەیەك چەكداری داعش رووبەروی هێزەكان بوونەتەوە و لە ئاكامدا چوار ئەندامی داعش كوژراون.
جەمیل ئەلشەمەری ئاماژەشیدا، ئەو سەربازگە نهێنییە تایبەت بووە بە راهێنانی چەكدارەكان و هەروەها راهێنانیان لەسەر دروستكردنی بۆمبی چێندراو و چۆنێتی پیلاندارشتن بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی بە جۆرێك لە ناو سەربازگەكەدا ژمارەیەك كەرەستەو و كەلوپەلی تایبەت بە ڕاهێنان و ژمارەیەك بڵاوكراوە و نووسراوی تایبەت بەو گروپە و چەندین پارچە چەك و تەقەمەنی و هاوكات برێك خورادەمەنی دەستیان بەسەرداگیراوە.
بەرێوەبەری پۆلیسی دیالە لە لێدوانەكەیدا ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە هەڵمەتەكەیاندا هێزەكانی سوات ژمارەیەك بەلەمی تایبەت بە چەكدارانی داعشیان لە ناوبردووە كە لە ناو دەریاچەی حەمرین بۆ گواستنەوەی ئەندامەكانی گروپەكە و چەك و تەقەمەنی بەكاریانهێناوە.
لیوا روكن جەمیل ئەلشەمەری لە درێژەی لێدوانەكەیدا راشیگەیاند، سوتاندنی باخەكانی شارەدێی سەعدییە لە چەند رۆژی رابردوودا، پیلانەكەی لە ناو ئەو سەربازگەیەدا دانراوە و دواتر جێبەجێ كراوە.
