سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نێردە و باڵیۆزانی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراقی فیدڕاڵ كۆبۆیەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نێردە و باڵیۆزانی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراقی فیدڕاڵ كۆبۆیەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی 5ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆز خاتوو یانا هایبەسكۆڤا نێردەی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عێراق و باڵیۆزانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرەتا خاتوو یانا هایبەسكۆڤا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ڕایگەیاند ئەم دیدارە جەختكردنەوەیە لە پەیوەندیی ستراتیژیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان. نێردەی یەكێتیی ئەورووپا پیرۆزباییشی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی ئەو هەڵبژاردنانەی لە هەرێمی كوردستان كراوە و بە دیموكراتییانە وەسفی كرد و ئەزموونی دیموكراتییانەی هەرێمی كوردستانی بە نموونەیەكی زۆر باش زانی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەیشی خستەڕوو كە نوێنەر و شارەزا و باڵیۆزەكانی یەكێتی ئەورووپا لە كاتی هەڵبژاردن سەردانی زۆر شوێنی كوردستانیان كردووە و ئەو جۆش و خرۆش و كێبڕكێیەی لە پڕۆسەكەدا هەبوو جێگەی بایەخ بوو.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی ڕاگەیاند بەوەی كە گەواهیی نوێنەر و باڵیۆزەكانی ئەورووپا لەبارەی سەركەوتوویی هەڵبژاردن هێزی زیاتر بە گەلی كوردستان دەبەخشێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی باس كرد كە لە ساڵی 1991 لە دیدارێكی جەماوەری لەگەڵ خەڵكی شاری كۆیە ڕایگەیاندووە كە هەرێمی كوردستان لە ڕێی هەڵبژاردن لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعییەتی دەستووری هەنگاو دەنێت و ئێستایش سەرباری هەموو كەموكورتییەكان كوردستان ڕێگەی شەرعییەتی دەستووری هەڵبژاردووە و لە دیموكراسیدا بەرەو پێشەوە دەچێت.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراق، سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بۆ شاندی یەكێتیی ئەورووپا ڕۆڵی كورد لە ئاییندەی عێراق و مەسەلەی شەراكەتی نیشتیمانی بۆ شاندی میوان شی كردەوە. سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە بۆ تێگەییشتن لە گرفتەكان پێویستە پرسیار لە ماهییەتی عێراق بكەین. لەدوای شەڕی یەكەمی جیهانی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەتی نێوان دوو نەتەوەی سەرەكی كورد و عەرەب دامەزرا بەڵام ئەم شەراكەتە جێبەجێ نەكرا و هەمیشە شەڕ و ناخۆشی هەبووە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لەدوای ڕووخانی ڕژێم كورد بڕیاری دا لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە و دەستوورێك پەسەند كرا بەم ئومێدە هەموو لایەك ئەرك و مافەكانیان بزانن و لەسەر بنەمای شەراكەت پێكەوە بژیین بەڵام جێگەی داخە كە ئیلتزام بەو دەستوورەیش نەكرا. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە عێراقدا كورد شەریك بێت و كەس وا بیر نەكاتەوە كە حاكم بێت و خەڵكی دی گوێڕایەل و هاووڵاتی پلە دوو بێت یان بە مەنتقی زۆرینە و كەمینە حوكم بكات.

سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە هەڵبژاردنی 30ـی نیسان كرد و بە دوا دەرفەتی زانی بۆ عێراق ئەگەر بەشێوەیەكی كردەیی پڕەنسیپی شەراكەت جێبەجێ بكرێت ئەوە دەكرێ ئومێدمان هەبێت و پێكەوە بمێنین. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەو مەرجانە چیین كە هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا هەیەتی سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە شەراكەتی حەقیقی بە كردەوە بچەسپێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باس كرد كە پێویستە دەستوور جێبەجێ بكرێت و هەموو خەڵكی عێراق هەست بكەن كە لە ژیانی سیاسیی وڵاتدا بەشدارن و ماددەی 140ـی دەستووریش جێبەجێ بكرێت و سوپای عێراق لەسەر بنەمایەكی نیشتیمانی دابمەزرێتەوە و كێشەی پێشمەرگە چارەسەر بكرێت و یاسای نەوت و گاز پەسەند بكرێت و سەرژمێریی گشتیش ئەنجام بدرێت و ئەو دامەزراوانەی لەدەرەوەی دەستوور دامەزراون لاببردرێن.

سەبارەت بە بابەتی پۆستی سەرۆك كۆمار و داواكاریی كورد بۆ وەرگرتنی ئەم پۆستە سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە تەشریفاتیبوونی پۆستی سەرۆك كۆمار ڕایگەیاند كە پاش ڕاگەیاندنی فەرمیی ئەنجامەكان و دوای ئەوەی كورد لەوە دڵنیا بێت كە عێراق بەرەو دۆخی پێشوو ناگەڕێتەوە ئەو كات ئێمە پێداگیریی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەین و بە ئیستحقاقێكی نەتەوەیی هەرێمی كوردستانی دەزانین.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەدا باڵیۆزەكانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لەبارەی ئایندەی عێراق و ڕۆڵی كورد لە عێراق و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و هەروەها بارودۆخی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانییش وەڵامی پرسیارەكانیانی دایەوە.
Top