نێچیرڤان بارزانی فەرمان بە وەزارەتی دارایی دەكات دەست بە دابەشكردنی موچە بكاتەوە

نێچیرڤان بارزانی فەرمان بە وەزارەتی دارایی دەكات دەست بە دابەشكردنی موچە بكاتەوە
بەرپرسێكی باڵای سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات سەرۆكی حكوومەت فەرمانی بە وەزارتی دارایی كردوە دەست بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران بكاتەوە.



چێنەر خەفاف بەرێوەبەری گشتی كارگێری و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تایبەت بە (باس)ی راگەیاند لە بەغدا بێ هیوا نەبووین بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران، لە گەڵ ئەوەشدا خەریكی كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆیین بۆ دابینكردنی موچە.

گوتیشی: تەنها پشت بە بەغدا نابەستین، بەڵكو وەزارەتی دارایی خەریكی كۆكردنەوەی داهاتەكانە،بڕیار وایە لەم رۆژانە ئیعلانی دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان بكرێت، ئەویش بە پێی ئەو خشتەیەی كە وەزارەتی دارایی ئامادەی كردوە، وەكو مانگەكانی تر رۆژانە ناوی ئەو وەزارەتانە رادەگەیەندرێت كە رۆژی دواتر موچە وەر دەگرن.

چێنەر خەفاف هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لە زیاتر دواخستنی دابەبەشكردنی موچە دەكەن،ئاماژەی بەوەدا پلانێكی دارێژراو هەیە بۆ ئەوەی لەم چەند رۆژە دەست بكرێـتەوە بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، گوتیشی: لە بەغدا بێ هیوا نەبووین، بەڵام بەراستی زۆر باوەرمان پێیان نیە، بۆیە پشت دەبەستین بە داهاتی ناوخۆ و موچە لەو داهاتانە دابەش دەكەین.

سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی موچەی مانگی نیسان، ئەو بەرپرسەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ: هەندێك لە وادەی پێشووتردا موچەی مانگی نیسان دواكەوتووە،ئەوەش هۆكارەكەی بۆ پشووەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەگەرێتەوە، چونكە لەو ماوەیە سستیەك لە جولەی داهات و كۆكردنەوەی داهاتە ناوخۆییەكان هەبووە، بەڵام لەوە زیاتر دوا ناكەوێت.

لەبری ئەوەی بۆ موچەی 4 مانگی فەرنانبەرانی هەرێمی كوردستان 4 تریلیۆن و 800 ملیار دینار رەوانە بكات، كەچی تەنها یەك ملیار و 100 ملیاری لە مانگی شوباتەوە رەوانە كردووە.بەرێوەبەری گشتی كارگێری و دارایی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانێكی سەرۆكی حكوومەتی ئاشكرا كرد و گوتی: نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت فەرمانیان داوە بە وەزارەتی دارایی بە زووترین كات دەست بكەنەوە بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و كارمەندانی حكوومەت.







Top