زۆر لایەن داوا دەكەن سەرۆك بارزانی ببێت بە سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام پێویستە دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار وەك ئێستا نەبێت و هاوسەنگ بێت لەگەڵ سەرۆك وەزیراندا
هەروەها دكتۆر رۆژ باسی هەڵبژاردنی پێشووی كرد و گوتی: لە هەڵبژاردنی پێشووی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر لە 30كورسی هەبووە، وەك ئاكامە سەرەتاییەكانیش دەریدەخەن ئەمجارەش ئەگەر زیاتر نەبێت كەمتر نییە، ئەمەش واتە یان كورسیەك زیاتر یان كورسیەك كەمتر دەبێت، ئەم ژمارە زۆرەش وای نەكردبوو كە پارتی زۆر خۆی بە گەورە زانیبێت یان لە خۆی بایی بووبێت، یان رەچاوی حزبەكانی تری نەكردبێت، بەڵكو هەمیشە رەچاوی هەموو لایەن و حزبەكانی تریشی كردووە، لەلایەكی دیكەش راستە كورد كێشەی لەگەڵ تاقە كەسێكدا نییە، داخوازییەكانی كورد نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموكراتیە، جگە لەوەی خەباتی بۆ هێنانی سیستمێكی فیدرالیی بووە كە هەموو عیراق لێی سوودمەند دەبن، بۆیە كورد هەوڵی ئەوە نادات كە لە بەغدا دەسەڵات وەربگرێت، بەڵام هەوڵ دەدات سیستمەكە بە ئاڕاستەی دەستووردا ببات، تا ئەو سیستمە وای لێبێت لەگەڵ دەستووردا بگونجێت، بەڵام لایەنەكانی تر هەموو هەوڵیان بەدەستهێنانی دەسەڵاتەو بەس، ئەوە یەكێكە لەو گرێیانەی كە عێراقی پێ كەوتۆتە تەهلوكەوە، ململانێی نێوان كوردو ئەو لایەنانە لێرەدا ئەوەیە، بۆیە پێویستە وەك باسم كرد كورد لە ماڵی خۆیدا یەك بێت دواتر لە حاڵەتێكدا ئەگەر كێشەشی هەبێت بەرەی خەبات لە بەغدا ئاشكرایە كە بە گشتی چیمان دەوێت، ئەگەر سەیری دروشمەكانی هەموو حزبەكان بكەیت، لایەن هەیە داوای جێبەجێكردنی دەستوور و فیدرالیەتیش دەكات.
هەروەها شاویس گوتی: كورد وەك پارتە كوردستانیەكانیان بە گشتی لە پێش 2003وە بە گشتی لەو بڕوایەدا بوون كە عێراق مومكین نییە لەلایەن یەك پێكهاتەوە حوكم بكرێت، حوكمی عێراق لەلایەن یەك پێكهاتەوە، واتە دیكتاتۆریەت تەنانەت حوكمی عێراق لە لایەن دوو پێكهاتەشەوە واتە زوڵم كردن لە پێكهاتەی سێیەم، ئەمە حەقیقەتێكی چەسپاوە لە سیاسەتی كوردیداو دیاریشە، بۆیە كورد لە هەوڵی دامەزراندنی حكومەتێك یان سیستمێكدایە لە عیراقدا كە پابەندی دیموكراسی بێت و هاوكات فیدراڵی یان كۆنفیدراڵی بێت، پێویستە نوێنەری هەرسێ پێكهاتەكانی تێدا بێت، ئەوەی تا ئێستا بینیومانە لایەنە شیعەكان پێش هەڵبژاردنەكان چەندین فراكسیۆن بوون و لە پاش هەڵبژاردنەكان بوونەتەوە بە یەك فراكسیۆن، بەمەش بوونەتە زۆرینەو حكومەت لەلایەن ئەوانەوە دروست كراوە، بەپێچەوانەی لایەنە شیعیەكان، لایەنە سوننیەكان پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانیان هەبوو لە چوارچێوەی لیستی ئەلعیراقیە، دوای هەڵبژاردن پەرت بوون.
درێژەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (975) بخوێنەوە.
