ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گیرانی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان
دەبوایە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لەبوونی حاڵەتێكی وەها ئاگادار بكرێتەوە و كۆمیسیۆن بڕیار بدات كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا بكرێت چونكە ئەوە لە چوارچێوەی سەلاحیاتی كۆمیسیۆنە كە بڕیار بدات كێ و چ لایەنێك پێشێلكاری كردووە و دەزگە ئەمنییەكانیش پێویستە پابەندی بڕیار و ڕێوشوێنەكانی كۆمیسیۆن بن. داوا لە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەین بە پێی یاسا و ڕێوشوێنەكانی خۆیان ڕێگە نەدەن هیچ جۆرە پێشێلكارییەك بەرانبەر دەنگی هاووڵاتیان و چاودێرانی لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدرێت.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە دەبێ ڕەچاوی ئازادیی كاركردنی هەموو ئەو چاودێرانە بكرێت كە بە ئاگاداریی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە لایەن حزبەكانیانەوە بۆ ئەركی چاودێریكردن لە كاتی هەڵبژاردن و جیاكردنەوە و ڕاگەیاندنی دەنگەكان ڕاسپێردراون. جگە لەوەیش لەهەموو دۆخێكدا پێویستە مافی هاووڵاتیبوونی خەڵكیش پارێزراو بێت و بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگە لەبارەی هەر گومانلێكراوێك نابێ وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
داوا لە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕاگەیاندنەكانیان دەكەین بە پەرۆشی و هەست بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و كار بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن و ڕێگە لە هەر هەوڵێك بگیرێت كە دەبێتە هۆی شێواندنی پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
4ـی 5ـی 2014
