سێ كەس لەسەر كوشتنی پاسەوانەكەی كۆمەڵ دەستگیردەكرێن

 سێ كەس لەسەر كوشتنی پاسەوانەكەی كۆمەڵ دەستگیردەكرێن
دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە هەولێر چەند چەکدارێک پاسەوانێکی بارەگای مەڵبەندی هەولێری کۆمەڵی ئیسلامییان کوشت، ئەمڕۆ وەفدێکی باڵای پارتی سەردانی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییان كرد و سێ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی ئەو پاسەوانەی کۆمەڵی ئیسلامی دەستگیرکراون.

دوای سەردانەكە هەریەکە لە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد.

عەلی باپیر رایگەیاند "ئێمە نەمانگوتووە پارتی تۆمەتباردەکەین، بەڵام کۆمەڵێک دۆکیۆمێنتمان کەوتووەتە بەردەست، ئۆتۆمبیل و مۆبایلیان بەجێماوە، كە ئەوانە خۆیان بە پارتی دەزانن، ئێمە لەسەر گۆڕستانیش گوتمان عەقڵ و مەنتق قبوڵناکات پارتی لەپشت کاری وابێت، چونکە بەزیانی پارتی خۆیەتی بەر لە ئێمە".

هەروەها راشگەیاند "ئەو کەسانەی ئەو کارەیان ئەنجامداوە چوار کەس بوون، کە سێ کەسیان دەستگیرکراون، ئەوە جدییەتی پارتی و جدییەتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێ کە بەتەنگ ئەو قەزیەوەیە، دەستگیرکردنیان نیوەی کێشەکە چارەسەر دەکات، نیوەکەی دیکەشیان سزادانیان چارەسەری دەکات".

ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان گوتیشی "کاک نێچیرڤان و کاک مەسعود هاتوونەتە سەر خەت بۆ ئەو پرسە، ئەمڕۆش فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاک عەلی حوسێن، بەرپرسی لقی 2 ی پارتی هاتوون و بەڕێزەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە".

ئاشکراشیکرد کە نێچیرڤان بارزانی تەلەفۆنی بۆ کردوون و گوتوویەتی "ئەگەر لەبن سێبەری هەوریشبن دەیانگرین و بە سزای خۆیان دەگەیەنین".

هاوكات فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئێمە هاتووینە خزمەت مامۆستا و برادەرانی کۆمەڵ، ئەوان نەیانگوتووە پارتییە تا ئێمە بڵێین پارتی نییە، بەر لە هەرشتێک ئەو کەسەی کوژراوە پۆلیسی حکومەتە".

گوتیشی: "لە فەرهەنگی پارتیدا نییە کە ئێمە زیانمان بۆ کۆمەڵی ئیسلامی هەبێت، لە فەرهەنگی سەرۆک بارزانی و پارتیشدا مامۆستا عەلی باپیر هێڵی سوورە".

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی جەختیكردەوە "هاتووین پێیان بڵێین بەقەد ئەوان ناڕەحەتین، ئەگەر ئەو خوالێخۆشبووە ئەندامی ئەوانە، ئەوا سەرۆکی هەرێم سەرۆکی ئێمەیە، سەرۆکی حکومەت جێگری سەرۆکی حیزبەکەی ئێمەیە، وەزیری ناوخۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی ئێمەیە، پارێزگار ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکەی ئێمەیە، بەرپرسی ئاسایش کادیرێکی پێشکەوتووی حیزبەکەی ئێمەیە، ئەمەش ئەرکێکمان دەخاتەسەر سەعاتێک زووتر ئەو کەسانە رادەستی دادپەروەری بکەین".









رووداو
Top