دوا ئاماری كوژراو و بریندارانی دوو تەقینەوەكەی سەعدییە

 دوا ئاماری كوژراو و بریندارانی دوو تەقینەوەكەی سەعدییە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار تەقینەوە شارەدێی سەعدییەیان لە پارێزگای دیالە كردە ئامانج و كوژراو و برینداریان لێكەوتەوە.


ئەحمەد زرگۆشی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەقینەوەکان 18 کوژراو و 76 برینداریان لێکەوتووەتەوە".

ئەحمەد زرگۆشی هەروەها گوتی، بریندارەکان گواستراوەنەتەوە نەخۆشخانەکانی خانەقین و جەلەولا.

بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە گوتیشی، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە کوژراو و بریندارەکان کەوتوونەتە ژێر دووکانە رووخاوەکان، پێشبینی دەکرێ ژمارەکان بەرزببنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ تەقینەوەیەكی خۆكوژی ئاهەنگێكی لایەنگرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لە شارۆچكەی خانەقین كردە ئامانج و بە دەیان كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

شارەدێی سەعدییە بەشێكە لە ناوچە دابراوەكان و ماددەی ١٤٠ی دەستووری فیدراڵی عێراق دەیگرێتەوەو پێكهاتەكانی كوردو عەرەب و توركمان تێیدا دەژین و سەر بە قەزای خانەقینە.

هاوكات بە گوتەی بەرپرسانی سەعدییە بەهۆی هەڕەشەو هێرشی گرووپە چەكدارەكانەوە لە چەند ساڵی رابردوو بە سەدان خێزانی كوردی دانیشتووی سەعدییە شارەدێكەیان بەجێهێشتووە.




رووداو
Top