كۆماری میسڕ ستایشی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەكات

كۆماری میسڕ ستایشی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەكات
10ی تشرینی دووه‌م/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- سەر لەبەیانی ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە عەلی عەشیری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی میسڕ بۆ كاروباری كونسوڵی و شاندێكی یاوەری لە وەزارەتەكانی دەرەوەو ناوخۆ و بەرگری و بانكی ناوەندی میسڕ كرد.

لە دانیشتنێكدا كە سولێمان عوسمان كونسوڵی میسڕ لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە راوێژكارو بەڕێوەبەرانی فەرمانگە ئامادەی بوون ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی میسڕ خۆشحاڵی خۆی بەیەكەمین سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشاندا و دووپاتیكردەوە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ هەرێم پتەوتر بكات و بوارەكانیشی فراوانتر بێت. ئاماژەی بەوەشدا وڵاـەكەی بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات بە تایبەتی لەرووی سەقامگیری و ئارامی باری ئاسایش تیایدا و هەر ئەوەش وایكرد بڕیار لەسەر كردنەوەی كونسوڵگەری وڵاتەكەیان بدەن لە هەولێر.

عەشیری دووپاتیكردەوە ئەوان پلانی زۆریان لەبارەی پێشخستنی پەیوەندی نێوانیان لەبەردەستدایە بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و بازرگانیەوە لە هەموو كەرتەكاندا و ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ ناردنی شارەزای میسڕی بۆ هەرێمی كوردستان لەبواری جیاجیادا نیشاندا هاوكات خۆشحاڵی خۆی بەوە نیشاندا كە ژمارەی كۆمپانیا و هاوڵاتیانی میسڕ لە هەرێم لە زیادبووندایە و تیشكیشی خستە سەر پیشانگای تایبەتی كاڵا میسڕیەكان لە هەولێر، هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی قوتابیانی كورد دا لە میسڕ كە حكومەت هەموو ئاسانكاریەكی بۆ كردوون بۆ تەواوكردنی خوێندنیان.

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان دووپاتی لەسەر گرنگی پەیوەندیە مێژوویەكانی نێوان كوردستان و میسڕ كردەوەو سوپاسی حكومەتی میسڕی كرد كە یەكەم وڵاتی عەرەبی بوو كە كونسوڵگەری خۆیان لە هەرێم بكەنەوەو ئەمەش بەڵگەی متمانە پێبوونی ئەم وڵاتەیە بە هەرێمی كوردستان.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە نیشانیدا هەرێم خوازیارە سوود لە پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوولا بۆ بەرژەوەندی هەردوو گەل وەربگرێت بۆ پەیوەندیەكی پتەو لە ئایندەدا.

هەر لەم دیدارەدا تیشك خرایە سەر ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم جێبەجێكردنی ئەو پلانانەی هەردوو لا دەیانەوێ جێبەجێیان بكەن و بیروڕا لەبارەی چارەسەركردنیان ئاڵوگۆڕكران.
Top