فەلاح مستەفا لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی تیمی پزیشكی باكوری رۆژئاوا كۆبووەوە
سەرەتا شاندی میوان مەبەستی سەردانەكەیان روونكردەوە كە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئاوارەكان و دەستنیشانكردنی پێویستیەكانە. لە بەرامبەردا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستەسەر رەوشی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم و ئەو هاوكاریانەی كە حكومەتی هەرێم پێشكەشی كردوون. هاوكات ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە ژمارەی ئاوارەكانی سوریا كە بەهۆی خراپی دۆخی ئاسایش و ئابووریەوە لە سوریا روویان لە هەرێم كردوە گەیشتووەتە نزیكەی 240 هەزار كەس، ئەوەش جگە لەو رێژەیەی كە بەشێوەیەكی فەرمی تومار نەكراون، سەرەڕای چاوەڕوانی زیاتربوونی ئەو رێژەیە لەماوەی داهاتوودا بەهۆی خراپتربوونی رەوشی سوریا. بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە گرینگی زانی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەخێرایی هاوكاری ئەو ئاوارانە بكەن كە تائێستا وەك پێویست نەبووە، چونكە سەرمای زستان بەڕێوەیەو بەمەش ژیان و گوزەرانیان بەرەو خراپی و زەحمەتی دەڕوات. هاوكات بە پێویستی زانی كە هاوكاری خەڵكی سوریا لە خاكی ئەو وڵاتەدا بكرێت تاوەكو رێگا لەم كۆچكردنە بگیرێت.
لای خۆشیانەوە شاندی ناوبراو وێڕای ئاماژە كردن بە كارو چالاكیەكانیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، سوپاس و دەستخۆشیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو هاوكاری و خزمەتگوزاریانەی كە پێشكەشی ئاوارەكانی سوریایان كردووە لە هەرێم. هاوكات ئاماژەیان بەو كەمپانە كرد كە لە هەولێر بۆ ئاوارەكانی سوریا تەرخانكراون و خۆشحاڵبوون بەو خزمەتگوزاریانەی كە حكومەتی هەرێم بۆ باشتركردنی رەوشی ئەو ئاوارانە ئەنجامی داوە.
جێگەی باسە هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە كێشەی سوریا بەشێوەیەكی سیاسیانە چارەسەر بكرێت، هاوكات بە گرینگیان زانی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەخێرایی یارمەتی پێشكەشی ئاوارەكانی سوریا بكەن و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ باشتركردنی گوزەرانی ئاوارەكان.
