تائێستا پێنج حاجی عێراقی کۆچی دواییان کردوە

تائێستا پێنج حاجی عێراقی کۆچی دواییان کردوە
مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری تیمی راگەیاندنی حەجی کوردستان تەئکیدی کردەوە لەکۆی ٢٤ ھەزار حاجی عیراقی کە ئەمساڵ ھاتونەتە سعودیە تائێستا ٥ حاجی کۆچی دواییان کردوە بەڵام حاجیانی ھەرێمی کوردستان کەژمارەیان ٣٧٢٠ حاجیە ھەمویان سەلامەتن و بەشێوەیەکی ئاسایی سەرقاڵی سەردانی کەعبەی پیرۆز و شوێنە ئاینیەکان و خوداپەرستین.



مەریوان نەقشبەندی گوتیشی ئەمرۆ ٩/١٠/٢٠١٣ دوارۆژە بۆ پێشوازیکردنی حاجیانی دەرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیە و لەسبەینێ ١٠/١٠/٢٠١٣ سەرجەم سنورە ئاسمانی و وشکایی و دەریاییەکانی سعودیە بەڕوی حاجیاندا دادەخرێت و تائێستاش نزیکەی دوو ملیۆن حاجی لەدەرەوەی سعودیەوە گەیشتونەتە شاری مەککە و بڕیاریش وایە بەشێک لەشوێنی تەوافکردن لەدەوری کەعبەی پیرۆز پێش جەژنی قوربان لەبەردەم حاجیاندا بکرێتەوە .


بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی ھەرێم ئەوەشی راگەیاند کەوا دەسەڵاتدارانی سعودیە ھەموو شێوازەکانی خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دروشمی سیاسیان لەوەرزی حەجدا قەدەغەکردوە و بەردەوام ھۆشداری ئەوە بڵاودەکەنەوە کەوا بەتوندی روبەڕوی ھەر ھەوڵێک دەبنەوە کەوا ببێتە ھۆی شێواندنی ئاسایشی سعودیە و سەلامەتی حاجیانی ماڵی خودا.
Top