نوێنەری حکوومەتی هەرێم زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ پەڕلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا سازکرد
دیدار لەگەڵ سەرۆکی پێشووی پەڕلەمانی ئەوروپا
ڕۆژی سێشەمە 28ی ئایاری 2013 بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی لەگەڵ (یەرزی بوزێک Jerzy Buzek) سەرۆکی پەڕلەمانی ئەوروپا لە ساڵانی(2009-2012) کۆبووەوە. لە چوارچێوەی ئەو دیدارەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێم بە ووردی باسی لە ڕەوشی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەو پێشکەوتنە بەرچاوانە کرد کە هەرێمی کوردستان بەدەستیهێناوە ئەمە لە کاتێکدا کە بەداخەوە عێراق بەرەو هەڵدێر و کەناری ڕووخان هەنگاو دەنێ. پاشان ئاژگەیی کورتەیەکی لە سیاسەت و ئەولەویاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو بە تایبەتی لە بواری سیاسەتی ووزەدا کە ئەوەش گرنگی تایبەتی بۆ یەکێتی ئەوروپا هەیە و هەرێمی کوردستان دەکاتە فاکتەرێکی متمانەبەخش لە ئاسایشی ووزەی ئەوروپیدا.
تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە تایبەت بوو بە پرسی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە. لەو ڕووەوە یەرزی بوزێک ڕایگەیاند کە ئەو وەک داکۆکیکەرێک لە ئازادی گەلان، ئاگاداری چەوساندنەوە و نەهامەتییەکانی گەلی کوردە و پێی وابوو کە ئەرکی هەر ئازادیخوازێکی جیهانە هاوکاری سەرخستنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی هەرێمی کوردستان بکات و لەو ڕوانگەیەشەوە ئامادەباشی خۆی ڕاگەیاند بۆ پاڵپشتیکردن لە هەر هەنگاوێک لەو بارەیەوە. لە کۆتایی دانیشتنەکەدا هەردوو لا چەند هەنگاوێکی پراکتیکیان تاوتوێکرد و بەڵێن درا کە دانیشتنی دیکە ئەنجام بدرێن.
دیدار لەگەڵ پەرلەمانتار (ئۆلە شمیت)
ڕۆژی چوارشەممە 29ی ئایاری 2013 بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی و شاندی یاوەری چاویکەوت بە پەڕلەمانتاری ئەوروپی و دۆستی دێرینی کورد (ئۆلە شمیت Olle Schmidt ) کە خەڵکی ووڵاتی سویدە و ئەندامی فراکسیۆنی لیبرالەکانی پەرلەمانی ئەوروپایە. لە دانیشتنێکی دۆستانەدا باس لە ڕەوشی ئێستای هەرێم و بەغدا کرا و ئۆلە شمیت بە هەندەوە گوێی بۆ ئەو زانیاریانە گرت کە ئاژگەیی لەو بارەیەوە خستیەڕوو. لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە پرسی بەفەرمیناساندنی جینۆسایدی کورد لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە کرا و لەو بارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی هیوای خواست کە ئۆلە شمیت وەک دۆستێکی دێرینی کورد، ڕۆڵێکی کارا بگێڕێ. لە لای خۆشییەوە شمیت بەڵێنی هاوکاری و پاڵپشتی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی لەو بارەیەوە دا و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیار درا دیدار و پەیوەندییەکان بەردەوام بن.
دیدار لەگەڵ پەڕلەمانتار خاتوو (هێلین فلۆترە)
ڕۆژی پێنجشەممە 30ی ئایاری 2013، نوێنەری حکوومەتی هەڕیم و شاندی یاوەری چاوی بە پەرلەمانتا خاتوو (هێلین فلۆترەHelene Flautre ) کەوت کە بەرپرسی لیژنەی هاوبەشی پەرلەمانی ئەوروپاو پەرلەمانی تورکیایە و ئەندامی فراکسیۆنی سەوزەکانە لە پەرلەمانی ئەوروپا. لە میانەی ئەو دیدارەدا کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە باسیانلێوەکرا. بەشێکی گرنگی دیدارەکە تەرخانبوو بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و لەو بارەیەوە بەڕێز ئاژگەیی ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان پەیوەندی فرەلایەن و بەهێزی لەگەڵ تورکیادا دروست کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا سەرکردایەتی کوردستان هەوڵیداوە پێگەی بەهێزی خۆی و ئەو پەویوەندییە توندوتۆڵەی کە هەیەتی لە پێناو برەودان بە پرۆسەی ئاشتەوایی لە تورکیا بەکاربهێنێ. لە لای خۆشیەوە خاتوو فلۆترە رایگەیاند کە ئەوان لە پەرلەمانی ئەوروپا بە بایەخەوە دەڕواننە ئەو ڕۆڵەی کە هەرێمی کوردستان دەیگێڕی، بە تایبەتی ڕۆڵی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی. لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا باس لە بارودۆخی سوریا و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەو قەیرانەدا کرا و دلاوەر ئاژگەیی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان یارمەتی مرۆیی پێشکەش دەکات و سنوورەکانی خۆی لە بەردەم ئاوارەبووانی سوریادا کردۆتەوە و چەند ئامارێکی لەو بارەیەوە خستەڕوو. لە لای خۆشیەوە خاتوو فلۆترە بەڵێنیدا کە لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا ئاماژە بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە داڵدەدان و پارێزگاریکردنی ئاوارەکانی سوریادا بکات. کۆبوونەوە بە تاوتوێکردنی چەند خاڵێکی تایبەت بە کارکردنی هاوبەشکۆتاییهات.
دیدار لە گەل سەرۆکی ئۆفیسی پەرەپێدانی دیموکراتی پەرلەمانی، Office for Promotion of Parliamentary Democracy OPPD):
هەر هەمان رۆژ نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا لاوەر ئاژگەیی چاوی کەوت بە (دیک تونسترا) بەرێوەبەری گشتی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئوروپا
Director General for External Policies of the Union
لە کۆبوونەوەدا نوێنەری حکوومەت داوای لە بەرپرسی OPPDی کرد کە بە مەبەستی راهێنان لە بواری دیموکراتی لە پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی لە گەڵ پەرلەمانی کوردستان دروست بکەن کە لە روی دیموکراسی پێویستی بە ئەزموون و هاریکاری پەرلەمانی ئەوروپا هەیە. بۆ ئەم مەبەستە گرنگە شاندی پەرلەمانی لە نێوان هەردوو لا ئاڵو گۆر بکرێت و لە مەودوا پەرلەمانی ئەوروپا پەرلەمانی کوردستان بخاتە لیستی ئەم وڵاتانەی هاریکاری و پەیوەندی فەرمیان لە گەڵ هەیە.
