"دەستووری هەرێم هیچ خاڵێکی تێدا نییە دژی دیموکراسی بێت"

8 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- پسپۆڕی یاسایی دکتۆر فرسەت سۆفی لەم بڕوایەدایە كە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان زۆر كاری لەسەر كراوە و گەرەنتی دیموكراسی لە هەرێمدا دەكات، ئەم پسپۆڕە بە پێویستە دەزانێت هەرچیی زووتر ئەم دەستوورە بخرێتە ڕیفڕاندۆمەوە.

سۆفی لە سمێنارێکدا کە لە دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر پێشکەشی کرد باسی لەوە کرد کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان دروست بووە بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەن دەستوور.

ئەو نەبوونی دەستوور لە هەرێمی کوردستان بە بۆشاییەکی یاسایی لە هەرێم دەزانێت و دەڵێت \"ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوور هەنگاوێکی گرنگ دەنێت، چونکە دوای دەستوور دەکرێت ئامادەکاری بۆ پڕۆژەی گەورەتر لە هەرێمی کوردستان بکرێت.\""

ئەم پسپۆڕە یاساییە خۆشحاڵە لەوەی کە سەرجەم لایەنەکانی کوردستان بوونی دەستوور بۆ هەرێم بە پێویست دەزانن، بەڵام نیگەرانیشە لەو هێرشە ڕاگەیاندنەی کە دژی پڕۆژەی دەستوور لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە.

بە بۆچوونی ئەم یاساناسە دەستووری هەرێمی کوردستان دەستوورێکی زۆر باشە، بۆ ئەم بۆچوونەشی پاساوی ئەوە دێنێتەوە کە دەستوور چەندین ساڵی خایەندووە تا دارێژراوە، بێ لەبەرچاوگرتنی بەکگراوندی مێژوویی، دەستوور لایەنی کەم لە ساڵی 2005ـەوە لە لایەن خەڵکی ئەکادیمی و نووسراوەتەوە و زۆرترین ماوەی گفتوگۆی بۆ تەرخان کراوە.

ئەو نموونەی دەستووری فەڕەنسا دێنێتەوە کە کاتی خۆی لە ماوەی سێ ساڵدا نووسراوە، بەڵام دەستووری هەرێم زیاتر لەم ماوەیەشی خایاندووە، پاشان لە پەرلەمان تاوتوێ کراوە و 96 پەرلەمانتار لە 96 پەرلەمانتاری کوردستان دەنگیان پێ داوە.

سۆفی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا تیشک دەخاتە سەر خاڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی دەستووری هەرێم و دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی نەتەوە‌ییەوە گەرەنتی زۆر بابەتی گرنگی کردووە، وەك‌ چەسپاندنی مافی چارەنووس، دیاریکردنی سنووری جوگرافی هەرێم بە ناوچە‌کانی دەرەوەی ئیداری ئێستای هەرێمەوە، پێدانی مافی بەستنی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان بە هەرێمی کوردستان لەم دەستوورەدا گونجێندراوە. هەروەها ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی بڕیارێک‌ پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی هەرێم بدات بە گوێرەی ئەم دەستوورە دەتوانرێت ڕەت بکرێتەوە.

ئەم یاساناسە زیاتر باس لە مافە گشتییەکان دەکات کە لە پڕۆژەی دەستوردا گونجێندراون و دەڵێت، \""25%ـی دەنگدەرانی هەرێم بۆیان هەیە سەبارەت بە هەموو پرسێک لە هەرێمی کوردستان داوای ڕاپرسی بکەن ئەمە لە کاتێکدایە ئەم جۆرە داواکارییە تەنیا لە وڵاتیکی وەکوو سویسرادا هەیە.\""

جگە لەمە دەستووری هەرێم مافی کەمایەتییە نەتەویی و مەزهەبییەکانی دەستەبەرکردووە، تەنانەت مافی ئۆتۆنۆمی داوەتە ئەو نەتەوانەی کە ڕێژەی دانیشتووانیان زۆرینە پێکدەهێنن، هەروەها لە‌ ڕووی ئابوورییەوە وەرگرتنی باجی لەم کەسانە قەدەغە کردووە کە‌ داهاتیان کەمە.

سۆفی سەبارەت بە مەترسییەکانی ئەم سیستەمە بۆ دیموکراسی و دروستبوونی دیکتاتوری جەختی کردەوە کە هیچ جۆرە مەترسییەک لەم دەستوورەدا نابینرێت، چونکە بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک دارێژراوە.

یەکێک لەو ڕەخنانەی کە ئۆپۆزسیۆن لە پڕۆژەی دەستوری هەرێمی دەگرێت ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم دەستەڵاتێکی زۆری پێدراوە، سۆفی لە وڵامی ئەم ڕەخنانە بەشێک لە دەستەلاتەکانی سەرۆکی هەرێمی شی کردەوە کە لە دەستوورەکەدا هاتوون.

یەکێک لەو دەستەڵاتانە ڕاسپاردنی لیستی براوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتە، سۆفی پێیوایە کاتێک سەرۆکی هەرێم لیستی براوە و زۆرینە ڕادەسپێری کە کابینە پێکبهێنێت دەستەڵاتێکی سەیر نییە، چونکە لە ڕاستیدا هەر لیستی براوەیە کە بۆی هەیە کابینەی حکوومەت پێکبهێنێت، ئەو لەمەڕ‌ مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ڕوونی کردەوە كە لە دەستووری هەرێم ئەم جۆرە دەستەڵاتە بۆ سەرۆک دەستەڵاتێکی‌ پڕۆتۆکۆڵییە، چونکە پەرلەمان کاتێک هەڵدەوەشێتەوە کە خۆی مەرجەکانی یاسایی لەدەست دابێت و مردبێت.

دکتۆر فرسەت سۆفی سەبارەت بە دەستەڵاتی ناڕەزایەتی دەربڕینی سەرۆکی هەرێم لەو یاسایانەی کە لە پەرلەمان دەرەچن دەڵێت \""کاتێک سەرۆک یاسایەک پەسەند ناکات و بۆ پەرلەمانی دەگەڕێنیتەوە ئەوا چارەنووسی ئەم یاسایانە و دەستکاریکردنیان هەر بەدەستی پەرلەمانە نەک سەرۆکی هەرێم

فرسەت سۆفی لە وتارەکەیدا ئەوەی خستە ڕوو، هیچ خاڵێک لە دەستووردا نییە کە دژی دیموکراسی بێت، بۆیە بە پێویستی زانی بخرێتە ڕێفراندۆمەوە، چونکە ئەگەر بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان و دووبارە قسەی لەسەر بکرێت، ئەوا ئەم مەترسییە لە ئارادا دەبێت کە 10 ساڵی دیکەش کوردستان نەبێتە خاوەن دەستوور.

سۆفی کۆمەڵیک پاساو بۆ پێویستبوونی دەستوور دەهێنێتەوە و دەڵێت، دەستوور سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان دەپارێزێت و ڕێگری لێ دەکات لە هەر جۆرە مەترسی و دابەشبوونێک كە ئەگەر لە داهاتوودا ڕووبدات، جگە لەمە دوژمنانی دەرەکی خەون بەوە دەبینن کە کوردستان نەبێتە خاوەن دەستوور.

دەستووری هەرێم ویڕای جیاکردنەوەی دەستەڵاتەکان جەختی لە فرەحزبی وەکوو بنەمایەکی گرنگی دیموکراسی کردووە، بۆیە فرسەت سۆفی دەڵێت \""ئەگەر دەستورێک هەموو ئەم تایبەتمەندییانەی هەبێت ئەدی چ شتێکی لە دەستووری وڵاتە دیموکراتییەکان کەمترە کە نەخرێتە ڕیفراندۆمەوە.\"""
Top