پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی 14 تاوانبار ڕادەگەیەنێت
عەقید عەبدولقادر محەمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لە بارەگای پۆلیس ساز درا، بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند كە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بەرێوەبەرایەتییەكەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، چواردە تاوانباریان دەستگیر كردووە كە لە هەولێر و دەوروبەری چەند تاوانێكیان ئەنجام داوە.
عەقید عبدولقادر دەڵێت: \"تاوانبار (ا.ی.م) لەدایكبووی 1980 و تاوانبار (ا.ن.ح) لەدایكبووی 1989 و هەروەها تاوانبار (س.م.ح) لەدایكبووی 1985، دزییان لە هەشت ماڵ لە گەڕەكەكانی مامۆستایان، 92، گوڵان و برایەتی كردووە و كەلوپەلەكانیش كە بریتی بوون لە بڕێك زێڕ و لاپتۆپ و كامێرا و مۆبایل و بڕێك پارەش، دەستیان بەسەردا گیراوە و بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێندرێنەوە.\""
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا كە دوو تاوانباری دیكە بە ناوەكانی (ا.ح.م) لەدایكبووی 1991 و (ر.ص.ع) لەدایكبووی 1980، هەستاون بە دزینی كەلوپەلی گرانبەهای حەفارە و هەروەها تاوانبار (م.ع.م) لەدایكبووی 1993 و تاوانبار (خ.غ.م) لەدایكبووی 1984، ئۆتۆمبێلێكیان لە گەراجی ماڵێك دزیوە و پاش ئاگاداربوونەوەی پۆلیس، سەرجەم تاوانبارەكان بە پێی ماددەی(443)ی یاسای سزادانی عێراقی قۆڵبەست كراون.
عەبدولقادر محەمەد، ئەوەشی خستە ڕوو كە تاوانبارێكی دیكە بە ناوی (ن.ع.خ) لەدایكبووی 1993، سێ كارتی زەوی ساختە كردووە كە هەر زەوییەك ڕووبەری 150 مەتر بووە و پاش ئاشكرابوونی، لە لایەن پۆلیسەوە و بە پێی ماددەی 289ـی یاسای سزادان دەستگیر كراوە.
گوتیشی: \""تاوانبار (ت.ص.ح) لەدایكبووی 1994، لە كۆمەڵگای دارەتوو بڕێك پارە و لاپتۆپ و چەند مۆبایلێكی دزیوە، بۆیە بە گوێرەی مادەەی (443) قۆڵبەست كراوە. هەروەها تاوانبار (م.ف.ج) لەدایكبووی 1992، لە كۆمەڵگای مەلائۆمەر ئاژەڵێكی دزیوە و ئەوەیش بەپێی ماددەی 446، ئێستا لە بەندیخانەدایە. جگە لەوانەش تاوانبار (ا.ص.ش) لەدایكبووی 1990، حەوت سندوقی خێراتی لە مزگەوتەكانی دارەتوو شكاندووە و دوای دانپێدانان، بەپێی ماددەی 444 بەند كراوە. هەروەها تاوانبار (س.ح.ع) لەدایكبووی 1985، سێ دوكانی لە نزیك چواررَێیانی شێخ مەحموود بڕیوە و پاشان هێزەكانی پۆلیس بەپێی ماددەی 443 قۆڵبەستیان كردووە.\""
عەقید عەبدولقادر محەمەد، هەروەها بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند كە تاوانبارێكی دیكە بە ناوی (م.ع.ع) لەدایكبووی 1978، بڕێك پارەی لەناو تەكسییەك دزیوە و دواتر و پاش لێكۆڵینەوەی ورد،دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و ئێستا بە گوێرەی مادەەی 446 دەستگیر كراوە. لە لایەكی دیكەشەوە تاوانبار (ر.ن.د) لەدایكبووی 1985، بایی 1000 دۆلار چیمەنتۆی لە گەڕەكی فەرمانبەران و 5 ی حەسارۆك دزیوە و بۆیە پاش ئاگاداربوونەوەی پۆلیس، ئەویش بەپێی ماددەی 443ی یاسای سزادانی عێراقی بەند كراوە.
"
