پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان
بە بۆنەی سی و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەم. هیوادارم ئەو یادە ببێتە هۆی پتەوتربوونی یەكڕیزیی گەلەكەمان و هاندەرێكیش بێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك تواناكانمان یەكبخەین بۆ بەهێزتركردنی سەقامگیری كوردستان و قووڵبوونی گیانی تەبایی و برایەتیی نێوان هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان و پێشخستنی كیانی نەتەوەیی.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان خەبات و قوربانیی زۆر مەزنی لەڕێگەی ئازادی و ڕزگاریخوازیدا بەخشیوە. یەكێتیی لە قۆناغی بەڕێوەبردنی وڵات و مسۆگەركردنی مافەكانی گەلەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكان ڕۆڵێكی بەرچاو و نیشتیمانپەروەرانەی گێڕاوە و شوێنپەنجەی لە گشت بوارەكانی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی گەلی كوردستان دیارە.
بە پێویستی دەزانم لەو بۆنەیەدا هیوای چاكبوونەوە بۆ برای بەڕێزم مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتی بخوازم ئومێدەوارم بە زووترین كات بگەڕێتەوە ناومان. هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ئەندام و هەوادارانی یەكێتییەكەتان دەخوازم بمێنن بۆ كورد و كوردستان.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
