شەرق ئەوسەت- عەدنان موفتی لە دیمانەیەكی گوڵاندا: پرۆژەی دەستوور هەموو لایەنە یاساییەكانی تێپەڕاندووە و بەپێی یاساش دەبێت راپرسی لەسەر دەستوور بكرێت
لەدوای بڵاوبوونەوەی دیمانەی تایبەتی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ بەڕێز عەدنان موفتی، سەرۆكی پێشتووتری پەرلەمانی كوردستان، دەنگدانەوەی فراوانی لەنێو راگەیاندنە نێوخۆیی و عەرەبی و جیهانیەكان دروستكرد، ئەوەش لەدوای ئەو دەنگۆیەبوو كە گوایە یەكێتی نیشتیمانی بۆچوونی جیای لەگەڵ هاوپەیمانەكەیدا هەیە و دەیەوێ دەستوور بگەڕێتەوە پەرلەمان، بەڵام موفتی وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمان و وەك سەرۆكی ئەوكاتەی پەرلەمان كە دەنگدان بۆ دەستوور كراوە رایگەیاند كە دەستوور هەموو قۆناخە یاساییەكانی بڕیوە و ئێستا دەبێ راپرسی بۆ بكرێ.
عەدنان موفتی لە دیمانەكەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان-ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: دوای نووسینەوەی پرۆژەی دەستوور، پێشكەشی پەرلەمان كرا و لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر درا، پاشان رەوانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا و پەسەندی كرد، بۆیە ئێستا لەرووی یاساییەوە لەدەست سەرۆكایەتی هەرێمیش نییە، بەڵكو دەبێ گەل دەنگی لەسەر بدات و نابێ بگەڕێندرێتەوە پەرلەمان.
هەروەها دەڵێ: پرۆژەی دەستوور هەموو لایەنە یاساییەكانی تەواو كردووە و ئێستا ئامادەیە تا بخرێتە راپرسیەوە و لەرووی یاساییەوە نابێ بگەڕێتەوە پەرلەمان، بەڵام ئەگەر كۆدەنگی تەواو هەبوو لەسەر گەڕانەوەی، ئەوكاتە رێگەیەكی یاسایی دەدۆزرێتەوە تا بتوانرێ بگەڕێتەوە پەرلەمان و هەموار بكرێتەوە.
