28ی ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- بەبۆنەی نزیک بوونەوەی 37ساڵ تێ پەڕبوون بەسەر شۆڕشی 26ی گوڵانی نەتەوەی وپێشکەوتنخواز، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئۆفیسی ئەوروپا رێکەوتی 24-5-2013 لە بارەگای تایبەتی خۆیان لە شاری ئەمستردام، پێشوازیان لە نەزهەت حالی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیمان و شاندی یاوەری لە بەرپرس و کارگێڕانی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندای پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. لە دانیشتنێکی چەند کاتژمێری نەزهەت حالی باسی لە رۆڵی گرنگی ئافرەتان کرد و ئەوە رونکرایەوە کە ئەو فەرهەنگە رێزگرتنە لە مافی ئافرەت و رۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵگادا لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولی مەزنەوە وەک رێکخراوێکی جەماوەری دانی پیانراو وەک پرنسیپێکی حیزبی شان بەشانی رێکخراوە جەماوەرییەکان خەباتیان کردووە و دەیان تێکۆشەر لە ئافرەتان بوونە قوربانی خاکی کوردستان کە بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد بەڕێزەوە تێیان دەڕوانێت و دواتر لە لایەن نەهەت حالی و فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئۆفیسی ئەوروپا خەڵاتی رێزلێنان پێشکەشی چەند ئافرەتێکی دڵسۆزی کورد کرا، کە ئەندامن لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە هۆڵەندا، ئەوانەی بەردەوامن لە کار و چالاکی لە پێناو بەدەستهێنانی مافی ئافرەتانی کورد و مافە رەواکانی گەلەکەمان، ئەم بەڕێزانە بریتی بوون لە روناک سەعید، سازان عەلی سەعید، پەیمان تەها، سکریە ئامێدی، لۆڕستان عەبدوللا زێباری، ئەشرەف سەنگەسەری، زاهیە محەمەد. ئەمە و یادەکە چەند کاتژمێڕێکی خایاندو بەو بۆنەیەشەوە نیوەڕۆخوانێک لە خواردنی دەستی ئافرەتان خۆیان رێکخرا بوو بۆ ئامادەبووان و سەرکەوتووانە کۆتایی بە مەراسیمە هات، هەمان ئێوارەی هەمان رۆژ نەزهەت حالی سەردانی بارەگای لیژنەی ناوچەی هۆڵەندای پارتیمانی کرد و لە لایەن عومەر زاویتەیی بەرپرس و کارگێڕان و ئەندامان پێشوازییەکی گەرمیان لێکردو لە دانیشتنێکی تێروتەسەلدا بەدوور و درێژی باسی رەوشی عێراق و ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی کرا و لە کۆتایدا بەڕێزیان هەوڵ و تێکۆشانی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندای بەرز نرخاند و دەستخۆشی لێکردن و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن