رۆمانییەكان چەند كارگەیەك لە لەهەرێمى كوردستان دادەمەزرێنن
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە یاكوب بارادا باڵیوزی رۆمانیا لە بەغداد، لەدیدارێكدا هەوڵ و بەرنامەكانی رۆمانیاو باڵیوزخانەی رۆمانیا بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێم بەتایبەت لەبواری سەرمایەگوزاری رۆمانی لە هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
باڵیۆزی رۆمانیا رایگەیاند بەجدی كار لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەرێم و رۆمانیا دەكەن و خوزایارن سود لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە هەرێم وەربگرن وتیشی: لەرووی پراكتیكەوە لەئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی هاوبەشی ناوخۆین بۆ ئەوەی بتوانن چەند كارگەیەك لەوانە كارگەی دروستكردنی تراكتۆری كشتوكاڵی و كارگەی پێستە و كارگەی قوماش دابمەزرێنن.وتیشی كە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆی هەرێم لەو بارەیەوە گفتوگۆكراوەو پرۆژەكە چووەتە پێشەوە.
پارێزگاری سلێمانی خۆشحاڵی بە جدیەت و هەنگاوەكانی رۆمانیا بۆ سەرمایەگوزاری لە هەرێم دەربڕی و سوپاسی هەوڵەكانی باڵیوزی رۆمانیای كرد لەو رووەوە.
لەبەشێكی تری كۆ بوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەبارەی سەردانی وەفدێكی پارێزگای سلێمانی بۆ رۆمانیا و ئیمزاكردنی رێكەوتنێكی لێكتێگەیشتن بەمەبەستی هاوكاری زیاتری هەردوو لا لەبواری ئابوری و كلتوریدا.لەو رووەوە بریار درا هەوڵ بدرێت مانگی داهاتوو ئەو سەردانە رێكبخرێت.
