سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێرگی ئەڵمانیا كرد
لەدیدارێكدا سەرەتا جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێرگی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی و بەرنامەی سەردانی شاندەكەی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و هەروەها ئاماژەشی بەوەدا كە سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی كوردستان هاندەرێكی باشە بۆ ئەوەی كۆمپانیا ئەڵمانییەكان ڕوو لە كوردستان بكەن و لەبواری جۆراوجۆردا وەبەرهێنان بكەن.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی میوانی كرد و هیواشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێرگی ئەڵمانیا و بەشەكانی دیكەی ئەو وڵاتەش بەرەو پێشەوە بچێت و هێماشی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لەبواری خوێندن و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار ئامادەیە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیا و ناوەندەكانی وڵاتی ئەڵمانیا بكات. پاشان ئەندامانی شاندەكە لەبارەی باری ئابووریی هەرێمی كوردستان چەند پرسیارێكیان ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كرد.
باسكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا تەوەرێكی دیكەی دیداری نێوان سەرۆك بارزانی و شاندەكەی هەرێمی بادن ڤۆرتێمبێرگی ئەڵمانیا بوو.
