وەزارەتی ئەوقاف: وەزارەتی دارایی دەیەوێ بەتۆمەتبارکردنی وەزارەتی ئەوقاف خۆی لەبەرپرسیاریەتی بدزێتەوە

وەزارەتی ئەوقاف: وەزارەتی دارایی دەیەوێ بەتۆمەتبارکردنی وەزارەتی ئەوقاف خۆی لەبەرپرسیاریەتی بدزێتەوە
23ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی لەرونکردنەوەیەکدا وەزارەتی ئەوقاف تۆمەتباردەکات بەوەی کە نوێنەریان نەناردووە بۆیە زیادکردنی 20% موچەی مامۆستایانی ئاینی تائێستە نەچۆتە واری جێبەجێکردنەوە، لە بەرامبەردا بەرێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەریوان نەقشبەندی بەkdp.infoراگەیاند: لە زیادکردنی موچەی مامۆستایانی ئاینیدا وەزارەتی دارایی دەیەوێت بە تۆمەتبارکردنی وەزارەتی ئەوقاف خۆی لەبەرپرسیاریەتی بدزێتەوە.

مەریوان نەقشبەندی گوتیشی: لە کاتێکدا ئێمە چاوەڕێ بووین وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێم بەدەنگ داواکاری وەزارەتی ئەوقافەوە بێت و ھەواڵی خەرجکردنی زیادەی موچەی مامۆستایانی ئاینی رابگەیەنێت، کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کردوە، کەچی بەداخەوە رونکردنەوەیەکی وەزارەتی دارایمان لە میدیاکانەوە پێگەشت کە تیایدا وەزارەتی ئەوقاف بەکەم تەرخەم لەم مەسەلەیەدا پیشان دەدات، بۆیە دەمەوێت بۆ مامۆستایانی ئاینی و رای گشتی کوردستان رون بکەمەوە کە وەزارەتی ئەوقاف 3جار نووسراوی رەسمی بەناو و ژمارەی ئەو مامۆستا ئاینیانەی کە بڕیاری زیادکردنی موچە شمولیان دەکات ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێم کردووە و وێنەشمان داوەتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.

نەقشبەندی ئاماژەی بەوەشکرد: شەخسی وەزیری ئەوقافیش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوای خەرجکردنی ئەو زیادەیەی کردووە، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی وەڵامی ئیجابی و خەرجکردنی ئەو زیادەیە تۆمەتی کەمتەرخەمی خستۆتە پاڵ وەزارەتی ئەوقاف، بۆیە ئێمە لە گەڵ رەتکردنەوەی ئەو بیانوەی وەزارەتی دارایی داوایان لێدەکەین دەستبەجێ بڕیارەکەی پەرلەمان جێبەجێ بکەن و زیادە موچەی مامۆستایانی ئاینی کە 20%ی موچەکەیانە خەرج بکەن.
Top