سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان كرد
لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی د. ئەحمەد ئەنوەری كرد وەك سەرۆكی دەستەی دەستپاكی و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكانی بۆ خواست. سەرۆك بارزانی لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بە هەستیاریی ئەركی دەستەی دەستپاكی كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و داوایشی كرد هیچ لایەنێك دەست لە كاروباری دەستەكە وەرنەدات و لە بەدواداچوون و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەلیدا هیچ جۆرە جیاكاری و چاوپۆشییەك بۆ هیچ كەس و لایەنێك نەكرێت لە هەر پۆست و پێگەیەكیشدا بێت.
سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی تەواوی خۆیشی ڕاگەیاند بۆ ئەرك و كاری دەستەی دەستپاكی و دووپاتیكردەوە كە دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكار و هەماهەنگ بن بۆ سەرخستنی ئەرك و كاری دەستەكە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە پێویستە بە زووترین كات سەرۆكێك بۆ دیوانی چاودێریی داراییش دابنرێت چونكە چالاككردنی ئەو دوو دەزگەیە دەبێتە هۆی ئەوەی دژایەتیكردنی گەندەڵی لە چوارچێوەیەكی دامەزراوەییدا بكرێت.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی هەرێم سوپاسی پاڵپشتیی سەرۆك بارزانیی كرد و باسی بایەخی ئەو دەزگەیەی كرد بۆ چارەسەركردنی گەندەڵی و ئاماژەشی بەوەدا كە چارەسەركردنی گەندەڵی تەنیا ڕووبەڕووبوونەوە نییە بەڵكو پێشگیری و بەرزكردنەوەی هۆشیاریی كۆمەڵایەتیشی پێویستە و هەروەها باسی ئەوەشی كرد كە نەهێشتنی گەندەڵی پڕۆسەیەكی نیشتیمانییە و پێویستی بە هەماهەنگیی هەموو لایەك هەیە. لەو دیدارەدا دەستخۆشی لە كارەكانی لیژنەی بەدواداچوونی چاكسازی كرایەوە و كار و بڕیارەكانی ئەو لیژنەیە وەك دەستپێكی ڕەوتی بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەرز نرخێندرا.
