نێچیرڤان بارزانی: ڕێبه‌رانی بارزان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، خاوه‌نی بیری به‌رگریكردن له هه‌ژاران و پشتبه‌ستن به دڵی خه‌ڵك بوونه، نه‌ك پشتبه‌ستن به ده‌ست و چه‌كی خه‌ڵك
خه‌ڵكی شۆڕشگێڕی ده‌ڤه‌ری بارزان، هه‌مووتان به خێر بێن..
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌و ده‌ڤه‌ره شۆڕشگێڕه‌م، بۆ كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی تری خزمه‌تگوزاری ئاماده ده‌بم، ئه‌وه مانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه بۆ ناوچه‌یه‌كی وه‌ك بارزان كه هه‌میشه له ژێر هێرش و كاوڵكاریدا بووه، ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه كه به پشتیوانيی خوا، كاروانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان وه‌ستانی بۆ نییه و هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.
به‌ڕێزان..
ئه‌مڕۆ لێره به‌ردى بناغه‌ى پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاو داده‌نێین كه خزمه‌تی 51 گوند له ناوچه‌ی بارزان ده‌كات، ئه‌م پڕۆژه‌یه بڕی 80 ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخان كراوه و ماوه‌ی ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه له لایه‌ن كۆمپانیای توركیARGE – ه‌وه دوو ساڵه، ئه‌وه‌ش گرنگه كه كۆمپانیاكه ئه‌ركی دوو ساڵى كارپێكردنی پڕۆژه‌كه‌شی له ئه‌ستۆدایه.
لێره‌وه وه‌كو سه‌رۆك وه‌زيران پڕ به دڵ سوپاسی كۆمپانياى جێبه‌جێكار ده‌كه‌م كه پێشتريش پرۆژه‌ى وايان له‌م ده‌ڤه‌ره ئه‌نجام داوه، سوپاسيان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو ئه‌و لايه‌نه پهيوهندارانه ده‌كه‌م كه زهحمهتيان كێشاوه بۆ ڕاپه‌ڕاندنى ئه‌م ئه‌ركه پييرۆزه. سوپاسى جه‌نابى وه‌زير ده‌كه‌م، سوپاسى ئه‌ندازيار كاك سهههنهد ده‌كه‌م، سوپاسى هه‌موو ئه‌و ئهندازيارانه ده‌كه‌م كه به ڕاستى شه‌و و ڕۆژ كاريان كردووه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌يه به شێوه‌يه‌كى ڕێك‌وپێك جێبه‌جێ بكرێت.
ئاو؛ ئاوه‌دانییه، هیوادارم ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش ئاوه‌دانییه‌كی زیاتر به‌و ناوچه شۆڕشگێڕه‌ی وڵاته‌كه‌مان ببه‌خشێت .
به‌ڕێزان ..
بارزان ناوێكی زۆر دیاره له مێژووی كورددا، هه‌روه‌ها ناوێكی زۆر ئاشنایه له لای هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان. سه‌د ساڵه بارزان وه‌ك ناو له لایه‌ن هه‌زاران دایك و باوكی كورده‌وه له منداڵه‌كانیان ده‌نرێت، وه‌ك خۆشه‌ویستییه‌ك بۆ بارزان . بارزان بۆ هه‌موو كوردستان زه‌حمه‌تی كێشاوه و قوربانی داوه و خه‌باتی كردووه. ڕۆژنامه‌نووس و لێكۆڵه‌ری فه‌ره‌نسی كریس كۆچێرا ده‌ڵێ: شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانی یه‌كه‌مین كه‌س بوو له ناو كورددا یه‌كه‌م به‌رنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردی نووسی. بارزان زۆر پێشه‌نگایه‌تی دیكه‌ی له مێژوودا به قوربانیدانێكی زۆره‌وه بۆ هه‌موو گه‌لی كورد تۆمار كردووه، به‌ڵام ئه‌و شۆڕشگێڕیه‌ی بارزان هه‌ر له خۆیه‌وه دروست نه‌بووه.
مێژووی بارزان له شۆڕشی ئهیلوول، یاخود له ڕاپه‌ڕینه‌كانی بارزان له ساڵه‌كانی 1943 و 1945-ه‌وه ده‌ست پێ ناكات ، به‌ڵكو ئه‌و مێژووه شۆڕشگێڕیه‌ی بارزان، له ژێرخانێكی زۆر قووڵ و پته‌وی فكرییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه. له ته‌ریقه‌ت و ته‌سوف هه‌ڵقوڵاوه، له هه‌وڵێكی زۆر جدییه‌وه هه‌ڵقولاوه بۆ كردنی ئایین به به‌رجه‌سته‌كاری ڕه‌فتاری پاك و خاوێن و بێگه‌رد، هه‌روه‌ها به به‌رجه‌سته‌كاری پاراستنی مرۆڤ و ژینگه و بڵاوكردنه‌وه‌ی هوشیاريی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رپاكردنی پرۆسه‌یه‌كی فراوانی چاكسازيی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورى له كوردستان.
ڕێبه‌رانی بارزان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، خاوه‌ن بیری یه‌كسانیخوازی و موڵكدارینهكردن و پاراستنی ژینگه و گیانه‌وه‌ر بوون. خاوه‌نی بیری به‌رگریكردن له هه‌ژاران و پشتبه‌ستن به دڵی خه‌ڵك بوونه، نه‌ك پشتبه‌ستن به ده‌ست و چه‌كی خه‌ڵك. ئه‌وه مێژوویه‌كی زۆر ڕیشه‌داری كۆنی هه‌بووه له‌گه‌ڵ گه‌وره و شێخه‌كانی بارزان.
بارزان یه‌كێكه له‌و شوێنانه‌ی به عه‌قل و دڵ بووه وه‌رگری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، بوو به په‌یڕه‌وكاری بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی، كه ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌ش له بنه‌ڕه‌تدا خاوه‌ن سیسته‌مێكی مێژوويى زۆر جوان و دروستكردنی عه‌داله‌ت و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زوڵم و داگیركاریيه.
ئێستاش ده‌بێ گه‌لی كورد به خوێندنه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی مێژوو، زیاتر له پێشوو گه‌یشتبێته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه مه‌ولانا خالید یه‌كێك بووه له گه‌وره منه‌وه‌ران و چاكسازه‌كان له مێژوودا كه ڕه‌نگه بتوانین بڵێین، هه‌ر پێنج شێخه‌كه‌ی بارزان له هه‌مووان زیاتر پایه‌ندی ته‌ریقه‌ت و ڕێنماییه‌كانی بوون. مێژووی بارزان له په‌یڕه‌وكردنی چاكسازيی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو داگیركه‌ران، نموونه‌یه‌كی زۆر دیاره له‌و باره‌وه.
جێگه‌ی شانازییه كه بارزان ژنبه‌ژنی، گه‌وره به بچووكی، ماره‌كردنی سه‌ر بێشكه، ڕێگرتن له دڵخوازیی كچان و كوڕان، درۆكردن، دزیكردن، ئه‌مانه هه‌مووى له‌م سنووره‌دا نه‌بووه، ئه‌مانه هه‌مووى جێى شانازيى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ن كه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا ده‌ژين. هه‌روه‌ها پاراستنی گیانله‌به‌ران، ڕێكخستنی وه‌رزه‌كانی ڕاوكردن، پاراستنی دارودره‌خت، یه‌كێكی دیكه بووه له سیماكانی كه هه‌ميشه جێى شانازيى بارزانييه‌كان بووه. هه‌روه‌ها له سه‌رووى هه‌موويانه‌وه پێكه‌وه‌ژیانێكی زۆر ئاشتیانه و پڕ له خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ئایینه‌كانی وه‌ك مه‌سیحی و جووله‌كه و ئێزدی، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی بارزان بووه.
بارزانییه‌كان به‌و بیروباوه‌ڕانه، به‌و ڕێنماییانه‌وه بوونه كه‌سانی ده‌ست و دڵ پاك و مێشك فراوان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش خه‌باتی بارزانییه‌كان بۆ هه‌موو كوردستان بووه و بۆ لابردنی هه‌موو جۆره زۆردارییه‌ك بووه. بۆیه‌ش یه‌ك پارچه‌ی كوردستان نییه، بارزانییه‌كان خه‌باتیان تێدا نه‌كردبێ، یه‌ك لایه‌نی ژیانیش نییه؛ بارزانییه‌كان خه‌باتیان بۆ نه‌كردبێ. بارزانییه‌كان سه‌ربازییان بۆ هیچ ڕژێمێك نه‌ده‌كرد، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی خۆیی كوردی بوون.
هه‌ر له‌و بیروباوه‌ڕه قووڵه سه‌رتاسه‌رییه بنچگرتووه لهمێژینهیهش بوو، مه‌لا مسته‌فاى بارزانی قه‌ت نه‌يهێشت شۆڕشی ئهیلوول شۆڕشێكی ناوچه‌یی بێت، به‌ڵكو كردى به شۆڕشێكی سه‌رتاسه‌ری له كوردستانی عێراق، هه‌روه‌ها كردى به شۆڕشی هه‌موو كورد و هه‌موو كوردستانیان. به‌و شێوه‌یه‌ش بووه فراوانترین و ماوه درێژترین شۆڕشی كوردستان.
به‌ڕێزان ..
شه‌هید شێخ عه‌بدولسه‌لامى بارزانی؛ جگه له‌وه‌ى شێخێكی زۆر زانا و به توانای ته‌ریقه‌ت بوو، له هه‌مان كاتدا سیاسه‌تی كوردی گه‌یانده ئاستێكی زۆر به‌رز، له ڕووی دروستكردنی په‌یوه‌ندی و دیاركردنی به‌رنامه‌یه‌كی نووسراو بۆ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد. شێخ عه‌بدولسه‌لام له ساڵی 1907 دا، دوای ئه‌وه‌ی گه‌شتێكی به ناوچه‌كانی كوردستاندا كرد تاوه‌كو مووسڵ. شێخ عه‌بدولسه‌لام سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی له‌سه‌ر چه‌ند داواكارییه‌ك كۆ كرده‌وه له دهۆك، داواكارییه‌كانی كوردی له یاداشتێكدا نووسین و بۆ ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌رز كرانه‌وه كه هه‌موویان داواكاريی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بوون و بریتیبوون له: كردنی زمانی كوردی به زمانی فه‌رمی و خوێندن له ناوچه كوردییه‌كاندا، دانانی قایمقام و فه‌رمانبه‌ری كوردی‌زان له ناوچه كوردییه‌كاندا، حوكمكردن به شه‌ریعه‌تی ئیسلام و دانانی ئه‌و قازیانهی له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی شافعین له ناوچه كوردییه‌كاندا، نه‌هێشتنی ئه‌و باجه زیادانه‌ی كه پێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تن، ته‌رخانكردنی باجی وه‌رگیراو بۆ باشكردنی رێگه‌وبانی ناوچه‌كان. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی عوسمانی ئه‌و داواكاریانه‌ی به داواكاريی جیابوونه‌وه و داواكردنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان زانى، له‌به‌رئه‌وه‌ش له ساڵی 1914 شێخ عه‌بدولسه‌لام له سێداره درا. به‌ڵام ڕێبازی شێخ عه‌بدولسه‌لام به‌رده‌وام بوو.
بارزان له ساڵی 1914ه‌وه تا ئێستا ڕۆڵێكی زۆر گرنگی گێڕاوه له مێژووی كوردستاندا. شێخ عه‌بدولسه‌لام ماوه‌یه‌كی زۆر له لایه‌ن چه‌ند دۆستێكی خۆی له سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی كورد و له لایه‌ن مار شه‌معوون، به‌و په‌ڕی ڕێزه‌وه پارێزراوه، ئینجاش كه‌وتووه‌ته شه‌ڕی به‌رگرییه‌وه و هه‌وڵی داوه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان په‌یوه‌ندی به به‌ریتانیا و ڕووسیاوه بكات، به‌ڵام له ئه‌نجامدا به شێوه‌یه‌كی دوور له نه‌ریتی دانوستاندنكردن گیرا و به داخه‌وه له موسڵ له‌سێداره درا.
هه‌روه‌ك چۆن شێخ عه‌بدولسه‌لام له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ده‌پارێزرا، دوای له‌سێداره‌دانی ئه‌و، شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان؛ پێنجه‌مین و دوایین شێخی ته‌ریقه‌ت له بارزان، تاوه‌كو ساڵی 1919 له ناوچه‌كانی گه‌ردییان به پارێزراوی مایه‌وه، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی‌دا. ته‌نیا ئه‌و دوو نموونه‌یه‌ش دوو هه‌ڵه‌ى له‌سه‌ر مێژووی بارزان ڕاست كرده‌وه.
یه‌كه‌ميان: بارزان به هێزی چه‌كدارى به‌هێز نه‌بووه، زۆربه‌ی جاران بارزان هێزی چه‌كداری هه‌ر نه‌بووه، ئه‌وه‌ی بارزانی به‌هێز كردووه، باوه‌ڕی قووڵ و خۆشه‌ویستيی خه‌ڵك بووه بۆ بارزان و شێخه‌كانی بارزان.
دووه‌م: بارزان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بۆ عه‌شیره‌تێك كاری نه‌كردووه، چونكه خودی بارزان له سه‌ره‌تای پێكهاتنی خۆیه‌وه له عه‌شیره‌تێك زیاتر و گه‌وره‌تر بووه، كه پێكهاتووه له عه‌شیره‌ته‌كانی: شێروانی، دۆله‌مه‌ری، مزووری، به‌ڕۆژی، نزاری، گه‌ردی، هه‌ركی بنهجى. بارزان هیچ كاتێك هێرشی نه‌كردووه‌ته سه‌ر ده‌وروبه‌ری خۆی، مه‌گه‌ر ڕژێمه‌كان، خه‌ڵكانێكیان هان دابێ بۆ هێرشكردن بۆ سه‌ر بارزان و بارزانییه‌كان و ئه‌وانیش به‌رگرییان له خۆیان كردبێت ، كه زۆر جار زۆر كه‌س له كه‌سانی ئه‌و عه‌شیره‌ته هێرشكارانه له ناو پێشمه‌رگه‌كانی بارزانيدا بوونه. دوای ئه‌وه‌ش هه‌میشه ڕێبه‌رانی بارزان هه‌وڵیان داوه، یه‌كێتيی نێوان هه‌موو عه‌شیره‌ته‌كان دروست بكه‌ن. سوپاس بۆ خوا، هه‌ر له سه‌رده‌می بارزانيی نه‌مره‌وه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ درا به ته‌واوی كۆتایی به ناكۆكى بهێنرێت كه به ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراقی دروست ده‌كرا .
شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان، نموونه‌یه‌كی دیكه‌يه له مقاوه‌مه و سه‌رشۆڕنه‌كردن بۆ دوژمنان، شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان، 12 ساڵ زنجیری له پێدا بوو له زیندانی حوكمی مهلهكیدا له عێراق، له‌و ماوه‌یه چه‌ند جارێك داوای لێ كرا كه داوای لێبووردن له مه‌لیك بكات، به‌ڵام هه‌میشه به‌و شێوه‌یه وه‌ڵامی ددهداوه: من ته‌نیا داوای لێبوردن له خوا ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی كردوومه بۆ گه‌له‌كه‌م و بۆ عه‌داله‌ت بووه، بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ك داوای لێبوردن ناكه‌م.
بارزان وه‌ك گوند چه‌ند جارێك له سه‌رده‌می جیاجیادا سووتێنراوه و وێران كراوه، به‌ڵام وه‌ك بیروباوه‌ڕ و تهعالیمهكانی قه‌ت و قه‌ت وێران نه‌بووه. بارزانییه‌كان له سه‌رده‌می جیاجیادا ئاواره بوون و ئاواره كراون، تووشی په‌تای گه‌وره بوونه له ئاواره‌ییدا و زۆریان شه‌هید بوون، به‌ڵام هه‌ر ماون و به‌هێز بوون، چونكه خاوه‌ن باوه‌ڕێكی به‌هێز بوون. چه‌ندین كه‌س له بنه‌ماڵه‌ی شێخانی بارزان بێسه‌روشوێن كران، به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك ئه‌نفال كران، هه‌روه‌ها ئه‌نفالی 1983 كه 8000 بارزانی پێكه‌وه ئه‌نفال كران، له ئۆردوگای زێوه ماڵ و منداڵی بارزانیيهكان پێكه‌وه بوونه ئامانجی فڕۆكه‌كانی ڕژێمی سه‌دام، به‌ڵام وه‌ك نموونه‌یه‌ك و به‌شێك له خۆڕاگريی كورد، به‌هێزتر بوون.
زۆر به‌داخه‌وه ماكینه‌یه‌كی دیعایی دوژمنكارانه، زۆر به سووكی و به سیستماتیك زیاتر له یه‌ك سه‌ده‌یه له دژی بارزانییه‌كان كار ده‌كات له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش، به‌ڵام هه‌ميشه بارزانی، هه‌ميشه بارزان جێى شانازى بووه، جێى ڕێز بووه، ته‌نانه‌ت له ئاواره‌ییشدا. بارزانییه‌كان قه‌ت به ته‌نگه‌وه‌هاتنی خه‌ڵكی سلێمانی له ساڵانی چله‌كاندا، هه‌روه‌ها به ته‌نگه‌وه‌هاتنی خه‌ڵكی كوردستانی ئێران له ساڵانی دهیهكان و چله‌كان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له بیر ناكه‌ن، هه‌روه‌هاش به ته‌نگه‌وه‌هاتنی خه‌ڵكی كوردستانی توركیا له ساڵانی دهیهكان و سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له بير ناكرێت.
به‌ڕێزان..
دوای ئه‌و چاوخشاندنه‌وه‌یه به ڕابردووی بارزاندا، وه‌ك بیروباوه‌ڕ و شۆڕشگێڕی، تێده‌گه‌ین كه مێژووی شۆڕشگێڕیی بارزان ته‌نها له هه‌ڵچوونێكی ناوچه‌یی، یاخود له ڕاپه‌ڕینێكی چه‌كدارییه‌وه دروست نه‌بووه، به‌ڵكو شۆڕشگێڕییهكی به بیروباوه‌ڕ بووه. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بووه، حكوومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی ناوچه‌كه، هه‌ر له عوسمانییه‌كانه‌وه بگره تاوه‌كو به‌ریتانییه‌كان و حوكمی مه‌له‌كی و تاوه‌كو ڕژێمی به‌عس؛ ویستوویانه بارزان داگیر بكه‌ن و وێران بكه‌ن؛ بۆ له‌ناوبردنی سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كيی شۆڕش له كوردستاندا.
ئه‌مڕۆ خۆشبه‌ختانه كه ناوچه‌كه به ئاوه‌دانی ده‌بینین، هه‌موو كورد پێی دڵخۆشه، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین وه‌ك هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئه‌نفالكراو، ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بێت، ئاوه‌دانی بكه‌ینه‌وه و باری ده‌روونيی برینداربووی ئه‌و خه‌ڵكه سارێژ بكه‌ین، به ئاوه‌دانی زیاتر، به خه‌باتى زياتر، به خۆڕاگريى زياتر ده‌توانين ئه‌و برينه ساڕ‌ێژ بكه‌ينه‌وه و ئاسوودهييش بده‌ين به‌و شههيدانهى كه له‌م پێناوه‌دا خه‌باتيان كرد، ماندوو بوون و شه‌هيد كران، ئه‌نفال كران، ده‌ربه‌ده‌ر كران، ده‌توانين به‌و شێوه‌يه سه‌بووريى هه‌موو لايهكيان بده‌ينه‌وه.
ئیتر جارێكى تر زۆر به‌خێرهاتنى هه‌موو لايه‌كتان ده‌كه‌م، هيوادارم شاهيدى ئه‌وه بين كه كوردستان هه‌ميشه و له‌وه‌ش زياتر ئاوه‌دان ببێت و ئێوه‌ش دواى ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه؛ هه‌موو لايه‌ك به خۆشى و به شادى بژين. هه‌مووتان زۆر به خێر بێن، زۆر سوپاس.
