سكرتێری لیژنەی پێداچوونەوەی پرۆژەی دەستوور: نەك حزبە سیاسییەكان بەڵكو سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش ئەو مافەی نییە داوا بكات دەستوور بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان
دادوەر عەبدولكەریم ئەبوبەكر هەمەوەند،سكرتێری لیژنەی پێداچوونەوەی پرۆژەی دەستووری لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا رایگەیاند: گێڕانەوەی پرۆژەی دەستوورەكە بۆ خودی پەرلەمان، دوای دەربازبوونی لە پەرلەمانەوەو ناردنی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم، بەمەبەستی خستنە بەردەم گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەریدا، پێچەوانەی یاساو لۆجیكە، چونكە ئێستا سەرۆكی هەرێمیش بۆی نییە رەتی بكاتەوەو رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە. پرۆژەكە قۆناغی پەرلەمانی بڕیوەو گەیشتووەتە قۆناغی ریفراندۆم و مافی گەلی كوردستانە دەنگی لەسەر بدات بە (بەڵێ) یان (نا).
هەمەوەند راشی گەیاند: خۆ ئەگەر پرۆژەكە بگێڕدرێتەوە پەرلەمانی كوردستان بێ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت واتە مافی ریفراندۆممان لە گەلی كوردستان زەوتكرد.
سكرتێری لیژنەی پێداچوونەوەی پرۆژەی دەستوور گوتیشی: ئەرێ دوای ئەو هەموو رێكارە دەستووری و یاساییانەی گیراونەتەبەر و ئەو هەموو ساڵ و مانگەی كە پرۆژەی دەستووری تێدا ئامادەكرا، بۆم نییە پرسیار بكەم لەوانەی كە دەڵێن پەلە لە دانانی پرۆژەی دەستوورەكە كراوە: ئایا، كاركردن بۆ ماوەی پتر لە شەش ساڵ بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی ئەم دەستوورە، پەلەكردنی پێ دەڵێن؟ دەگمەنە لە مێژووی هاوچەرخدا دەستوورێك هێندە بە هەناسەفراوانی و لەسەر خۆ و شەفاف و دیموكراسییانە نووسرابێتەوە.
ئەمە بەشێك بوو لە دیمانەیەكی درێژ لەگەڵ دادوەر عەبدولكەریم ئەبوبەكر هەمەوەند، تەواوی دیمانەكە لە ژمارە 929 ی گۆڤاری گوڵان كە ئەمڕۆ بڵاو بووەتەوە، بخوێننەوە.
