بەئامادەبونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان مەراسیمێك لەژێر ناونیشانی بەشێك لەخەبات و قوربانیدانی كورد لەوێنە و بەڵگەدا به‌ڕێوه‌چوو

بەئامادەبونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان مەراسیمێك لەژێر ناونیشانی بەشێك لەخەبات و قوربانیدانی كورد لەوێنە و بەڵگەدا به‌ڕێوه‌چوو
16ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- ئەمرۆ پێنچ شەممه بەئامادەبونی دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ژمارەیەك لەبەرپرسانی حكوومی و حزبی و كەسایەتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی مەراسیمێكی شایستە لەژێر ناونیشانی بەشێك لەخەبات و قوربانیدانی كورد لەوێنە و بەڵگەدا لەلایەن سەنتەری بارزان بۆ رۆشنبیری و پێگەیاندنی لاوان بە هاوكاری سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەدین لەهۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بەرێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەكە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و دواتر وتارێك لەلایەن دكتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەین پێشكەشكرا و تیشكی خستە سەر ئامانجی كردنەوەی ئەو مەراسیمە و هەوڵدان بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە و دۆكیۆمینتە مێژووییەكانی گەلی كورد و بیرهێنانەوەی ئەو تاوانانەی كە لەمێژوودا دەرهەق بەگەلەكەمان كراوە،
پاشان دكتۆر حەسەن محەمەد سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد و دەستخۆشیی لەرێكخەرانی ئەو مەراسیمە كرد كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی بیرەوەری هەڵبژاردنی یەكەمین پەرلەمانی كوردستان كە لەو رۆژە مێژووییەدا هاووڵاتیانی كوردستان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەئیرادەی خۆیان بەشداربوون لەبنیادنانی پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكان و وەڵامێكی سەردەمیانە بوو بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو رژێمەی بە ئاگر و ئاسن مامەڵەی لەگەڵ مافەكانی ئەو گەلە دەكرد و هیوای خواست كار بكرێ بۆ ئەوەی هەموو لا هەمان ئەو روحیەتەی هەڵبژاردن و رۆژانی مقاوەمەت و بەرخودان كە گەلی كوردستان خەباتی بۆ دەكرد نەوەی نەوێ گۆش بكرێن و دوێنێی بەرخودان و تێكۆشان بە ئەمرۆی دەسكەوتەكان و پاراستنی شەرعیەت و چەسپاندنی دیموكراسی گرێ بدەن بۆ ئەوەی سبەی پەیامی ئەو گەلە كۆڵنەدەرە لەوەدی هێنانی ئامانجە رەواكانی بێتە دی كە دەریایەك خوێنی لەپێناو دا بەخشیوە،هەروەها رایگەیاند ئێستا بیر لەدانانی یاسای دامەزراندنی دوو دەزگای سەربەخۆ كراوەتەوە بۆ ناساندنی جینۆساید و پاراستنی ئەرشیفی گەلی كوردستان كە هاوڵاتیانی كوردستان دەتوانن پشتیوانی ئەو دوو دامەزراوە بكەن و بەڵگەنامە و داتای ورد لەبەردەست بێت بۆ ئەوەی لەدادگا نێودەوڵەتیەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتوەكانیش كار بۆ خستنە رووی پرسی جینۆسایدی گەلی كوردستان بكرێ و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی قوربانیان بكرێ و مرۆڤایەتی جارێكی تر تاوانی لەو جۆرە نەبینێتەوە پاشان چەند گۆرانی و پارچە مۆسیقا و هۆزان پێشكەشكران و دواتر پیشانگای بەشێك لەخەبات و قوربانیدانی كورد لەوێنە و بەڵگەدا كرایەوە كە دەیان وێنە و بەڵگەی سەلمێنەری تاوانەكانی دەرهەق بەگەلی كورد یان لەخۆگرتبوو

ئەمەش دەقی وتاری دكتۆر حەسەن محەمەد سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشك و برایانی خۆشەیست
ئامادەبوانی بەرێز
جێی خۆیەتی دەستخۆشی لەسەنتەری رۆشنبیری بارزان بكەین كە بە هاوكاری لەگەڵ زانكۆی سەلاحەدین ئەو مەراسیمەیان لەژێر ناونیشانی بەشێك لەخەبات و قوربانیدانی كورد لەوێنە و بەڵگەدا رێكخستوە،
هەرووەها بەپێویستی دەزانین لەم رۆژەدا كە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی بیرەوەری هەڵبژاردنە سەرتاسەریە بێ وێنەكەی جەماوەری خەڵكی كوردستان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی تەواوی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكەین بەتایبەت ئەوانەی كە لەو رۆژە مێژووییەدا كە تازە لەژێر چەپۆكی جەور و ستەمی رژێمی بەعس رزگارمان بوو هەر هەموو بەژن و پیاوو پیر و جەوانەوە جوانترین تابلۆی نیشتمانپەروەری و بەرخودان و بەرەنگاربوونەوەیان تۆمار كرد و ئەو رۆژە روویان لەسندوقەكانی دەنگدان كرد و بۆ یەكەمین جار ئازادانە دەنگی خۆیان بە نوێنەری گەلە ستەمدیدەكەیان بەخشی و لەبنیادنانی پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوە شەرعی و دیموكراسیەكانیدا بەشدار بوون،
ئەمرۆش كە ئێوەی نەوەی نوێ ئەو مەراسیمە بۆ بیرهێنانەوەی بەشێك لەخەبات و قوربانیدانی كورد لەوێنە و بەڵگەدا دەخەنە روو، لەجێی خۆیدایە بەهەموو لا كار بكەین بۆ ئەوەی بە هەمان ئەو رووحیەتەی گەلەكەمان كە خەباتی بێ وچانی لەپێناو مان و نەمان و داكۆكیكردن لەمافە رەواكانی گەلی كوردستان و وەدی هێنانی ئەمرۆی سەربەستی و سەرفرازی دەكرد، نەوەی نوێ گۆش بكرێن و دوێنێی بەرخودان و تێكۆشان، بە ئەمرۆی دەسكەوت و پاراستنی شەرعیەت و چەسپاندنی دیموكراسی گرێ بدەن بۆ ئەوەی سبەی پەیامی ئەو گەلە كۆڵنەدەرە لەوەدی هێنانی ئەو ئامانجانەی كە دەریایەك خوێنی لەپێناو دا بەخشیوە، لەئاست قوربانیدان و فرمێسكی دایك و رۆڵە و كەسوكاری شەهیدان بن و ئاڵای پیرۆزی كوردستان هەردەم بەشەكاوەیی رابگرن،
بەرێزان
پرسی بە دۆكیۆمینتكردنی خەبات و قوربانیدانی گەلەكەمان پرسێكی نەتەوەیی گرنگە و پێویستی بە بەردەوام كاركردن و كۆكردنەوەی بەڵگەكان هەیە، چونكە دوژمنان بەدرێژایی بوونی ئەو گەلە كە بەیەكێك لەكۆنترین گەلانی ناوچەكە و جیهان دێتە ژماردن هەمیشە هەرەشەی لەناوبردن و جینۆساید و توانەوە لەناو نەتەوەی تری لێكراوە، بۆیە دڵنیاین هێشتا بەملیۆنەها بەڵگەی زیندوو لەسەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بەگەلی كوردستان كراوە تۆمار نەكراوە یاخود دوژمنان لەپێناو پەردە پۆشكردنی تاوانەكانیان فەوتاندویانە، هەربۆیە ئەو كارەتان مایەی رێز و دەستخۆشیە و دەخوازین هەر تاكێكی ئەم كۆمەڵە، هەر یەك لەشوێنی خۆی هاوكار و پشتیوان بێ بۆ كۆكردنەوەی هەموو ئەو بەڵگە و دۆكیۆمینتانە، ئێستاش بیر لە دانانی یاسای دامەزراندنی دوو دەزگای سەربەخۆ كراوەتەوە، یەكێكیان بۆ ناساندنی جینۆساید و ئەوی دیكەیان دەزگایەكی تایبەت بە ئەرشیفی گەلی كوردستان كە كاریان بۆ كراوەو بریارە پرۆژە یاساكەیان رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەمەش دەتوانرێ هاووڵاتیانی كوردستان پشتیوانی بەهێزی ئەو دامەزراوە بن چونكە یەك لەكارەكانی بەئەرشیفكردن و دۆكیۆمینتكردنی سەرجەم بەڵگەنامە و وێنە و داتا و زانیاریەكانە و پشتیوانێكی بەهێزمان دەبێت بۆ ئەوەی لەدادگا نێودەوڵەتیەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەكگرتوەكانیش كار بۆ خستنە رووی پرسی جینۆسایدی گەلی كوردستان بكەین و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی قوربانیەكانمان دەست كەوێ و جارێكی تر مرۆڤایەتی ئەو جۆرە تاوانانە لەمێژووی خۆی دا نەبینێتەوە.
دووبارە دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هەر سەركەوتوو سەرفراز بن.
Top