سەرۆكی كوردستان لە ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم: ئەو فێرمان دەكات لەپێناو ئازادی و سەربەستیدا چۆنچۆنی بژین
لە یادی 39 ساڵەی شەهیدبوونی لەیلا قاسمدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو ئافرەتە قارەمانە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دەنێرین. شەهید لەیلا قاسم سیمبولی گیانفیدایی و بڕوابەخۆبوون و نیشتیمانپەروەریی ئافرەتی كوردە، بۆ بەرگریكردن لە بیروبڕوای نەتەوەیی و دیموكراسی.
لەیلا قاسم بێبەزەییانە شەهید كرا، بەڵام گیانبەخشینی ئەو هەڵگری پەیامی سەربەرزی و خۆبەدەستەوەنەدان بوو لەبەرانبەر دوژمنی دڵڕەق و نكۆڵیكاردا. لەیلا ئەوەندە بەرزە كە لەكاتی لەسێدارەداندا، سەری جەللادەكان لەبنی پێی ئەودا بوو.
شەهیدبوونی ئەو وانەیەكە بۆ تاك تاكی ئێمە بە ژن و پیاو و گەنج و پیری كوردستانییەوە، بۆ هەموو شار و دێ و بەشێكی كوردستان. لەیلا قاسم جێگەی شانازیی هەموو كوردێكی دڵسۆزەو تاهەتایە دەبێ یادی بكەینەوە، چونكە ئەو فێرمان دەكات لەپێناو ئازادی و سەربەستیدا چۆنچۆنی بژین.
