یاساناسێک: ناکرێت ئۆپۆزسیۆن کەمینەیە خۆی بکاتە نوێنەری ھەموو خەلکی کوردستان

یاساناسێک: ناکرێت ئۆپۆزسیۆن کەمینەیە خۆی بکاتە نوێنەری ھەموو خەلکی کوردستان
12ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- یاسا ناسێک دەڵێت: پێویستە دەستور بخرێتە راپرسی و جەخت لەوەش دەکاتەوە، کە ناکرێت ئۆپۆزسیۆن کەمینەیە خۆی بکاتە نوێنەری زۆرینەی خەڵکی کوردستان و داوای گەڕانەوەی دەستور بۆ ناو پەرلەمان بکات.

یاساناس عەبدولرەحمان زێباری بەkdp.info راگەیاند: لە ساڵی 2009پەرلەمانی کوردستان دەستوری بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کردووە و ھەموو ئەو لایەنانەی ئێستە داوای گەڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان دەکەن، ئەوکات دەنگیان پێداوە، بۆیە ئێستە ناکرێت کەمینە خۆی بکاتە نوێنەری زۆرینەی خەڵکی کوردستان و رێگری بکەن دەستور بخرێتە راپرسی، چونکە خەلک ئازادە لەوەی ئەو دەستورە پەسەندبکات یاخود رەتی بکاتەوە.

ئەو یاساناسە سەرسورمانی خۆشی لە لێدوانێکی عادل موراد پێشاندا کە دەڵێت ناکرێت لێرە سیستەمێک بێت و لە بەغداش سیستەمێک بێت و رایگەیاند: بەپێی سیستەمی فیدرالی مەرج نیە دەستوری ھەرێمێک وەک ھەرێمێکی دیکە بێت، یاخود وەک بەغدا بێت و نەک تەنیا دەستور ھەموو یاساکانی دیکە، تەنیا یاساکانی ستاندارتی نێودەوڵەتی نەبێت، بۆ نمونە یاسای ھاتوچۆ لە عێراق وەک ھەموو وڵاتانە و پەرلەمانی کوردستانیش وەک ئەوان پەسەندی کردووە.

زێباری ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ راپرسی گەڕانەوەی دەستور بۆ ناو پەرلەمانی کوردستان نایاساییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پێش پەسەندکردنی دەستور گفتوگۆیەکی زۆر لە سەر کراوە و خەڵک لە دەرەوە سمیناری لە سەر سازکردووە و تێبینی خۆی لە سەر تۆمار کردووە و تەنیا من 32تێبینیم ئەوکات پێشکەشی لیژنەی یاسایی کرد و سودیان لێبینی و ئەوکات ئەوانەی ئێستە داوادەکەن دەستور بگەڕێتەوە، داوایان دەکرد پێویستە سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان سەرۆکایەتی بێت، نەک پەرلەمانی بەڵام ئێستە دەڵێن نا پێویستە پەرلەمانی بێت، بۆیە پێویستە بخرێتە راپرسی، چونکە ناکرێت تا کۆتایی دونیا ئێمە ھەر خەریکی گفتوگۆبین لە سەر دەستور.

یاساناس عەبدولرەحمان زێباری داوای لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد، بە زوترین کات نووسراوێک ئاراستەی کۆمسیۆن بکات، بۆ ئەوەی راپرسی لە بارەی دەستور بکرێت و ئەو مافە بە گەڵ بدات پەسەندی بکەن یاخود رەتی بکەنەوە، گوتیشی: دیارە ئەو لایەنانە دەترسن پەسەند بکرێت و متمانەیان بە خۆیان نییە، بۆیە سورن لە سەر ئەوەی پێش راپرسی پێویستە بگەڕێتەوە پەرلەمان و ھەموار بکرێتەوە، کە ئەمەش نایاساییە.

بەرای ئەو یاساناسە ئەو لایەنانەی داوای گەڕانەوەی دەستور بۆ ناو پەرلەمان دەکەن بۆ مەرامی سیاسی و تایبەتی خۆیانە، گەرنا بۆ باس لە خاڵە ئەرێنییەکانی ئەو دەستورە ناکەن، کە گرنگترین خاڵی سنوری ھەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت، کە ئەمە گەورەترین کێشەی مێژوویی ئێمەیە لە گەڵ بەغدایە و چارەسەری دەکات. بۆیە ئەگەر سنوری ئێمە دیاری بکرێت کێشە نییە سیستەمەکە چۆن دەبێت.
Top