ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی: سیاسەتی سەدەی 21ـی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سوودی كوردانە

 ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی: سیاسەتی سەدەی 21ـی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سوودی كوردانە
9ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- ڕۆژنامەی ئێندیپێندێنتی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكیدا دۆخی كوردانی لە سەدەی 20 و 21ـدا بەراورد كردووە و سەدەی بیستەمی بە سەدەی غەدر و زوڵمكردن لە كوردان ناو بردووە، بەڵام سەدەی بیست و یەكەمی بە سەدەیەك داناوە كە لە بەرژەوەندیی كورددا كار دەكات.

ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوە داوە كە دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، كورد بە شێوەیەكی ناڕەوا بەسەر چوار وڵاتدا دابەش كران و كرانە كەمەنەتەوایەتی لە هەر چوار وڵاتدا، بەڵام جوگرافیای سیاسیی سەدەی بیست و یەكەم دۆستانەتر مامەڵە لەگەڵ كوردەكاندا دەكات.

لەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت كە بەشێكی زۆری پەیوەستە بە چارەكردنی پرسی كورد لە باكوور، ئاماژە بە هەرێمی كوردستان دەدات و دەڵێت \"ئێستا نەك تەنیا كوردی باكوور خەریكە بە مافەكانی دەگات، بەڵكوو كوردی عێراقیش ئێستا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆبوونیان بە قەناعەت دەگەیەنن.

ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت ئەم سەردەمەی بە سەردەمی هەڵسانەوەی كورد ناودێر كردووە و لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئێستا تەقینەوەیەكی ئابووریی زۆر گەورە لە هەرێم ڕووی داوە و جێگەی سەرنجی زۆربەی كۆمپانیا گەورەكانی جیهانە.
لە بەشێكی ڕاپۆرتەكەدا باسی كوردانی ڕۆژئاوایش كراوە كە 10%ـی دانیشتووانی سووریا پێك دێنن و توانیویانە كۆنتڕۆڵی ناوچە و گوندەكانی خۆیان بكەن و ئۆتۆنۆمی یان خۆڕێوەبەڕییەك چاوەڕێیانە.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، سەركردە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئێستا لە هەموو كاتێك بەهێزترن و بە ئاوازێك دەخوێنن كە لە داهاتوودا بە نەتەوەی دووەم لە عێراقدا ڕازی نەبن.

ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت (سەربەخۆ) ڕۆژنامەیەكی سیاسیی بەریتانییە و ناوبەناو ڕاپۆرت دەربارەی كورد بڵاو دەكاتەوە."
Top