له 6 مانگدا 7 كۆمپانیای دهرمان داخراون
دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر نیهاد لەتیف قۆجە ڕایگەیاند كە لە شەش مانگی ڕابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی بەدواداچوونی دەرمانی خراپ لە هەولێر، توانیویانە لەنێو شاردا شەش كەس دەستگیر بكەن كە دەرمانی خراپیان فرۆشتوە. نیهاد قۆجە ڕوونی كردەوە كە دوو لە دەستگیركراوەكان دراونەتە دادگا.
بە گوتەی نیهاد قۆجە لەو شەش مانگەدا چوار دەرمانخانە داخراون. هەروەها دەست بەسەر دەرمانی چوار دەرمانخانەی دیكەیشدا گیراوە. ئەمە جگە لەوەی 12 كۆگای دەرمانیش داخراون و دەست بەسەر دەرمانەكانی كۆگایەكدا گیراوە.
نیهاد قۆجە ئاماژەی بە داخرانی حەوت كۆمپانیای دەرمانیش دا كە دەست بەسەر دەرمانەكانی یەكێكیاندا گیراوە و تابلۆی یەكێكیشیان هێنراوەتە خوارەوە.
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاشكرایشی كرد كە سێ قاچاخچیی دەرمان دەستگیر كراون و دراونەتە دادگا و یەك كۆمەڵگەی پزیشكییش بە هۆی سەرپێچكردنەوە داخراوە.
