نێچیرڤان بارزانی: ههموو كێشهكان لهگهڵ بهغدا به شهو و ڕۆژێك چارهسهر نابن
سەرۆكی حكوومەت نیشانی دا ئەمە سەرەتایەكە و پێشبینی ناكرێت بەشەو و ڕۆژێك هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام دەستپێكێكی باشە و دووپاتیشی كردەوە پرەنسیپی گفتوگۆ بە هیچ شێوەیەكەوە لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە ڕەت نەكراوەتەوە و ڕەت ناكرێتەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ئەم پرەنسیپەیە. هاوكات سەرۆكی حكوومەت ڕۆڵی هەموو هێزە سیاسییەكانی گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند و نیشانی دا تەنها گهرهنتى ئێمە هەمانبێت وەكو میللەت ئەم یەك هەڵوێستییەیە بەبێ ئەوە زۆر زەحمەتە لە بەغدا سەركەوتوو بین.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە سەرۆكی كوردستان یەكەمین كەس بوو كە هەستی بە مەترسیداریی بارودۆخی عێراقی كرد و ساڵێك لەمەوبەر ئەوەی خستەڕوو و زۆر جار مەسەلەكە وا لێك دەدرایەوە گرفتێكی شەخسی لە نێوان سەرۆك بارزانی و مالیكیدا هەیە كە وا دەرنەچوو. ئەوەشی ڕەت كردەوە مالیكی دوای پەرەسەندنی پشێوی لە ناوچە سوننەنشینەكان پەنای بۆ كورد هێنابێت و دووپاتی كردەوە مێژووی عێراق بەڵگەیەكی بەهێزە بۆ شكستخواردنی پرەنسیپی بەهێز و لاواز چونكە بەم شێوەیە هەمیشە گرفت و كێشەكان بەردەوام بوونە و زيانهكان زیاتر بوونە.
ئەمەش دەقی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیە
ئێوارەتان باش و هەموو لایەكتان بە خێر بێن،
لە چوارچێوەی بڕیاری كۆبوونەوەی هەموو هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كە پێشی چەند ڕۆژێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر درا، ئێمە بە شاندێك چووینە بەغدا، لە چوارچێوەی ئەو بڕیارە سیاسییە شاندەكەمان كە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران مالیكی و هاوپەیمانیی نیشتیمانی و هێزە سیاسییەكانی دیكە، هەروەها جەنابی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و لیستی ئهلعراقیە و ڕەوتی سەدڕ و د.ئەحمەد چەلەبی و د.عادل عەبدولمەهدی وەك ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە بەغدا گفتوگۆمان كرد .
بەر لە هەموو شتێك دەمەوێ ئەوە دووپات بكەمەوە چوونی ئێمە بۆ بەغدا لە دژی هیچ پێكهاتەیەكی عێراقی نییە و لەسەر حیسابی هیچ لایەكیش نییە دژی لایەنەكەی دیكە، ئێمە پابەندی ئەو پرەنسیپەین كە لەگەڵ هیچ لایەنێك دژی ئەوی دیكە ڕێك ناكەوین، بەڵام هەمیشە پابەندین بە پرەنسیپی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و هیچ كاتێك ڕەتمان نەكردۆتەوە و ڕەتیشی ناكەینەوە، بەڵكو پێویست دەكات هەمیشە بەم شێوەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكە گرفتەكانمان چارەسەر بكەین، لەسەر ئەم بنەمایەش دانوستاندنی زۆر جیددیمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران مالیكی و ئەو تیمەی ئەو داینابوو، كرد. بنەمای گفتوگۆی ئێمە لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەكییە كە (هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانه) ئەو سێ پرەنسیپەش نەك تەنها لە نێوان كورد وبەغدادایە، بەڵكو سێ بنەمای سەرەكین كە عێراقی نوێمان لەسەر بونیاد ناوە و ئێمە پێیانەوە پابەندین، پێمانوایە ئەگەر ڕەچاوی ئەم سێ پرەنسیپە نەكرێت بێگومان پارسەنگەكە لەنگ دەبێت و دەبێتە هۆكاری گرفت لەم وڵاتەدا.
ئێمە توانیمان لەم سەفەرە لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران مالیكی چوارچێوەیەك دابنێین بۆ ئەوەی بيكەینە بنەمایەك بۆ دانوستانی دوایی خۆمان لە بەغدا بۆ هەموو ئەو پرسانەی كە پێویست بەوە دەكات بۆ هەموو ئەو بوارانە لیژنە دابنێین تا دەست بە كاری خۆیان بكەن. ئەم پرەنسیپانە لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بەندەیە ئیمزا كراوە، ئێمە وردە وردە ئەم چوارچێوەیە دەكەینە بنەمای دانوستانی ئایندەمان لە بەغدا، پاشان ئێمە 7 خاڵمان وەكو بنەمایەك داناوە بۆ دەستپێكردنی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ عێراقدا:
یەكەمیان: ئێمە لەسەر ئەوە ڕێككەوتووین هەردوولا پرۆژەیاسایەكی تایبەت ئامادە بكەن تا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەرلەمانی بنێرێت بۆ قەرەبۆكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و شوێنەكانی دیكەی كوردستان، هەروەها ئەوەی خۆشیان كە زیادیان كردووە، وەك لە كەسوكاری قوربانیانی ڕاپەڕینی شەعبانی و گۆڕە بەكۆمەڵەكان،ئەمەش داواكاریی چەندین جاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە بەوەی پێویستە حكوومەتی عێراق ڕۆڵی یاسایی خۆی بە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە ببینێت، ئێمە وەكو پرەنسیپ لەسەر ئەوە لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتووین ئەمە جگە لە قەرەبۆكردنەوەی ئەو ئاوارانەی لە ئێران و توركیا و شوێنەكانی دیكە ئاوارە كراون.
دووەم: ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەی ئەمنی، ئەوەی من دەمەوێ باسی بكەم كە مەبەست لە لیژنەی ئەمنی چییە؟ ئێمە لەم سەردانەی خۆماندا بۆ بەغدا هەستمان كرد زۆر جار هەواڵی هەڵە بە بەغدا دەگەیەنرێ، بۆیە بە پێویستمان زانی لیژنەیەكی بەردەواممان لەمبارەیەوە هەبێت، چونكە ئەمنییەتی عێراق ئەمنییەتی ئێمەیە و ئێمەش ئەوەمان سەلماندووە كاتێك لە ڕووی ئاسایشەوە حكوومەتی عێراق گرفتێكی هەبووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی ئاسایش لە بەغدا و شوێنەكانی دیكەی پێشمەرگەی ناردووە. ئێمە پێمان وایە بۆ ڕێگەگرتن لەو هەموو زانیارییە هەڵانەی دەدرێن پێویستیمان بە سەنتەرێكی هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕووی ئەمنییەوە كاری خۆمان پێكەوە بكەین.
سێیەم: لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیارمان داوە لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانهوه لیژنەیەكی هاوبەش و میكانیزمێكی هاوبەش لە لایەن هەردووكمانەوە دەناسرێت كە جاران ئەمەریكییاییەكان لێرە بوون ئەو میكانیزمە هەبوو؛ ئێستاش دەمانەوێ ئەو لیژنەیە زیندوو بكەینەوە و پێكەوە ئەو شوێنانەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانن لە ڕووی ئەمنییەتەوە كاری هاوبەشی بۆ بكەین تا یەكلاییكردنەوەی ئەم بابەتە.
چوارەم: ئێمه رێككەوتین بۆ دانانی لیژنەیەك بۆ پرسی سنووری ئیداریی پارێزگاكان، ئێوە خۆتان دەزانن جەنابی سەرۆك كۆمار پرۆژەیاسایەكی لەمبارەیەوە ناردە پەرلەمان كە بۆ ئێمە شتێكی زۆر گرنگ بوو بۆ دیاریكردنی سنووری ئیداری، چونكە ئەمە یەكێكە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخ لە كەركووك و شوێنەكانی دیكە جێبەجێ بكرێت، ئێمە لەسەر كاری هاوبەش بڕیارمان دا بەوەی یاساكە لە پەرلەمان كارا بكرێت.
پێنجەم: لیژنەیەكمان لەبارەی پرسی قەزا و گومرگ و ئەو مەسەلانە دانا كە بە هاوبەشی بەڕێوە ببردرێت چونكە بە ڕاستی لەو بوارانەدا هەڵە تێگەیشتن هەن كە دەبێ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێت.
شەشەم: دانانی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی پرسی بودجە و هەمواركردنی، چونكە وەك خۆتان دەزانن ئەو یاسایە بووە یاسای سزا بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دەشزانن كە بەیەك لایەنەوە پەیوەست نییە بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە ڕووی بودجەی پێشمەرگە و مافی هەرێمی كوردستان پێمانەوە پەیوەستە، دووپاتی دەكەمەوە بەداخەوە ئەم یاسایە بووە یاسایەك بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پارەی كۆمپانیاكانەوە، ئێمەش دەمانەوێ بە لیژنەیەكی هاوبەش هەموار بكرێتەوە هەروەها لەو لیژنەیەدا باسی موستەحەقاتی پێشمەرگە دەكەین كە لەو لیژنەیەدا كاری لەسەر بكرێت.
حەوتەم : دانانی لیژنەیەك بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز و داهاتی نەوت بچنە پەرلەمان، ئەمانە یاسای زۆر گرنگن و پەیوەندییان بە شوێنی دیكەی عێراقەوە هەیە و گرنگ ئەوەیه هەموو لایەك لەوە دڵنیا بن كە بە شێوەیەكی شەفاف و دادپەروەرانە بەبێ هەڕەشەی بڕینی بودجە؛ بەشی خۆیان وەردەگرن.
ئەوەی كە من دەمەوێ بیڵێم ئەمە سەرەتایەكە و پێشبینی ناكەم بەشهو و ڕۆژێك هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام دەستپێكێكی باشە بۆ ئەم دانوستاندنە و لە ئەنجامدا ئێمە لەم وڵاتەدا دەژین و پرەنسیپی گفتوگۆ بە هیچ شێوەیەك ڕەت ناكرێتەوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ئەم پرەنسیپەیە، من خۆشحاڵم بەو ئەنجامە و دەمەوێ ڕۆڵی هەموو هێزە سیاسییەكانی نێو گۆڕەپانی هەرێمی كوردستان بەرز بنرخێنم، ئێمە ڕاستە لەوبەری حەمرین لەوانەیە لە بیر و بۆچوون جیاوازیمان هەبێت، بەڵام یەكگرتوو بووین و قسەمان یەك بووە و هەڵوێستمان یەك بووە و تەنها گهرهنتى ئێمە هەمان بێت وەكو میللەت ئەم یەك هەڵوێستییەیە، بەبێ ئەوە زۆر زەحمەتە ئێمە لە بەغدا سەركەوتوو بین.
هەروەها دەمەوێ بە ئێوەی ڕابگەیەنم ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەمان هەبوو بە سەرۆكایەتیی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەكان، بە تێكڕای دەنگ پشتیوانیمان لەوە كردووە وەزیران و پەرلەمانتاران كە دانیشتنەكانی هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەكاتەوە، بگەڕێنەوە بەغدا، من هیوادارم ئەمە سەرەتایەكی باش بێت بۆ ئەو دانوستاندنەی كە ئێمە لەگەڵ بەغدا دەستمان پێكرد و ئەنجامەكەیشی لە خزمەتی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت. دووپاتی دەكەینەوە هەموو لایەك بە تایبەتی عێراقییە لە پەیامی ئێمە تێگەیشتووە و ئەوان داوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی هەولێر دەكەن و ئێمەش پشتگیری لێ دەكەین.
داوەتكردنی مالیكی بۆ كوردستان
پاشان سەرۆكی حكوومەت وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و دووپاتی كردەوە سەرۆكی كوردستان یەكەمین كەس بوو كە هەستی بە مەترسیداریی بارودۆخی عێراقی كرد، ساڵێك لەمەوبەر ئەوەی خستەڕوو و گوتی: زۆر جار مەسەلەكە وا لێك دەدرایەوە گرفتێكی شەخسی لە نێوان سەرۆك بارزانی و مالیكیدا هەیە، كەوا دەرنەچوو، بەڵام بەڕێزیان لە مەترسیی بارودۆخەكە تێگەیشتبوو، لەو كۆبوونەوەیەدا مالیكی گلەیی خۆی كرد، ئێمەش قسەی خۆمان كرد و هەردوولامان بە ڕاشكاوی قسەمان كرد، من جەنابی سەرۆك وەزیرانم داوەتی كوردستان كرد كە تەشریف بهێنێتە هەولێر و هیوادارین لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە هەولێر بكرێت. جەنابی مالیكی بۆ ئێرە تەشریف بهێنێت و سەرۆكی هەرێمی كوردستان ببینێت، ئێمە دووپاتمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە.
پرسی نەوت و غاز لە عێراق
سەرۆكی حكوومەت ئەوەی دووپات كردەوە كه پرسی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت مەسەلەیەكی سەرەكی نەبوو بۆ گفتوگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و گوتی: من لەوە زيادهڕۆيى ناكەم بەوەی توانیبێتمان ئەو مەسەلەیە بە تەواوی چارەسەر بكەین، بەڵام پێمان خۆشە چارەسەری بكەین، هەر دەیكەین و پێشمان خۆشە چارەسەرییەكە لەگەڵ بەغدا بێت، ئێستا ئێمە ئەوەمان پێ باشترە، بەڵام دەستمان نەبەستراوە و چارەسەریی دیكەمان هەیە. هیوادارم لە چوارچێوەی ئەم میكانیزمە ئەو مەسەلەیە چارەسەر بكەین. ئێمە گوتوومانە پێشنیاری لیژنەی هاوبەشمان لەبارەی یاسای نەوت و غازەوە كردووە و لەسەر ئەوە ڕێك دەكەوین بەوەی كام پرۆژە دەبێتە بنەما بۆ ئەو مەسەلەیە، بەڵام ئەوەی كردوومانە چوارچێوەیەكە بۆ گفتوگۆ و ئیمزامان لەسەری كردووە كە دەبێ لیژنەیان بۆ دابنێن و سیاسەت هونەری مومكیناتە. هەروەها پێتان ڕادەگەیەنین كه هیچ پارەیەكی فرۆشتنی نەوت نەهاتۆتە كوردستان و هیوادارین ئەو پرۆسەیە بگاتە جێ و لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقدا بێت.
باوەڕیمان بە پرەنسیپی بەهێز و لاواز نییە
نێچیرڤان بارزانی ئەوەی ڕەت كردەوە مالیكی دوای پەرەسەندنی پشێوی لە ناوچە سوننەنشینەكان پەنای بۆ كورد هێنابێت و دووپاتی كردەوە مێژووی عێراق بەڵگەیەكی بەهێزە بۆ شكستخواردنی پرەنسیپی بەهێز و لاواز، چونكە بەم شێوەیە هەمیشە گرفت و كێشەكان بەردەوام بوونە و زيانهكان زیاتر بوونە و گوتی: من پێشبینیی ئەوە دەكەم جەنابی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە پشت بەستن بە ڕووداوەكانی مێژووی عێراق باش لەوە گەیشتبێت چارەسەریی كێشەكانی عێراق لەسەر ئەو بنەمایە نابێت كە كێ بەهێزە و كێ لاوازە، ئێمە جاری یەكەم پێویستە دان بە هەبوونی كێشە و قەیران لە عێراقدا بنێین و دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەوە بكەین كە چۆن چارەسەرییان بكەین. ئێمە لە میانەی قسەكانی هەستمان بەوە كردووە ویستی ئەوەی نییە بۆ جاری سێیەم ببێتەوە سەرۆكی وەزیران، بەڵام ئهو بەڵێنهی بە ئێمە نەداوە. نزیكبوونەوەی لە ئێمە بە هۆی گرفتەكانی ئەنبارەوە نەبووە و ئەو دەزانێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر حیسابی هیچ لایەنێك لەگەڵ هیچ لایەنی دیكە ڕێك ناكەوێت و ئەو پرەنسیپانەی بڕوامان پێ هەیە بۆ هەموو عێراقە. ئەگەر پرەنسیپی بەهێز و لاواز لە عێراق بێتە ئاراوە ئەوا لەئەنجامدا هەموومان تیایدا دهچين.
پرۆسەی ئاشتەوایی لە توركیا
نێچیرڤان بارزانی جارێكی دیكە پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پرسی ئاشتەوایی لە توركیا نیشان دا بەبێ دهستخستنه ناو كاروباری توركیا و دووپاتی كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان یارمەتیی توركیا دەدات بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەك كە جێی ڕەزامەندیی گەلی كورد و گەلی توركیا بێت و هەوڵ و تەقەللاكانیش بەردەوام دەبن و گوتی: هیوادارین عێراق پەیوەندیی لەگەڵ هەموو دراوسێكانی باش بێت؛ بەتایبەتی توركیا. بێگومان هاتنی چەكدارانی پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان شتێكی كەم نییە، ئێمە وەك هەمیشە پاڵپشتیی چارەسەریی ئاشتییانەی كێشەی كورد دەكەین لە توركیا و لەمڕووەوە هەرچی بە هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك درێغیی لێ ناكەین.
گهرهنتى؛ یەكڕیزیه
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردەوە وەكو گهرهنتيهكى بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كورد لە عێراق و دووپاتی كردەوە كه دەبێ پابەندی گفتوگۆ ببین و هیچ كاتێك ڕەتی نەكەینەوە و گوتی: هیچ وادەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە دانەندراوە، بەڵكو میكانیزمێك دانراوە. من نەمگوتووە زۆر بە چارەسەركردنی ئەم كێشانە گەشبینم، بەڵام دووپاتی دەكەمەوە ئێمە پرەنسیپی گفتوگۆ ڕەت ناكەینەوە. بەڵێ جاران لیژنە دروست بووە و قسە زۆر كراوە، بەڵام ئەگەر پرەنسیپی گفتوگۆ ڕەت بكەینەوە، ئەی چی بكەین؟ ئێمە لەسەر هەقین و دەبێ بەردەوام بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەوڵ بدەین، جا لەگەڵ مالیكی یان خەڵكێكی دیكە كە دوای ئەو دێن، ئێمە لەسەر ئەو پرەنسیپە بەردەوام دەبین و هەوڵی خۆمان دەدەین و هیوادارین بگاتە ئەنجامێك لەگەڵ حكوومەتی مالیكی.
هیچ گوشارێكمان لەسەر نەبوو و ماددەی 140مان پشتگوێ نەخستووە
سەرۆكی حكوومەت نیشانی دا هیچ گوشارێك لەسەر هیچ كەس و لایەنێك نەبووە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، بەڵكو ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو مەسەلەیە دەربڕی و هانی لایەنە عێراقییەكانیانى بۆ ئەو مەسەلەیە داوە و ڕۆڵی ئەمەریكا لەم چوارچێوەیە زیاتر نەبووە و گوتی: ئێمە هیچ فشارێكی ئێرانمان لەسەر نەبوو، ئۆپۆزیسیۆن لەوە ئازادن چی دەڵێن و چی دەنووسن، ئێمە لەسەر ماددەی 140 ڕێككەوتووین كە ماددەیەكی دەستوورییە و هەرێمی كوردستان زۆر بە جددی هەوڵی جێبەجێكردنی دەدات و هیوادارم لە ئایندەدا جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەگەر نەكرێت عێراق هیچ سەقامگیرییەك بەخۆیەوە نابینێت.
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە سەرۆكی كوردستان ئەركی یاسایی سەرشانی خۆی بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن جێبەجێ كردووە بەوەی كە لە 21/9 ئەنجام دەدرێت، هیچ شتێكیش بۆ دواخستنی یەكێك لەو پرۆسانە لە ئارادانییە، چونكە سەرۆك بارزانی بونیادگوزاری یەكەمی ئەو پرۆسە ئازاد و دیموكراسییە بووە, هەروەها ئەوەی نیشان دا سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران خۆی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاری دەكات و كۆمیسیۆنی لێ ئاگادار دەكاتەوە. بەپێی یاسای پەرلەمان دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێی پارێزگاكان یاسای تازە جێبەجێ دەكرێت. ئێستا ئێمە لەئەنجومەنی وەزیران قسە لەسەر دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن دەكەین.
فیدراڵیزم باشترین چارەسەرە
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر فیدراڵیزم كردەوە وەكو چارەسەریی هەموو كێشە و گرفتەكانی عێراق و گوتی: لە پرۆسەكانی هەڵبژاردنی عێراق شیعە دەنگ بە شیعە دەدات و سوننە بە سوننە و كوردیش بە كورد، ئێمە پێویستە مۆدێلێك بۆ پێكەوەژیانی ئەم پێكهاتانە بدۆزینەوە. ئەم مۆدێلەش باشترینیانە ،ئەمە جگە لە هەبوونی یاسای دابەشكردنی داهاتی نەوت بۆ ئەوەی هەموو لایەك لەوە دڵنیابن ئەم سامانە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە دابەش دەكرێت.
پێشمەرگە بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی چۆوەتە كەركووك
نێچیرڤان بارزانی ڕوونی كردەوە پێشمەرگە لە هیچ شوێنێكدا وا نەچۆتە پێش كە گرفت بۆ خەڵكێك یان لایەنێك دروست بكات، بەڵكو بۆشاییەكی ئەمنی دروست بووە و یەكێك لە ئەركەكانی سەرشانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاراستنی ئاسایشی ئەم خەڵكەیە و گوتی: ئێمە پێشتر و ئێستاش پاراستنی ئاسایشی خەڵكی كوردستان بە پێشەنگیی كارەكانمان دادەنێین، هەر كاتێك هەڕەشە لە دژی خەڵكی ئێمە و بۆشاییەكی ئەمنی دروست ببێت، پێشمەرگە چارەسەریی دەكات. من دووپاتی دەكەمەوە ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە كوردستاندا هەیە لە ئەنجامی ماندوبوون و شەونخوونیی پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانە كە شەو و ڕۆژ هەوڵی بۆ دەدەن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا ئەم كارە كراوە بە جێگیكردنی پێشمەرگە لەو شوێنانە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هیچ سەفقەی سیاسی لەگەڵ هیچ لایەنێك نەكراوە و سەفقەی سیاسیش لەگەڵ هیچ لایەنێك ناكرێت، بەڵام پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان یەكەمین ئەولەوییەتی ئێمەیە و سازشی لەسەر ناكەین.
پرسەكانمان پرسی نیشتیمانین
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە هەموو ئەو مەسەلانەی كورد داكۆكیی لەسەر دەكات لە بەغدا پرسی نیشتیمانین، لەوانەش پارەی كۆمپانیاكانی نەوت كە بە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە پەیوەستە و گوتی: ئێمە لەسەر بنەمای هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی قسەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران كردووە كە ئەوان پرەنسیپە سەرەكییەكەیان تێكداوە، ئەویش (سازان) تەوافوقە و لەسەر ئەو بنەمایە پەرلەمانتار و وەزیرانی خۆمان بۆ ڕاوێژكاری بانگ كردووە، نەوەكو بۆ بایكۆتكردن و جێهێشتن، كاتێك لە بەغدا تەوافوق پێشێل كرا ئێمە بانگمان كردن و مەسەلەكە هیچ پەیوەندییەكی بە پارەی كۆمپانیاكانی نەوتەوە نەبوو، ئەگەر ئەو مەسەلەیە لە لایەن ههندێ خەڵكەوە بە شتێكی بێ واتا سەیر دەكرێت، من دەڵێم ئەو مەسەلەیەش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و ماددەی 140یش لە هەموویان گرنگترە، مەسەلەی یاسای دابەشكردنی داهات گرنگە، پارەی كۆمپانیاكان گرنگە، چونكە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بە ژیانی خەڵكی كوردستانەوە پەیوەستن. هەروەها گوتی: ڕاشیدەگەیەنین پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار لەگەڵ هیچ لایەنێكدا باس نەكراوە.
ئۆپەراسیۆنی دیجلە
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە ئەگەر هێزەكانی دیجلە بۆ ڕێكخستنی كاروباری خۆیان بێت، ئەوا هەرێمی كوردستان هیچ لارییەكی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر دهست بخاته مەسەلەی ناوچەكانی دیكەوه، ئەوە مايهى قبووڵكردن نییە، چونكە ئەوە دەسەڵاتی پارێزگار و ئەنجومەنی ناوخۆی پارێزگاكانە، ئەمەش یەكێكە لەو پرەنسیپانەی لەگەڵ بەغدا باسمان كردووە و هیوادارین لە ڕێگەی ئەو لیژنانەی پێكمان هێناون، جێبەجێیان بكەین.
بەردەوامیی جێبەجێكردنی پڕۆگرامی تواناسازی
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نیشانی دا پڕۆگرامی تواناسازی یەكێكە لەو دەستكەوتانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شانازیی پێوە دەكات و ڕايگهياند كه لە دەستپێكی كابینەی شەشەم ئەم پرۆژەیە هەبووە و كابینەی حەوتەم پاڵپشتی دەكات و ئاماژەی بەوە دا كه حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی زۆری بۆ قوتابی و خوێندكارانی بەشداربووی پرۆژەكە دابین كردووە و گوتی: ئەو بوارانەی هەرێمی كوردستان پێویستیی پێ هەیە دەبێ ئێمە دەستنیشانی بكەین، ئێمە لەسەر پرسی تواناسازی هیچ كێشەیەكمان لەسەر پرۆسەكە نییە. بێگومان كەموكوڕییەكان لەسەر بنەمای پێداویستیی هەرێمی كوردستان چارەسەر دهكەین نەك لەسەر بنەمای ئەوەی هەر یەكێك لە زانكۆیەك ئۆفەری بۆ هاتەوە، ئێمە بینێرین.
لە گلەییەكانی خەڵك تێدەگەین
سەرۆكی حكوومەت ڕوونى كردهوه ئەوان لە گلەییەكانی خەڵك تێدەگەن و باش دەزانن خەڵكی كوردستان پێویستییان هەیە و مافی خۆیانە و گوتی: ئێمە كێشەی جددیمان لەگەڵ بەغدا لەبارەی پرسی سووتەمەنییەوە هەیە، بەغدا بەشی ئێمەی بڕیوه كە بەشی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، دەبێ لە شوێنی دیكە قەرەبۆیان بكەینەوە و هەموو شتێك ئەوە نییە بە شەو و ڕۆژێك چارەسەر بكرێت و كاتی دەوێت، ئێمە چەندین كۆبوونەوەمان لەسەری كردووە و بێگومان چارەسەری بۆ دەدۆزینەوە، بەڵام لەپڕ شەهرستانی بەشی ئێمەی بڕی، هیوادارم خەڵكی ئێمەش تەفەهومی ئەوە بكات كە ژێرخانی ئێمە هیچی تیادا نەبوو و ئێمە دروستمان كردووە و گەیشتنمان بە ئامانجی ویستراو كاتی دەوێ.
داهاتی گومرگەكان
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە دا كه بەر لەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بدرێت، داهاتی گومرگ لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە ئهژمار دەكرێت و ئەو داهاتەی لە گومرگ وەردەگیرێت بەغدا لە هەرێمی كوردستان دەیبڕێت و گوتی: بۆ نموونە ئەگەر داهاتی ئێمە یەك ملیار بێت و داهاتی گومرگ 400 ملیۆن بێت ئەو یەكسەر 600 ملیۆنمان بۆ دەنێرێت، ئەگینا ئەو قسانەی دەكرێت قسەی چەواشەكارین، كاتێك كاك عیماد ئەحمەد چووە بەغدا یەكێك لە ڕاوێژكارانی مالیكی ئەو مەسەلەیەی باس كرد، كاك عیماد وەڵامی دایەوە و وەزیری دارایی ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە لەبەغداوە لێیانی دەبڕن و بەپ ێی دەستوور گومرگ سەر بە بەغدایە و دەبێ هەرێمی كوردستان ئەوە بە بەغدا ڕابگەیەنێت.
پاڵپشتیی ویست و خواستی دەستووریی خۆپیشاندەران
نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ ویست و خواستی دەستووریی خۆپیشاندەرانی شارەكانی سوننە نیشان دا و ئامادەیی بۆ هەر یارمەتییەكی لەمبارەیەوە دهربڕى و هیواشی خواست ئەم داواكارییانە بە شێوەی دیاڵۆگ و ئاشتییانە پێشكەشی حكوومەت بكرێت و حكوومەت چارەسەری بكات، لەبارەی بارودۆخی ئەمنیی بەغداشەوە گوتی: ئێمە بە وردی بارودۆخی بەغدامان نەبینی، چونكە مانەوەی ئێمە لەوێ بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بوو، بەڵام هیوادارین بارودۆخی ئەمنی هەمیشە لە وێ سەقامگیر بێت. بێگومان بە بارودۆخی ناسەقامگیرۆی ئەمنی ناڕەحەت دەبین و بە شەهیدبوون و برینداربوونی هاووڵاتیان دڵگران دەبین.
