عەلی غێدان فەرمانی داوە بەرەوڕووی پێشمەرگە بوەستنەوە

عەلی غێدان فەرمانی داوە بەرەوڕووی پێشمەرگە بوەستنەوە
1ی‌ ئایار/ مایۆ (گوڵان میدیا)- سەرچاوەیەكی سەربازیی سوپای عێراق ئاشكرای كردووە كە جموجۆڵێك هەیە لەلایەن سوپاوە و گومان دەكرێت بەرەوڕووبوونەوە لە نێوان سوپا و پێشمەرگەدا بێتە ئاراوە؛ ئەمەیش پاش ئەوە دێت كە بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی پێشمەرگە نێردراوەتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم. سەرچاوەیەكی دیكەی سەربازیش ئاشكرای دەكات، بەغدا شاندێكی ناردووەتە ئێران تاكو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لێ بكڕێت.
یەكێك لە ئەفسەرەكانی فیرقەی 12ـی سەربە سوپای عێراق كە نەیویستووە ناوی ببرێت، بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە، فەرمان لە سەركردەی هێزی پیادەی سوپای عێراق، عەلی غێدانەوە بۆ هێزەكانی \"سەحوە\"" دەرچووە كە لە سنووری یەكەی فیرقەی 12ـن، فەرەمان وەربگرن و هەماهەنگییان هەبێت بۆ وەستان بەرانبەر بە هێزەكانی پێشمەرگە.
چوونی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە سنووری پارێزگای كەركووك، پاش ئەوە دێت كە هێزەكانی سوپای عێراق هەڵیانكوتایە سەر گۆڕەپانی خۆپێشاندەرانی شارۆچكەی حەویجە و بە هۆیەوە ژمارەیەك لە خۆپێشاندەران كوژران و بریندار بوون و ژمارەیەكیشیان دەشتگیركران.
هەروەها سەرچاوەیەكی دیكەی سەربازی لە سوپای عێراق ئاشكرای كردووە، عەمیدی فڕۆكەوان ماجید عەبدولسەلام كە بەڕێوەبەری هەواڵگریی فڕۆكەوانیی سوپایە، بە نهێنی عێراقی بەرەو كۆماری ئیسلامیی ئێران جێهێشتووە بە مەبەستی كڕینی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی ئێران."
Top