سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له وه‌زیری پێشووی دەرەوەی ئیتاڵیا ده‌كات
له‌و دیدارەدا وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا خۆشحاڵی و سه‌رسامیی خۆی به سه‌ردانه‌كه‌ی و سرووشتی جوانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه دا، كه ئه‌مه یه‌كه‌م سه‌ردانیه‌تی و گوتی: وڵاتێكی جوان و خۆشتان هه‌یه و زۆریش ئاوه‌دانه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌ی میللهكهتان له رابردوو بینویه‌تی شایه‌نی ئه‌وه‌یه زیاتری بۆ بكرێ.
هەروەها خۆشحاڵیی خۆی به‌و په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌ی له نێوان ئیتاڵیا و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، نیشان دا و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه کار بۆ ئەوە دەکەن به‌م نزیكانه ئیتاڵیا كونسوڵخانه‌ی خۆی له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و دۆخی سیاسی به‌غدا نیشان دا و گوتی: دۆخی سیاسی له به‌غدا له ئاستێك دایه، كه نازانرێت له‌گه‌ل كێ مامه‌مه‌ڵه بكرێ.
له لای خۆیه‌وه سه‌رۆك بارزانی به گه‌رمی به‌خێرهاتنی كرد و خۆشحاڵی خۆی به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا نیشاندا و هیوای خواست له بواری ئابووری و بازرگانی و فه‌رهه‌نگیه‌وه گه‌شه‌ی زیاتر به‌خۆوه ببینن، كه له خزمه‌ت هه‌ردوو گه‌لی كورد و ئیتاڵیا دا بێت.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی باسی له ره‌وشی عێراق به گشتی كرد، كه له بارێكی مه‌ترسیداردایه و گوتی: حكوومه‌تی فیدراڵ له دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان و ئاسایش و دروستكردنی په‌یوه‌ندیی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ دراوسێکاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و سوپای عێراقیش تا ئێستا نه‌بۆته سوپایه‌كی نیشتمانی و نا هاوسه‌نگی هه‌یه له رێژه‌ی به‌شداریی پێكهاته‌كانی عێراق له ریزه‌كانیدا.
هه‌ر په‌یوه‌ست به ئایندهی عێراق سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه له سایەی ئه‌و سیاسەته‌ی حكومڕانیی عێراق ده‌كات هیچ ئاسۆیه‌كی رووناك نابیندرێ و ئەگەر ڕەوشەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت ئەوا عێراق به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌ڕوات.
