توركیا دەیەوێت لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە لە هەرێم نزیك ببێتەوە

توركیا دەیەوێت لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە لە هەرێم نزیك ببێتەوە
24ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- كۆنسووڵی گشتیی توركیا لە هەولێر ئایدن سێلجین ڕایدەگەیەنێت كە حكوومەتی توركیا بەنیازە لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە زیاتر تێكەڵاوی هەرێم بێت، چونكە هیچی لە پێوەندییەكانی بواری وزە كەمتر نییە.

ئایدن سێلجین كە بە یەكەم كونسووڵی توركیا لە هەرێم دادەنرێت، لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە ژێر ناوونیشانی \"ئافرەتی ڕۆژنامەنووس و میدیای جیهانی\"" لە سلێمانی ساز درابوو، ڕایگەیاند كە حكوومەتەكەی دەیەوێت پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا بەرەوپێشەوە ببات.

ئایدن ئاماژە بەوە دەدات كە ئێستا چەند هەنگاوێك بۆ نزیكبوونەوە دەستی پێ كردووە كە بوونی چەند قوتابخانە و نەخۆشخانەی توركی لە هەرێمی كوردستاندا بەشێكن لەم هەنگاوانە.

سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ هەولێر بە بڕوای ئایدن بەڵگەی ئەوەیە كە پێوەندییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی نێوان توركیا و هەرێم درێژەی دەبێت و بەهێزتریش دەبێت.

سێلجین لە بارەی پێوەندیی هەرێم و توركیا لە بواری وزەدا دەڵێت \""سەرەڕای ناڕەزایی و بەرهەڵستیی بەغدا، ئەو پێوەندییانە زیاتر ڕەگ دادەكوتن.\""

لە هەڕەشەوە بۆ باوەش
10 ساڵ پێش ئێستا توركیا بەنیاز بوو بێتە نێو خاكی هەرێمەوە، دواتر لە ماوەی تەنیا سێ ساڵدا پێوەندیی نێوان هەرێم و توركیا ئاڕاستەیەكی دیكەی وەرگرت و پێوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەر دوو لا گەشەیان كرد.

لە ساڵی2011ـدا توركیا كۆنسووڵخانەی لە هەولێر كردەوە و سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەردۆغان لە كردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا بەشدار بوو. هەفتەی ڕابردوویش ئەردۆغان بە ئاشكرا ڕایگەیاند كە پێوەندیی ئابووری لە نێوان توركیا و هەرێمدا هەیە.
"
Top