بەیاننامەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەیادی 39 ساڵەی بوردومانی شاری قەڵادزێ

بەیاننامەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەیادی 39 ساڵەی بوردومانی شاری قەڵادزێ
39ساڵ بەر لەئەمڕۆ سەر لەبەیانی رۆژی 24/4/1974، فڕۆكە مەرگ چێنەكانی دەسەڵاتی بەعس شاری قەلادزێیان بوردومانكردو لەئەنجامدا 163 هاووڵاتیی شەهید بوون كە هەندێكیان خوێندكاری زانكۆ بوون و زیاتر لە 250كەسیش برینداربوون و دەیان خانوو و دوكانیش رووخان.
ئەم تاوانەی رژێمی ئەوسای عیراق بەبۆردومانكردنی خەلكی سڤیل دژی هەموو یاساو رێكەوتننامە نێودەولەتیەكانە كەلەكاتی شەرو ناكۆكیەكاندا بۆردوماتنكردنی خەڵكی سڤیل حەرام كراوو قەدەغەیە، بەڵام بۆ رژێمێكی وەك بەعس سەرەتای داهێنانەكانی بوو لەشێوازی قڕكردنی گەلی كورد كە بەدوایدا یەكەم وڵات بوو هاووڵاتیانی وڵاتی خۆی بەچەكی كیمیاوی لەهەڵەبجە كیماباران بكات و دواتر لەپرۆسەیەكی بەرنامە بۆ دارێژراودا ئەنفالیان بكات و شارو دێهاتەكانیان كاوڵ بكات.
جارێكی ترو لە 24/4/1982 لەیادی ئەو رۆژەو بۆ ئەوەی بەبیر دوژمنانی بێننەوە كە شاری قەلادزێ هەمیشە بەخۆراگری دەمێنێتەوەو چۆك دانادات، هاوڵاتیانی ئەو شارە لەخۆپیشاندانێكی راپەرین ئاسادا رووبەرووی هێزەكانی رژێمی بەعس بونەوەو دووبارە ئەو هێزە دژە مرۆڤانە لولەی چەكەكانیان ئاراستەی خۆپیشاندەران كردووەو ئەم رۆژەش بەخوێنی شەهیدان دایكە ئامینەو خوشكە سنەوبەر نەخشێنرا.
ئەمڕۆش كە یادی ئەم رۆژە دەكەینەوە، ئەزموونی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەرچاوی لەسەرجەم بوارەكانی دیموكراسیی و ئازادی و ئاوەدانی و كۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیوەو قەلادزێ ئەمڕۆ دوای ئەوەی لەلایەن رژێمی بەعس لەگەڵ خاك یەكسان كرا، ئەمڕۆ ئاوەدان و لەگەشەكردن دایە، بەڵام هێشتا قەلادزێ و ئەو شیوێنانەی كەبەدەستی رژێم خاپووركران پێویستیان بە پرۆژەی ئاوەدانی وەبەرهێنانی زیاتر هەیە، كەخۆشبەختانە لەبوودجەی ئەمساڵ و لەپلانی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا جێگای كراوەتەوەو گرنگی و بایەخی باش بەو لایەنە دراوە. جارێكی ت بەناوی سەرۆكایەتی پەرلەمان سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدانی24/4/ 1974 و 24/4/1982 دادەنەوێنین و بەبیریشیان دێنینەوە كە پەرلەمان و حكوومەت و دامەزراوەكانی هەرێم بەری خوێن و قوربانیدانی ئەوان و تەواوی شەهیدانی كوردستانەو دڵنیاشیان دەكەینەوە هەمیشە پشتیوانی داخوازی و داوا رەواكانیان دەبین.

Top