سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نه‌قیب و جێگر و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن و به‌رپرسی لقه‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ نه‌قیب و جێگر و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن و به‌رپرسی لقه‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كات
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23/4/2013 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌لاحه‌دین پێشوازی له‌ نه‌قیب و جێگر و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن و به‌رپرسی لقه‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كرد.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا نه‌قیبی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا وێنه‌یه‌كی گشتی بارودۆخی رۆژنامه‌گه‌ری و كێشه‌ و گرفته‌كانی ‌به‌رده‌م بواری رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ‌ بۆ سه‌رۆك بارزانی ڕوون كردەوە. پاشان زۆربه‌ی ئاماده‌بووان بۆچوونی خۆیان له‌باره‌ی پێویستیه‌كان و باشتركردنی دۆخی میدیا و باروگوزه‌رانی رۆژنامه‌نووسان و پاراستنیان و هەروەها كاركردن به‌ پێوەر و بەها میدیاییەكان ده‌ربڕی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا ره‌وش و گوزه‌ران و مافی رۆژنامه‌نووسانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا، كه‌ به‌هۆی واقعی ناوچه‌كانیان ئه‌وان له‌ هه‌موو مافێكی رۆژنامه‌نووسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵدا بێبه‌شن. هه‌روه‌ها كاركردن بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندی و مامەڵەی نێوان رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

پاشان به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕای به‌ خێرهێنانیان، پیرۆزبایی ساڵوه‌گه‌ڕی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ ئاماده‌بووان كرد و ئاماژه‌ی به‌ پیشڤه‌چوونی بارودۆخی میدیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و گوتی: بارودۆخی میدیا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چووه‌، به‌ڵام وەك پێویست نییە و دەبێ میدیا راستگۆ و بێلایه‌ن بێت له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیارییه‌كان و خستنه‌رووی كه‌موكوڕییه‌كان. هه‌روه‌ها سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە پێویسته‌ رۆژنامه‌نووسانی كوردستان داكۆكی له‌ بیری نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان بكه‌نه‌وه‌ و بڕواشیان به‌ مێژوو و بەها و دەستكەوت و توانای میلله‌ته‌كه‌یان هه‌بێت و بە بچووكی نه‌زانن. لەو دانیشتنەدا سه‌رۆك بارزانی پاڵپشتی خۆشی بۆ مافه‌ ره‌واكانی رۆژنامه‌نووسان دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ ده‌بێ باروگوزه‌رانیان باش بكرێت و ئازادی و ئاساییشیان پارێزراو بێت.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ ره‌وشی سیاسی عێراق و كوردستان كرد و ئاماژه‌ی به ڕووداو و بارگرژییەكانی ئیمڕۆی شاری حەوێجە دا و گوتی: به‌كارهێنانی سوپا له‌ كێشه ‌و ململانێ سیاسیه‌كان و كاروباره‌كانی ناوخۆدا پێشێلكاریی ده‌ستوور و بنەماكامی دەوڵەتە و ئیدانەی ڕووداوەكانی ئەمڕۆی شاری حەوێجەی كرد كە بەهۆی بەكارهێنانی سوپاوە كوژراو و بریندارێكی زۆری لێ كەوتووەتەوە.
Top