لە بیستەمین ساڵیادی گوڵان سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رێز لە سەرنووسەرانی مێژووی گوڵان دەگرێت
دوێنێ دووشەممە، لە ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی، كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی گۆڤاری گوڵان كە تەمەندرێژترین گۆڤاری سیاسی مێژووی كوردە، بۆنەیەكی تایبەت و چەند سیمینارێك رێكخرا، تێیدا جەخت لەسەر گرنگی دامەزراندی ئەو دەزگایە كرایەوە لە سەردەمی خۆیدا و رێز لە پرۆفیشناڵیەتی كاری ئێستای كرا، كە بووەتە گۆڤارێك بۆ كۆكردنەوەی بیرو بۆچوونە جیاوازەكان، نەوەك تەنها بۆچوونی سیاسەتوان و نووسەرانی بە ئەزموونی كوردستان، بگرە بووەتە پردێك بۆ بەستنەوەی رۆشنبیرانی ناوچەكە و جیهان بە كوردستان و دەرگایەك بووە بۆ گفتوگۆ كردن لەگەڵ گەورە سیاسەتوان و راوێژكارانی هەموو گەردوون.
یادەكە بە ئامادەبوونی بەڕێز فازیڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری پارتی و ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی پارتی و رۆشنبیران كرایەوە، لەدوای بەخێرهاتنی میوانەكان، خولەكێك بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی رێگەی رزگاری خوازی كورد وەستان، پاشان وتاری گوڵان لەلایەن بەڕێز فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان خوێندرایەوە، دواتر بەڕێز سەرۆ قادر، دامەزرێنەر و یەكەم سەرنووسەری گۆڤارەكە وتاری خۆی خوێندەوە.
پاشان لەلایەن بەڕێز فازیڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان خەڵات بەخشرایەوە هەر چوار سەرنووسەرەكەی مێژووی بیست ساڵەی گوڵان كە بیریتیبوون لە بەڕێزان: سەرۆ قادر، بێوار عەبدولڕەحمان، فواد سدیق و فەرهاد محەمەد.
دوا بەدوای دابەشكردنی خەڵاتەكان، سیمیناری یەكەم سازكرا كە بۆ بەڕێز (د.رەشاد میران) بوو لە ژێر ناونیشانی (میدیا و ئەركە نیشتیمانی و كۆمەڵایەتیەكان) لەلایەن بەڕێز ماجید نووری بەڕێوە برا. پاش پشوویەكی 10 خولەكی سیمیناری دووەم لەژێر ناونیشانی (پرۆفیشناڵیبوون لە میدیای حیزبیدا) بۆ بەڕێز ئاریان فەرەج لەلایەن ئازا حەسیب قەرەداغی بەڕێوە برا.
پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ سیمیناری سێیەم سازكرا بۆ بەڕێز (بەهات حەسیب قەرەداغی) لە ژێر ناونیشانی (میدیای نوێ، پرسی شوناس بۆ تاك و كۆمەڵ) و لەلایەن بەڕێز (د.ئاراس عەبدولكەریم) بەڕێوەبرا، پاشان سیمیناری چوارەم بۆ بەڕێز سالار عوسمان سازكرا كە لەژێر ناونیشانی (زمان و راگەیاندن) ئەویش لەلایەن بەڕێز (عەبدولڕەزاق عەلی) بەڕێوە برا.
گۆڤاری گوڵان وەك بڵاوكراوەیەكی چاپكراوی دەزگای گوڵان لە 22/4/1994 دامەزرا و لەو رۆژەوە تاوەكو ئێستا گۆڤارەكە بەردەوامە و توانیویەتی ببێتە تەمەندرێژترین گۆڤاری سیاسی لە مێژووی كوردستان.








