سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسان كرد له‌ یادی 115 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسان كرد له‌ یادی 115 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی یادی سەدوپانزە ساڵەی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خوشك و برا ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم لە ئەرك و كارەكانیاندا. لە شوێن خۆیەتی لەو ڕۆژەدا یادی میقداد مەدحەت بەگی بەدرخان بكەینەوە كە بە دەركردنی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی لە قاهیرە دەروازەیەكی نوێی بەڕووی گەشەسەندنی فەرهەنگی گەلی كورد كردەوە. جگە لەو ڕۆڵە بەهادارەی میدیا و ڕۆژنامەگەری لە پێشڤەبردنی كولتوور و هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتیدا هەیەتی هۆكارێكیشە بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكانی خۆمان بە جیهانی دەرەوە بگەیێنین و دەكرێ ببێتە ئامرازی ڕزگاركردنی گەلەكەمان لەژێردەستی و داگیركاریدا.

خوشك و برا بەڕێزەكانم جێگەی شانازییە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان دەستی هەبووە لە ڕەخساندنی ئازادی ڕادەربڕین و كاركردن بە پڕەنسیپەكانی ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە هەرێمی كوردستاندا و ئەو دۆخە بە قوربانیدان و خەباتێكی نەپساوە هاتووەتە ئارا و پێویستە هەموو لایەكمان بیپارێزین و گەشەی پێ بدەین. ئەركی هەموویشمانە میدیا و ڕۆژنامەگەری وەك گلێنەی چاومان بپارێزین چونكە هێمایەكی گرنگە بۆ شارستانیەت و پێشكەوتنی گەلەكەمان. بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەریمان بخرێتە خزمەت پڕۆژەی نەتەوە و مەدەنیەت بەر لە هەموو كەسێك پێویستە لایەنە سیاسییەكان دەستبەرداری ئەوە بن میدیا و ڕۆژنامەگەری بخەنە ژێر ڕكێفی خۆیان. با میدیا و ڕۆژنامەگەری دوور لە هەموو جۆرە گوشارێك خۆی ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە و كار بە بەها و پێوەرەكانی بكات.

هەر بەم بۆنەیشەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان دەكەم كار بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان و خزمەتكردنی ئەو توێژە زیندووەی كۆمەڵگەكان بكەن.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
Top