لە دوزخورماتوو بەهۆی تەقەی خۆشی هەڵبژراندنەكانەوە پۆلیسێكی كورد كوژرا
بەرپرسی بازنەی حەمرینی یەكێـتی نیشتمانی كوردستان، مەلا كەریم، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: سەرەڕای ئەوەی دوێنی لە كاتی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژارندنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە دووزخورماتوو تیرۆریستان 17 بۆمبیان تەقاندەوە، بەڵام هاووڵاتیان بە ڕێژەیەكی باش لە هەڵبژاردنەكەدا بەشداریان كرد كە بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەكان ڕێژەكە 55 لە سەدە و تێیدا لیستی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوە ژیان 17 هەزار 149 دەنگیان بە دەستهێناوە و بەمشێوەیەش لیستی هاوپەیمانی دوو كورسی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدینی بەردەكەوێت. هەروەها لیستی توركمانیش زیاتر لە 15 هەزار 500 دەنگیان بە دەستهێناوە و تەنها یەك كورسییان بەردەكەوێت.
ناوبراو، گوتی: بەهۆی ئەو ئەنجامەی كە بەدەستهاتبوو، هاووڵاتیان تەقەی خۆشیان كرد و بەمهۆیەشەوە شەوی رابردوو لە ئەنجامی ئەو تەقانە، پۆلیسێكی بەڕەگەز كورد بەهۆی بەركەوتنی گوللەوە گیانی لە دەستدا.
مەلا كەریم، سوپاسی هاووڵاتیانی كوردی ناوچەكە و ئەوانەش كە ئاوارەی ناوچەكانی دیكە بوون كرد كە سەڕەرای خراپی بارودۆخی ئەمنی و تەقینەوەی چەندنین بۆمب، بە پەرۆشەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكە كردووە.
