چیرۆكی ژیانی 94 هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوا لە نێو خێمەدا

 چیرۆكی ژیانی 94 هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوا لە نێو خێمەدا
21ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- سەقفی سەریان پەڕۆیە و حەمامیان تەشت. لەبەر پەیداكردنی پارووە نانێك منداڵان لە جیاتی خوێندن بنێشت دەفرۆشن. ئەمە ژیانی ئاوارەكانی ڕۆژئاوایە لە كەمپی دۆمیزی دهۆك.

سیما حوسێن كە منداڵێكی تەمەن 12 ساڵانی ئاوارەی ڕۆژئاوایە، لەسەر شەقامی كەمپی دۆمیز بنێشت دەفرۆشێت. باوكی سیما كە نەخۆشییەكی قورسی هەیە، ناتوانێت ئیش بكات. خێزانەكەی ئەوان چوار كەسن و هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نییە تا پێی بژین، بۆیە سیما وازی لە قوتابخانە هێناوە و لەسەر شەقامەكان بنێشت دەفرۆشێت.

سیما دەڵێت «هەر تەكسی یان كەسێك بەو شەقامەدا تێبپەڕێت، دەبێت بە دەیان جار سوێند بخۆم تا یەك بنێشتم لێ بكڕن.»
بەیانی تا ئێوارە سیما بایی 5 هەزار دینار ئیش دەكات كە بە گوتەی خۆی ئەگەر دۆخەكەیان بەم شێوەیە بەردەوام بێت و كەس هاوكارییان نەكات، لە برسان دەمرن.

سیما تەنیا منداڵی ئەو كەمپە نییە كە بە هۆی خراپیی گوزەرانیان وازی لە خوێندن هێناوە، بە گوتەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی كەمپی دومیز سالم سەعید زیاتر لە 10 هەزار منداڵی دیكەیش لە كەمپی دۆمیزدا لە بەیانی تا ئێوارێ لەسەر شەقامەكانی كەمپەكە بنێشت و ئاو دەفرۆشن تا پارووە نانێك پەیدا دەكەن.

لە نێو كەمپی دۆمیزدا تەنیا دوو قوتابخانە بە شێوەی سێ دەوامی هەزار و 150 قوتابییان لە خۆ گرتووە كە مامۆستاكان خەڵكی ڕۆژئاوان و بە كوردی و عەرەبی وانەیان پێ دەڵێنەوە.

كاری زۆر بە كرێی كەم
باوكی یەكێك لە منداڵەكانی كەمپی دۆمیز ئیدریس مەحموود كە لەبەر نەبوونی ئارامی لە سووریاوە پەنای بۆ هەرێم هێناوە، بەیانیان بۆ دەستكەوتنی پارووە نانێك جلی كرێكاری لەبەر دەكات و بەرەو شوێنی وەستانی كرێكاران بەڕێ دەكەوێت. ئیدریس دەڵێت «ئێمە زیاتر لە كرێكارەكانی دهۆك كار دەكەین، بەڵام خاوەنكار كە دەزانێت هیچ چارەیەكمان نییە بە نیوەی ئەوانیش كرێمان پێ نادات.»
ئیدریس دەڵێت «كرێی كرێكار لە دهۆك 30 هەزار دینارە، كەچی 15 هەزاریش بە ئێمە نادەن.»

ئیدریس كە لەبەر برسێتی و مەترسیداربوونی دۆخی سووریا پەنای بۆ هەرێم هێناوە، دەڵێت «لێرەیش خەریكە لە برسان دەمرین.»

خۆشووشتن لە نێو تەشتدا
یەكێك لە ئاوارەكانی كەمپی دۆمیز كەمال حەمید باس لە گرفتی پاكوخاوێنیی كەمپەكەیان دەكات و دەڵێت «ئاودەستمان نییە و دەبێت هەندێ جار بۆ دەستكەوتنی ئاودەست دەمێك بە پێیان بڕۆین.»

بە گوتەی كەمال ئەوان هیچ حەمامێكیان نییە بۆ خۆشووشتن هەر لە نێو خێمەدا بە منداڵ و پیاو و ئافرەتەوە دەچنە نێو تەشتێكەوە خۆیان دەشۆن. كەمال دەڵێت «هەندێك جار بە هۆی كەمیی ئاو و نەبوونی شوێنەوە 15 ڕۆژ خۆمان ناشۆین.»

بە هۆی نەبوونی شوێنێك كە پاشەڕۆی ماڵەكانی نێو كەمپەكەی بۆ بچێت، كەمال زۆر لەوە دەترسێت كە لە وەرزی هاویندا نەخۆشی لە نێو كەمپەكەدا بڵاو ببێتەوە.

ڕاگەیاندنی كەمپی دۆمیز ڕوونی دەكاتەوە كە بۆ ئەوەی نەخۆشی لە نێو ئاوارەكاندا بڵاو نەبێتەوە، هەر ئاوارەیەكی نوێ دێنە ناو كەمپەكە پشكنینی خوێنی بۆ دەكەن، بەڵام لە هەر شوێنێك هێندە كەسەی تێدا بن نەخۆشی هەر دەبێت. «بەردەوامیش تیمەكانی ئێمە خێمەكان دەڕشێنن و بنكەی تەندروستی لە كەمپەكەدایە ڕۆژانە بە دەیان ئاوارە بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕووی تێ دەكەن، بەڵام جاروبار نەخۆشی هەر هەیە.»

هەر ئاوارەیەك كە دێتە كەمپەكەوە فۆڕمێكی پێ دەدرێت كە هەموو زانیارییەكانی تێدایە و دواتر پشكنینی خوێنی بۆ دەكرێت، پاشان خێمەی پێ دەدرێت، بەڵام ئێستا بە هۆی كەمیی خێمەوە زیاتر لە 3 هەزار و 500 خێزان بێ خێمەن و لە ژێر خێمەی ماڵەكانی دیكەدا میوانن.

تا ئێستا 94 هەزار و 492 كەس لەو كەمپەدا نیشتەجێ بوون و بە گوتەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی كەمپەكە، ڕۆژانە زیاتر لە 500 كەس ڕووی تێ دەكەن.
Top