سی دی تایبەت بە قورئان بۆ پرسەی هاووڵاتیان ئامادە دەكرێت

سی دی تایبەت بە قورئان بۆ پرسەی هاووڵاتیان ئامادە دەكرێت
20ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف ئاشكرای کرد: یەكەم مامۆستای ئاینی كوردستان رێورەسمی پرسە لەمزگەوتەكەیدا رێكدەخاتەوە و خەرجی قورئانخوێندن ناهێڵێت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی جێبەجێ دەكات. ئاماژەش بەوە دەدات سی دی تایبەت بەقورئان بۆ پرسەی هاووڵاتیان ئامادەكراوە كەچیتر خاوەنی پرسە پارەی قورئانخوێن نادات و قورئانیش بە هەڵە ناخوێندرێت.


بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، مەریوان نەقشبەندنی، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: مامۆستا مەلا مسلم فریزی كەئیمام و خەتیبی مزگەوتی \"مەلا صالح\""ە لەشارەدێی كەسنەزانی هەولێر كۆبونەوەی لەگەڵ ئەهلی مزگەوت و دانیشتوانی گەرەكەكەی ئەنجامداوە و بڕیاری ئەوەیان داوە كە چیتر لەرێورەسمی پرسەدا بۆ قورئانخوێندن، قورئانخوێن بەپارە نەهێنن و لەجیاتی ئەوە بەجیهازێكی سی دی و بەدەنگی قورئانخوێنە دەنگخۆشەكان لەپرسەی هەژار و دەوڵەمەندەكاندا قورئان دەخوێندرێت و بۆ ئەو مەبەستەش سی دی تایبەت بەپرسە ئامادەكراوە و چیتر خاوەن پرسە خەرجی قورئانخوێندنی نامێنێت و قورئانی پیرۆزیش بەهەڵە ناخوێنرێت.

مەیوان نەقشبەندنی، ئاماژەشیدا: سەبارەت بەم دەستپێشخەریەی مامۆستا مسلم پەیوەندی بەچەندین مامۆستا و زانای ئاینی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كردووە و تێكڕای ئەو بەڕێزانە دەستخۆشی ئەم هەنگاوەیان كردووە و هەریەكەیان بەڵێنی كۆتایی بەكێشەی قورئانخوێندنی هەڵە و كرێی قورئانخوێندن لەپرسەكاندا بهێنن.

شایانی باسە، كرێی قورئانخوێندن لەپرسەكاندا و هەڵەی هەندێ لە قورئانخوێنەكان دوو كێشەی گەورەیە لەكوردستان و بەهەزاران كەس بۆ چارەسەركردنی داوا لەوەزارەتی ئەوقاف دەكەن."
Top