نێچيرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كۆمپانيا ئه‌ڵمانييه‌كان ده‌كات

نێچيرڤان بارزانى: هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كۆمپانيا ئه‌ڵمانييه‌كان ده‌كات
دواى نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ى نيسانى 2013، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڕۆلف ئۆڵريج كونسلى گشتيى كۆمارى ئه‌ڵمانياى فيدرال له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.
له‌ ديدارێكدا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانيا و چۆنيه‌تيى پته‌وكردن و به‌ره‌وپێشبردنى زياتريان؛ خرانه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا داكۆكييان له‌سه‌ر فراوانكردنى بواره‌كانى په‌يوه‌ندى و به‌ تايبه‌تيش ئه‌و بوارنه‌ى بۆ هه‌ردوولا گرنگن؛ كرده‌وه‌.
سه‌ردانى ئه‌م دواييه‌ى نێچيرڤان بارزانى بۆ ئه‌ڵمانيا و ديدار و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌نجێلا مێركل – ى ڕاوێژكارى ئه‌ڵمانيا و به‌رپرسانى ئه‌ڵمانيا و ئه‌ورووپا و ئه‌نجامى سه‌ردانه‌كه‌، لايه‌نێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا كونسلى گشتيى ئه‌ڵمانيا سه‌ردانه‌كه‌ى به‌ گرنگ و سه‌ركه‌وتوو له‌ قه‌ڵه‌م دا و هيواى خواست ببێته‌ قۆناغێكى تازه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانيا و وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا، به‌ تايبه‌تيش له‌ بوارى به‌رهه‌مهێنان و هاوكاريى ووزه‌دا.
له‌ به‌شێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا هه‌ردوولا په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ڕه‌وشى عێراق و پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌كانى عێراقيان تاتوێ كرد و تيشكيان خسته‌ سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ووڵاتانى ناوچه‌كه‌، به‌ تايبه‌تيش ووڵاتانى دراوسێى هه‌ر‌ێمى كوردستان و عێراق.
له‌ كۆتايى ديداره‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى هه‌موو پشتگيرييه‌كى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كۆمپانيا ئه‌ڵمانييه‌كان دووپات كرده‌وه‌ و ڕايگه‌ياند كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كۆمپانيا ئه‌ڵمانييه‌كان ده‌كات و شانبه‌شانى كۆمپانياكانى ديكه‌ى وڵاتانى ئه‌ورووپا و جيهان ده‌توانن بێن له‌ هه‌رێمى كوردستان كار و پڕۆژه‌ ئه‌نجام بده‌ن و له‌ بواره‌ جياجياكاندا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و له‌ پرۆسه‌ى بنياتنانه‌وه‌ و پێشخستنى هه‌رێمى كوردستاندا به‌شدار بن.
Top