زاخۆ؛ ئەو کەسەی هەڕەشەی له مامۆستایەکی ئایینی کردبوو، دەستگیر کرا

زاخۆ؛ ئەو کەسەی هەڕەشەی له مامۆستایەکی ئایینی کردبوو، دەستگیر کرا
زیاتر له چەند هەفتەیەکه له رێگەی مۆبایل هەڕەشه له مامۆستایەکی ئایینیی زاخۆ دەکرا و بەپێی بەدواداچوونەکانی پۆلیس، هەڕەشەکەرەکه سەر به لایەنێکی ئیسلامیی هەرێمی کوردستانه و دەستبەسەر کراوه و دانی به کارەکەی ناوه.

مەلا \"شەهاب ئەحمەد\"" مامۆستا و گوتارخوێنی مزگەوتی ناوچەی \""بێدار\""ی زاخۆ لەمبارەیەوه به ئاژانس و رادیۆ پەیامنێری راگەیاند: ماوەیەکه ئەم دیاردەیە پەیدا بووه که هەڕەشه له مامۆستایانی ئایینیی زاخۆ دەکرێت، ئەمەش فیتنەیەکه. شتێکی سەیره لەسەر گوتەی خوا و پێغەمبەر هەڕەشه له مامۆستا بکرێت، ئەگەر تۆ گوتەی خوا و پێغەمبەر قبووڵ نەکەی کەواته گوتەی کێت قبووڵ؟ به رواڵەت پشتیوانیی مامۆستا بکەی و دواتر به نهێنی هەڕەشەی لێ‌بکەی، شتێکی زۆر سەیره.


مەلا شەهاب گوتی: من پێشتر ئەو کەسەم دیتبوو بەڵام هیچ‌کات ئەوەم به خەیاڵدا نەدەهات هەڕەشەم لێ‌بکات و چەند جارێک نامەی بۆ ناردم و من بەپێی ئایەت و حەدیس وڵامم دەداوه و جەختم دەکرەدوه که من له خۆوه قسەم نەکردووه و ئەوانه قسەی خوا و پێغەمبەرن، دوای ئەمه هێزەکانی ئەمنی بەدواداچوونیان بۆ کرد و ئەم کەسه گیراوه و ئێستا رووبەڕووی دادگا دەبێتەوه.


مامۆستای مزگەوتی بێدار دەڵێت: له هەرێم هەموو جۆر ئایین و ئایینزایەکی تێدایه و هەرکەسەو بیرۆکەیەکی هەیه و نابێت کەس خۆی لەسەر لایەنێکی دیکه فەرز بکات، کاتێک له ئیسلامەتیدا دەبینین که تەفریقه لەناو موسڵمان پەیدا دەبێت ئەوه ئەرکی ئێمەیه که خەڵک بۆ یەکڕیزی هان بدەین.


بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆ عەمید شەعلان له کۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا لەمبارەیەوه رایگەیاند: دوای ئەوەی له رۆژی ٣/٣ هەڕەشه لە مامۆستایەکی ئایینی کراوه و تا ئەم دواییانەش هەڕەشەکانی بەردەوام دەبێت و ئێمه له رێگەی تایبەتی خۆمان دەستبەسەرمان کرد و دانی به تاوانەکەی نا که هەڕەشەی ئەوەی له مامۆستا دەکرد که نابێت چی‌دیکه له مامۆستایەتی و گوتاربێژی بەردەوام بێت، بەپێی مادەی٢ و مادەی٢١ی چەک‌هەڵگرتنی نایاسایی دراوەته دادگا.


پێشتریش له زاخۆ هەڕەشه له مامۆستای ئایینی کرابوو و ئەمە دووەم حاڵەته و بەپێی زانیارییەکانیش هەڕەشەکەرەکان سەر به لایەنێكی ئیسلامیی هەرێمی کوردستانن.

"
Top