دووەمین رۆژی دیدارو كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا

دووەمین رۆژی دیدارو كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا
11ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- لە دووەمین رۆژی دیدارو كۆبوونەوەكانیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە بەڕێزان د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ سیناتۆرو بەرپرسانی سیاسی و كۆمپانیاو وەبەرهێنەرو رۆژنامەنووسان سازكرد.

لە دوو كۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ بەڕێز جیم جۆنز راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكاو ئەندامانی ئەنجومەنی ناوبراو شاندی هەرێمی كوردستان تیشكیان خستە سەر رەوشی هەرێمی كوردستان دوای 10 ساڵ لە ئازادبوونی عیراق، لەم رووەوە باسیان لەو دەستكەوت و پێشكەوتنانە كرد كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوەی بینیوە لەو ماوەیەدا، هاوكات تیشكیان خستە سەر جیاوازی پێشووەچوونەكان لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عیراق لەڕووی بونیاتنان و ئاوەدانكردنەوەو ئارامی و سەقامگیری.

هەروا باس لە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان كرا لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی لە عیراق، لەم رووەوە پابەندبوونی هەرێمی كوردستانیان لە دەستوورو دیالۆگ و رێكەوتنەكان دووپاتكردەوە.

د. فوئاد حوسێن پوختەیەكی لەسەر ئەو دەسكەوتانە خستەڕوو كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەدەست هاتوون لە رووی بە دامەزراوەیی كردنی دەزگاكان و زیاتر چەسپاندنی دیموكراسی و كرانەوەی زیاتر بە رووی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەستەبەر كردنی ئازادیەكان و رێزگرتن لە تەواوی پێكهاتەنی گەلی كوردستان.

لەبەرامبەردا سەرۆكی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریكا هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی ئەنجومەنی بازرگانی خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی شاندی هەرێم دووپاتكردەوە كە توانیان لە نزیكەوە گوێبیستی دوایین پەرەسەندنەكانی عیراق و ناوچەكەو هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بن لەمەڕ پرسەكان. هاوكات هیوایان خواست كە بتوانن رۆلی زیاتر ببینن لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێم و بەشداری زیاتری كۆمپانیاكان. هەروا ئاماژەیان بەوەدا كە ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریكی هەرێمی كوردستان خۆی بە دۆستی گەلی كوردستان دەزانێت و پشتگیری هەوڵەكانی دەكات بۆ پێشخستنی زیاتری هەرێمی كوردستان.

هەمان رۆژو لە چوارچێوە سەردانەكەیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا شاندی هەرێمی كوردستان لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ دەستەی نووسەرانی واشنتۆن پۆست و پەیامنێری وۆڵ ستریت جۆڕناڵ بە دوورودرێژی باسیان لە رەوشی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكەو هەڵوێستی هەرێمی كوردستان كرد لەمەڕ پرسەكان. د. فوئاد حوسێن و شاندی یاوەری وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانەیان دایەوە كە پەیوەست بوون بە رەوشی هەرێمی كوردستان و قەیرانی سیاسی عیراق و ئاستی پەیوەندیەكان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە تایبەت كۆماری توركیا و بارودۆخی ئاڵۆزی سوریاو رەوشی پەنابەرانی سوریا لە هەرێم.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بەڕوونی تیشكی خستە سەر هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و گووتی ئێە دەخوازین عیراق لەم قەیرانە دەرباز بێت، بێگومان پابەندبوون بە دەستوورو دووركەوتنەوە لە حوكمی تاكڕەوی و رێزگرتن لە هەموو پێكهاتەكانی عیراق و هاوبەشی كردنی راستەقینە لە دەسەڵات دەبێتە مایەی چارەسەری تەواو بۆ هەموو پرسەكان.

هەمان رۆژ لە دیدارێكی نێوان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدوواداچوون لەگەڵ مایكل دیلانی یاریدەدەری نوێنەری بازرگانی حكومەتی ئەمەریكا بۆ باشووری ئاسیا و عیراق باس لە چەند پرسێكی پەیوەست بە بازرگانی و وەبەرهێنانی نێوان هەردوولا كرا. مایكل دیلانی باسی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان ئەو رەوشە لەبارە كرد كە هەرێمی كوردستان بۆخۆی مسۆگەری كردووە، لەم رووەوە ستایشی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كرد لە پێناو دروستكردنی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو.

هاوكات شاندی حكومەتی هەرێم سوپاسی بەڕێز دیلانیان كرد بۆ ئەو دەرفەتەو گوێگرتن لە تێڕوانین و بۆچوونی حكومەتی هەرێم بۆ چۆنیەتی پتەوكردنی پەیوەندیە بازرگانیەكانی نێوان هەردوولا ئەویش لە رێگەی سازكردنی كۆڕبەندی ئابووری و گردبوونەوەی وەبەرهێنەران. هاوكات ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە هەرێمی كوردستان دەخوازێ‌ پەیوەندیەكانی لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتوری و زانستی لەگەڵ دامەزراوەكانی ئەمەریكا پەرە پێبدات.


دواتر هەردوو بەڕێزان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدوواداچوون كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ستافی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئەمەریكا سازكرد. لە كۆبوونەوەكەدا شاندی حكومەت دەستخۆشیان لە ستافی نوێنەرایەتی كرد كە تا ئێستا سەركەوتووانە بە ئەركی خۆیان هەڵساون، هاوكات جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە نوێنەرایەتی حكومەت نوێنەری تەواوی خەڵكی كوردستانە و كاردەكات بۆ پێشخستنی پەیوەندیەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و ناساندن و بەرز راگرتنی ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلەكەماندا هاتووە و لەگەڵ بایەخدانی تەواو بە رەوەندی كوردستانی.



هەمان رۆژ شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سیناتۆری كۆماری رۆجەر ویكەر لە ویلایەتی میسیسپی كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا د. فوئاد حوسێن باسی لە هەلچوێستی هەرێمی كوردستان كرد لەمەڕ پرس و قەیرانەكانی عیراق و ناوچەكەو رەوشی هەنووكەیی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بەردەوام بۆ زیاتر كرانەوەو گەشەپێدانی هەرێم.
بەڕێزیان باسی ئەو پێشووەچوونانەی كرد كە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو بەخۆیەوەی بینیوە. سەبارەت بە قەیرانی عیراق بەڕێزیان گووتی ئێمە ترسی دووبارەبوونەوەی حوكمی تاكرشەویمان هەیە لە عیراق و هەڵوێست و بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ لەبەرامبەر پێكهاتەو لایەنە سیاسیەكانی عیراق و لە سەرتاسەری وڵات ئاماژەیەكی روونە كە حكومەتی ئێستای فیدڕاڵ دژی خواستەكانی گەلانی عیراق هەنگاو هەلدێنێ‌ و بەرەو تاكڕەوی مل دەنێ‌.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم داوای كرد سەنات و ئیدارەی ئەمەریكا رۆلی خۆیان ببینن لەچارەسەر كردنی قەیرانی سیاسی عیراق و هیوای خواست سیناتۆر رۆجەر ویكەر ببێتە ئەندامی گروپی دۆستایەتی گەلی كوردستان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا.

سیناتۆر رۆجەر ویكەر خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو دیدارە دووپاتكردەوەو ستایشی ئەو پێشكەوتنانەی كرد كە لە هەرێمی كوردستان بەدەست هاتوون، هەروا گووتی من پشتگیری لە هەموو خواست و بۆچوونێكی ئێوە دەكەم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی دیموكراسی لە ناوچەكەو چارەسەركردنی پرس و قەیرانەكان لە سەر بنەمای دەستوور و لە رێگەی دیالۆگ.


پاشان لەلایەن بەڕێز دانیال یەرگین لە دامەزراوەی كامبریج بۆ لێكۆڵینەوە لە بواری ووزە ئێوارە خوانێكی سازكرد. لەم دەرفەتەدا كە ژمارەیەكی زۆری سیاسەتوان و بەرپرسی باڵا لە بواری وزە ئامادەبوون بەڕێز ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان باسی رەهەندەكانی كەرتی وزەی كرد لە هەرێمی كوردستان، بەڕێزیان باسی سیاسەتی نەوتی هەرێم كرد لە چوارچێوەی ئەو مافانەی دەستوور دیاری كردووە. هەروا گووتی دەبێ‌ ئەم سامانە نیشتمانیە بۆ سوودو بەرژەوەندی تەواوی گەلانی عیراق بێت و بە باشترین شێوە سوودی لێ‌ ببینرێت. لە كۆتاییشدا وەڵامی سەرجەم ئەو پرسیارانەی دایەوە كە پەیوەست بوون بە شیوازی كاری حكومەتی هەرێم لە بواری نەوت.
Top