یەكەم رۆژی دیدارو كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا

یەكەم رۆژی دیدارو كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا
10ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- لە یەكەم رۆژی دیدارو كۆبوونەوەكانیان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە بەڕێزان د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بەمەبەستی رێكخستنی بەرنامەی كارو چڕكردنەوەی دیدو بۆچوون و هەڵوێستەكانی سەركردایەتی سیاسی لەمەڕ پرسە هەنووكەییەكان كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ راوێژكارانی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە واشنتۆن ئەنجامدا.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە ئامانجی سەردانەكەو ئەو تەوەرانە كرا كە دەخرێنەڕوو لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكاو ناوەندە هزری و سەنتەرە ستراتیژیەكان.

هەمان رۆژ لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن سیمینارێك بۆ بەڕێز د. فوئاد حوسێن بەڕێوەچوو، لە سیمینارەكەدا كە بەڕێزان فەلاح مستەفا و قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەكی زۆری پسپۆران و مامۆستایانی زانكۆ ئامادەبوون، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم باسێكی دوورو درێژی سەبارەت بە مێژووی گەلی كوردستان و قۆناغەكانی شۆڕش و قوربانیدان بۆ گەیشتن بە مافەكان پێشكەش كرد.

بەڕێزیان باسی ئەو نەهامەتی و كارەساتانەی كرد كە بەسەر گەلەكەماندا هاتووە، هاوكات باسی لە خۆڕاگری گەلی كوردستان و قوربانیدانی ئەو گەلە كرد كە بە درێژایی مێژوو شۆڕشی كردووە بۆ گەیشتن بە ئازادی. ئینجا باسی لە راپەڕینی بەهاری 1991 و پێكهێنانی پەڕلەمان و حكومەتی هەرێم و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكان كرد. پاشان تیشكی خستە سەر پرۆسەی ئازادی عیراق لە ساڵی 2003 و لە رووەوە باسی لە هەڵوێستی سەركردایەتی سیاسی كورد كرد بۆ داڕشتنی دەستوورو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی فیدراڵی و دیموكراسی لە عیراق. پاشان تیشكی خستە سەر ئاڵۆز بوونی پەیوەندیەكانی هەولێرو بەغدا و ئەو قەیرانانەی ئیستا دووچاری پرۆسەی سیاسی بووە لە عیراقدا.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستان د. فوئاد حوسێن گووتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی هەنگاوی ئیجایی لە هەموو بوارەكان هەڵێنێ‌. لە بواری سیاسی ئەوا ئازادی رەهاو دیموكراسی و پاراستنی مافی تاك و مافەكانی مرۆڤ بەرقەرارەو لە بواری پەرەپێدانی ژێرخان و پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان پێشكەوتنی خێرای بەخۆیەوە بینیوەو لە بواری ئابووریش هانی بازاڕی ئازاد و كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی ناوخۆو بیانی دەدەین كە شانبەشانی حكومەت بەشداربن لە زیاتر پێشخستنی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا.

هەر لە سیمینارەكەدا د. فوئاد حوسێن هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی لەمەڕ پرس و قەیرانەكانی نێوان هەولێرو بەغداو بارودۆخی سوریاو پێشهات و گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە خستەڕوو.
لەپەراوێزی سیمینارەكەشدا چەندین پرسیاری پەیوەست بە نەوت و پابەندبوون بە دەستوورو پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و وڵاتانی دیكە و ئاوارەكانی سوریاو دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێم لەلایەن ئامادەبووانەوە ئاراستەی شاندی هەرێم كران و دواتر لەلایەن د. فوئاد حوسێن و فەلاح مستەفا و قوباد تاڵەبانی وەڵام درانەوە.

هەمان رۆژ شاندی هەرێمی كوردستان لە پەیمانگەی هادسۆن مێزگردێكیان بۆ رێكخرا. لەم مێزگردەدا كە بەڕێزان دەیڤد پۆڵاك پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی دوور، كینیپ پۆلاك دامەزراوەی برۆكینگز، جۆنۆل تۆل پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جۆن هانا پەیمانگەی بەرگری لە دیموكراسیەكان، كینپ كاتزمان CRS ، ئێلین لایبسۆن سەنتەری ستیمسۆن، ئێرینا سركەسیان پەیمانگەی برۆكینگز، ئابی شۆلسكی پەیمانگەی هیدسۆن، لویس لیبی پەیمانگەی هیدسۆن، ئەریك بڕاون پەیمانگەی هیدسۆن، دەیڤد ئەڕنست پەیمانگەی هیدسۆن، جوش جاكوبس پەیمانگەی كاروباری كەنداو ئامادەبوون، بەڕێزان د. فوئاد حوسێن و فەلاح مستەفا و قوباد تاڵەبانی بە تێروتەسەلی باسیان لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرد و تیشكیان خستە سەر قەیرانی سیاسی عیراق و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانانەو كاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بە شیوەیەكی گشتی . لەم رووە شاندی هەرێم پابەندبوون بە دەستوورو رێكەوتنەكان چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی دیالۆگیان بە تاكە رێگە زانی بۆ دەربازبوون لە قەیرانەكان. هاوكات باسیان لە دوایین هەڵوێستی سەرۆكی هەرێم و حیزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان كرد لەمەڕ ئاڵۆزبوونی زیاتری پرسەكان گوێ‌ نەدانی بەغدا بە خواست و مافەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

شاندی هەرێم باسیان لە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیاو میانگیری نێوان پەكەكەو توركیا كرد كە دەخوازن كێشەكان بە رێگەی دیالۆگ بێنە چارەسەر كردن.

هاوكات ویستی هەرێمی كوردستانیان نیشاندا كە ئایا ئەمەریكا بەرنامەو پلان و ستراتیژیەتی چیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رۆلی چییە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و پشتگیری كردن لە دیموكراسی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ لە عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست.

دواتر شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و قوباد تاڵەبانی بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواچوون سەردانی ژووری بازرگانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایان كرد، لەم سەردانەدا باس لە بایەخی پەیوەندی ژووری بازرگانی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاستی پەیوەندەكان كرا.


فەلاح مستەفا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاستی پەیوەندیە بازرگانی و ئابووریەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا ئەمەریكیەكان نیشانداو گووتی هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی راستەقینە سەیری كۆمپانیا ئەمەریكیەكان دەكات. بەڕێزیان تیشكی خستە سەر ئەو لایەنانەی كە دەكرێ‌ هەردوولا كاری لەسەر بكەن بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندی ئابووری و جولەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە نیوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا.

بەرپرسانی ژووری بازرگانی ئەمەریكا خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان نیشاندا و جەختیان لەسەر بایەخی پەیوەندی ئابووری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوەو هیوایان خواست بتوانن زیاتر هانی كۆمپانیا ئەمەریكیەكان بدەن بۆ هەرێمی كوردستان.


هەر لە چوارچێوە چالاكیەكانیان لەگەڵ میدیاو راگەیاندنكارانی ئەو وڵاتە بەڕێز فەلاح مستەفا لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤاری وەرزی كۆنگرێس باسی لە رەوشی عیراق بە شێوەیەكی گشتی و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی سەقامگیری هەرێم و قەیرانی سوریاو دوایین و پێشهاتە سیاسیەكانی ناوچەكە كرد.

هەمان رۆژ سیمینارێك لە ئەتڵانتیك كانسڵ بۆ بەڕێز ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتیەكانی هەرێم بەڕێوەچوو. لەم سیمینارەدا كە زیاتر لە 200 سیاسەتمەدارو پسپۆرو شارەزای بواری نەوت و وەبەهێنەرو خاوەن كۆمپانیا ئامادەبوون، وەزیری سامانە سرووشتیەكانی هەرێم توێژینەوەیەكی زانستی لەسەر سیاسەتی حكومەتی هەرێم لەمەڕ پەرەپێدانی سامانی سرووشتی و دامەزراندن و گەشەپێدانی كەرتی نەوت و ووزە پێشكەش كرد.


بەڕێزیان بە شێوەیەكی زانستیانە باسی لە هەموو ئەو پرسانە كرد كە پەیوەستن بە چۆنیەتی گەڕان و دۆزینەوەو دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان. هاوكات باسی لە لایەنە یاسایی و دەستووریەكان كرد كە هەرێمی كوردستان سەرجەم هەنگاوەكانی لەم بوارەدا بە پێیی ئەو مافانە بووە كە دەستوور بۆی دیاری كردووە.

ئاشتی هەورامی لە ئەتڵانتیك كانسڵ لەبەردەم پسپۆرو شارەزایانی بواری نەوت سیاسەتی حكومەتی هەرێمی لەمەڕ پێشخستنی كەرتی نەوت روونكردەوەو گووتی بە پشت بەستن بە دەستووری عیراق ئێمە لە هەنگاوەكانمان بەردەوام دەبین و زیاتر گەشە بەم كەرتە دەدەین.
ئێوارەی هەمان رۆژ ئەتڵانتیك كانسڵ ئێوارە خوانێكی بۆ شاندی هەرێمی كوردستان رێكخست.


لە رێورەسمی ئێوارەخوانەكەدا كە جەنەرال جەیمس جونز سەرۆكی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریكاو هەرێمی كوردستان و خاتوو جینیفەر ئاڵتو و ماریا بیكا لە دامەزراوەی شیڤرۆن و مارك پاریس ئەندامی ئەنجومەنی گەنەڵ ئینەرجی و هینریك لیلجیگرین بەڕێوەبەری بۆردی ئەتلانتیك كانسل و جەیمس جیفری بالیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە عیراق و ژمارەیەكی بەرچاو لە كاربەدەست و سیاسەتوان و پیاوانی كاری ئەمەریكا ئامادەبوون، چەندین ووتار پێشكەش كران. سەرەتا د. ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتیەكان باسی لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێم كرد لەمەڕ ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ لە بواری دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت، لەم رووەوە هەموو لایەنە یاساییەكانی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی روونكردەوە.

پاشان د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم باسی لە رەوشی هەرێمی كوردستان و عیراق و قەیران و ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عیراق كرد و هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو بۆ چارەسەركردنی پرسەكان كۆتایی هێنان بەو قەیرانانەی بە بەردەوامی بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەچن.

دواتر فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت باسی لە سیاسەتی هەرێمی كوردستان كرد لەڕووی كرانەوە بەڕووی جیهان و تێكەڵ بوون لەگەڵ كۆمەڵگاو نێودەوڵەتی، بەڕێزیان باسی لە ئاستی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە كرد و گووتی پەیوەندیەكان پێشكەوتنی خێرایان بەخۆیەوە بینیوەو بە بەردەوامی گەورەپەرپرس و كاربەدەستانی وڵاتان سەردانی هەرێم دەكەن، كە ئەوەش نیشانەی بایەخی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

دوای ئەوە بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژەیان بە پیچشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو ئاشتی و سەقامگیریە كرد كە جێگەی شانازی هەموولایەكە. هەروا تیشكیان خستە سەر 10 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر پرۆسەی ئازادی عیراق، لەم رووەوە ئاماژەیان بە هەرێمی كوردستان كرد كە ئەمەریكا وەك چیرۆكی سەركەوتن دەتوانێ‌ باسی بكات.
Top