سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی وەزیر و نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی وەزیر و نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا دەكات
9ی نیسان/ئەپرێل (گوڵان میدیا)- دوێنێ دووشەممە بەڕێز مەسعود بارزانی لەگەڵ وەزیرە كوردەكانی حكوومەتی فیدڕاڵ و سەرۆكی كوتلە كوردستانییەكانی نێو پارلەمانی عێراق كۆبوویەوە. لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ و قسەیەش لەسەر چۆنییەتیی مامەڵەكردنی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر قەیرانی سیاسیی عێراقی فیدڕاڵ كرا.

لەو كۆبوونەوەیەدا لە ژێر ڕۆشنایی پێشنیارەكانی لیژنەی گەڵاڵەكردنی هەڵوێستی هەرێم لە بەرانبەر بەغدا و تێبینی و بۆچوونی ئامادەبووان بڕیاردرا ئەو نامەیەی كە لیژنەی گەڵاڵەكردنی هەڵوێست ئامادەی كردووە لە ڕێگەی وەڤدێكەوە ئاڕاستەی هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی عێراق بكرێت. هەروەها وەڤدە كوردستانییەكە كە لە نوێنەرانی سەرجەم هێزە كوردستانییەكانی نێو پارلەمانی عێراقی پێكهاتووە سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ نامەكە كۆمەڵێك داواكاریی دیاریكراوی هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانێتیی نیشتیمانی ڕابگەیێنێت. لەكۆبوونەوەكە جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەندە بە چۆنییەتیی مامەڵەكردنی حكوومەتی بەغدا لەگەڵ داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان.
Top