شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێ ده‌كه‌وێت

شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێ ده‌كه‌وێت
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 7/4/2013 شاندێكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ به‌ڕێزان فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رۆكی شاند و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم و قوباد تاله‌بانی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوونی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێ ده‌كه‌وێت.

شاندی هه‌رێم له‌م سه‌ردانه‌یدا بۆ واشنتن، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كوردستان و ئه‌مه‌ریكا تاوتوێ‌ ده‌كات و دید و تێڕوانینی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێم له‌مه‌ڕ پرسی جیاجیا به‌ لێپرسراوانی ئه‌مه‌ریكا راده‌گه‌یه‌نێ‌.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌دا، شاندی هه‌رێمی كوردستان چاوی به‌ لێپرسراوانی كۆشكی سپی و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی ده‌كه‌وێ‌. كۆنگرێس و ئه‌نجومه‌نی سیناتیش دوو وێستگه‌ی دیكه‌ی ئه‌جێندای ئه‌م سه‌ردانه‌ی شانده‌كه‌ی هه‌رێمن كه‌ چه‌ندین دیدار له‌خۆ ده‌گرێ.

شانده‌كه‌ له‌ په‌راوێزی ئه‌م سه‌ردانه‌دا، له‌لایه‌ن چه‌ندین سه‌نته‌ر و ناوه‌نده‌كانی هزر و لێكۆڵینه‌وه‌ كۆڕ و سمیناری بۆ ساز ده‌كرێ‌ بۆ لێدوان له‌باره‌ی پرس و ته‌وه‌ری گرنگ و جێبایه‌خی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی. له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانی و كه‌ناڵه‌كانی میدیاشدا شانده‌كه‌ی هه‌رێم دیدار و چاوپێكه‌وتنی ده‌بێ.
Top