پەیەدە تەقەی لە هاووڵاتیانی عامودا کرد

پەیەدە تەقەی لە هاووڵاتیانی عامودا کرد
28ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- بە دەستڕێژی گولـلەی چەكدارانی (پەیەدە)وە، دوێنێ چوارشەممە، سێ هاووڵاتیی ناڕازیی شاری عامودای ڕۆژاوای كوردستان بریندار بوون.
كۆمەڵێك لە هاووڵاتیانی شاری عامودای ڕۆژاوای كوردستان، بە هۆی نەبوونی كارەباوە لە بەردەم ناوەندی كارەبای شارەكە كۆ بوونەوە و پاش 45 خولەك لە بە هێمنی دەربڕینی ناڕەزایەتییان، هەروەها پاش ئاماژەدان بە هۆكارەكانی بڕینی كارەباوە لەلایەن فەرمانبەرێكی ناوەندەكەی كارەباوە، كۆمەڵێك چەكداری سەربە پارتیی یەكێتیی دیموكرات(پەیەدە) گەییشتنە شوێنی كۆبوونەوەكە و دەستڕێژی گولـلەیان بە نێو خۆپێشاندەراندا كرد و بە هۆیەوە سێ كەس بریندار بوون.
ئەو هاووڵاتیانەی كە بریندار كران بە ناوەكانی (مستەفا سەڵاح عوبێدی، عوبێد یووسف عەنتەر و نەعیم شوەیش بوون و دەستبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی قامیشلۆ كران.
بەپێی زانیارییەكان، پاش دەستبەسەرداگرتنی كارگەی غازی تەل عەدەس و كێڵگەی ڕمێلانەوە، لەلایەن پەیەدەوە كارەبای ناوچەكە كۆنترۆڵ كراوە.
Top