لەبارەی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی قەزای دوزخورماتوو، لیستی برایەتی و پێكەوەژیان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

لەبارەی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی قەزای دوزخورماتوو، لیستی برایەتی و پێكەوەژیان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە
بە ناوی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی ناو لیستی برایەتی و پێكەوەژیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەریەك لە (رەشید خورشید حەسەن) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و (قادر علی نعێمی) سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای خورماتوو دەكەین. كە لە رووداوێكی تیرۆریستیدا لە شاری خورماتوو شەهید بوون و هەروەها هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ (شەلال عەبدول ئەحمەد) قایمقامی قەزای خورماتوو دەخوازین كە لەو رووداوە تیرۆریستییەی شاری خورماتوو بریندار بوو.
دیارە تیرۆریستیان لە كاری ناڕەوای خۆیان لە ناوچە دابڕێنراوەكان ناكەون و هەمیشە هەوڵدەدەن، بە هۆی كردەوە چەپەڵەكانیان، درز بخەنە برایەتی و پێكەوەژیانی ناوچەكە. لە هەمان كاتدا ترس و تۆقین لە ناو هاوڵاتیان بڵاو بكەنەوە و دەزگاكانی حكومەت و ئیدارەی ناوچەكەش بكەنە ئامانجی كردەوە قێزەونەكانیان.
ئێمە لە لیستی برایەتی و پێكەوەژیان، نەك هەر بەم كردەوە تیرۆریستییانە لە خەباتی دیموكراسی و پێكەوەژیانمان پاشگەز نابینەوە، بەڵكو سورتر دەبین لەسەر دیموكراسی و پێكەوەژیان و خزمەتكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی هەموو ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان. وەك چۆن جەخت لەوەش دەكەینەوە، كاروانی ئاوەدانی و گەشەی زیاتری كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری بە كردەوەی تیرۆریستان ناوەستێت.
لە كۆتاییدا لیستی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان دووبارە ئیدانەی توندی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی قەزای خورماتوو دەكات.

ئەندامانی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان:
1- یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
2- پارتی دیموكراتی كوردستان.
3- حزبی شیوعی كوردستان.
4- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
5- بزووتنەوەی گۆڕان.
6- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان.
7- كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان.
8- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان.
Top