وەزیری دادی توركیا: كورد لە توركیا كەمینە نییە بەڵكو یەكێكە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی توركیا

وەزیری دادی توركیا: كورد لە توركیا كەمینە نییە بەڵكو یەكێكە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی توركیا
26ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- وەزیری دادی توركیا سەعدوڵلا ئەرگین بەشداری لە كونفرانسێكی یەكێتی ئەورووپا لە بروكسل كرد و وتارێكی لەم كونفرانسەدا پێشكەش كرد.

وەزیری دادی توركیا لە سەرەتای وتارەكەیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردی لە توركیا كرد و گوتی: ساڵانێكی درێژ بوو كە سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر كورد و هاووڵاتییە كوردەكان سیاسەتێكی هەڵە بوو، بەڵام لە كاتی بە دەسەڵات گەیشتنی پارتی داد و گەشە پێداندا ئەم سیاسەتە گۆڕانی بە سەردا هاتووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە دەوڵەتەكانی پێشووی توركیا هەمیشە وەكو كەمەنەتەوە و كەمینە سەیری كورد و مەسەلەی كوردیان كردووە، بەڵام ئاكەپە بەو جۆرە سەیری كورد ناكات بەڵكو كورد وەكو یەكێك لە پێكهاتە سەرەكییەكانی توركیا دەزانێت و بەم پێیە لە گەڵ كورد و مافەكانی كورددا مامەڵە دەكات.

وەزیری دادی توركیا لە درێژەی وتارەكەی خۆیدا رەخنەی ئاراستەی یەكێتی ئەورووپا كرد و گوتی: بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد یەكێتی ئەورووپا هاوكاری توركیا و كوردی نەكردووە و دەبێت لەمەو بەدواوە یەكێتی ئەورووپا زۆر بە جدی هاوكاری پێشكەشی توركیا بكات تا بتوانێت بە سەركەوتوویی پرسی كورد چارەسەر بكات.
Top