بەشیر ئاتالای: دەستمان بە دامەزراندنی كومیتەی عەقڵمەندان كردووە

بەشیر ئاتالای: دەستمان بە دامەزراندنی كومیتەی عەقڵمەندان كردووە
25ی‌ ئازار/ مارس 2013 (گوڵان میدیا)- دوابەدوای پەیامی ئوجەلان و راگەیاندنی ئاگربەست لە لایەن پەكەكەیەوە، رۆژی یەك شەممە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا و بەرپرسی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد بەشیر ئاتالای رایگەیاند كە پەیامەكەی ئوجەلان و پەیامەكەی پەكەكە تەواوكەری یەكترن و ئەرێنی و ئیجابین و حكوومەتی توركیا چاوەڕوانی هەنگاوی پراتیكی دەكات.

بەشیر ئاتالای ئاماژەی بەو هەنگاوانەش كرد كە دەبێت دەوڵەتی توركیا جێبەجێیان بكات و وتی: رەنگە ژمارەیەك لە بەرپرسانی توركیا سەبارەت بەم قۆناخە لێدوانی جوراوجۆر بدەن بەڵام ئەمە بە مانا و واتای سیاسەتی دەوڵەت نییە چوونكە دەوڵەت بۆ ئەم قۆناخە خاوەن سیاسەت و هەڵوێستێكی روون و نەگۆڕە.

ئاتالای لە درێژەی وتەكانی خۆیدا باسی كومیتەی عەقڵمەندانی كردووە كە لە لایەن ئوجەلانەوە پێشنیار كرابوو و وتی: ئێمە وەكو حكوومەت دەستمان بە ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی ئەم كومیتەیە كردووە و حكوومەت و پارلەمان بە هاوبەشی ئەم كومیتەیە دادەمزرێنن و ئەركی ئەم كومیتەیەیش چاودێری كردنی قۆناخی چارەسەری و كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە دەبێت.
Top