مه‌كته‌بى سیاسى پ.د.ك په‌یامێكى بۆ 25 ساڵه‌ى یادى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاگه‌یاند

مه‌كته‌بى سیاسى پ.د.ك په‌یامێكى بۆ 25 ساڵه‌ى یادى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕاگه‌یاند
له‌ یادی 25ه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هیدكردنی شاره‌ جوانه‌كه‌ی كوردستان، هه‌ڵه‌بجه‌ی گه‌شاوه‌ و هه‌رده‌م پێشه‌نگ، هاوخه‌می خۆمان بۆ خانه‌واده‌ی قوربانیانی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌رده‌بڕین كه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا بێ وێنه‌ و هه‌رگیز نه‌بووه‌ رژێمێك به‌ چه‌كی كیمیایی بۆردومانی خه‌ڵكی سڤیل و هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی بكات، مه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌ستی فاشیزم و نازیزمه‌كان نه‌بێ. كه‌ له‌مه‌شیاندا رژێمی به‌عس به‌ چه‌ندین بار تاوانه‌كانی ئه‌وانی تێپه‌ڕاند.

شه‌هید بوونی پێنج هه‌زار كوردی بێ دیفاع له‌ چه‌ند چركه‌یه‌كدا خه‌مێكی قوڵه‌ له‌ ویژدانی هه‌موو گه‌لی كوردستاندا و برینێكه‌ سارێژبوونه‌وه‌ی سه‌خته‌، به‌ڵام هاوارێكیش بوو ویژدانی نووستووی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ و جینۆسایدكردنی گه‌لێك به‌ ئاگا هێنایه‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك بوو لێی غافڵ بوو یان به‌ ئه‌نقه‌ست و له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌ نه‌گریسه‌كانی راگرتنی پارسه‌نگی هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كاندا خۆیان لێ بێ ئاگا كردبوو، له‌پشته‌وه‌ی په‌رده‌یش دنه‌ی رژێمی به‌عسیان ده‌دا و چه‌كی كیمیایی و قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تیان پێ ده‌فرۆشت. له‌م روانگه‌یه‌وه‌ دۆزی ره‌وای كورد، له‌پاڵ به‌رخودانی 100 ساڵه‌ و خه‌باتی رزگاری نیشتمانی، به‌ راده‌یه‌كی زۆر قه‌رزاری شه‌هید بوونی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، له‌مه‌دا كه‌ هه‌ڵوێستی كه‌ڕ و كه‌ڕبووی جیهانی راچڵه‌كاند و چاوی كوێریانی له‌ ئاستی ئه‌م گه‌له‌ كرده‌وه‌.

له‌ كاتێكدا ئه‌و هه‌وڵانه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌درێن بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌نفال و كیمیابارنكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه‌ی كوردستان، به‌رز ده‌نرخێنین و هاوكاری هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی هه‌ر هه‌وڵێك به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌كه‌ین، هاوكات دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌ركی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق قه‌ره‌بووی قوربانیانی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ و هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق ده‌رهه‌قی گه‌لی كوردستان ئه‌نجامیان داوه‌.

هاوكات له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆژگاری ئه‌مڕۆمان و ئازادی و گه‌شه‌كردن و حوكمڕانی خۆیی له‌ عێراقی فیدراڵدا به‌رهه‌می ئه‌و خوێنه‌ پاكژه‌یه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید چۆڕا. بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش توانای تایبه‌ت و گه‌وره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاسه‌واره‌ نه‌گریسه‌كانی ئه‌و تاوانه‌ به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان و هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بسڕێته‌وه‌ و ده‌ستی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی زیاتر و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی و گوزاریی فراوانتریان پێ بگه‌یه‌نێ.

له‌م بۆنه‌یه‌دا سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و گشت شه‌هیدانی رێی رزگاری كوردستان داده‌نه‌وێنین و هاوخه‌می خۆمان بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و ئه‌نفال و هه‌موو تاوانه‌كانی به‌عس و رژێمه‌كانی دیكه‌ی عێراق دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و توانا سیاسییه‌كانمان ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ئه‌ستۆمانه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ی سه‌ربه‌رز.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
15ى ئادارى 2013
Top