دەقی وتاری سەرۆكی حكومەت لە یادی 25ساڵه‌ی کیمیابارنکردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا
ماته‌مگێڕان و ئاماده‌بووانی به‌ڕێز،
میوانانی ئازيز،
به‌خێرهاتنی هه‌مووتان ده‌كه‌م بۆ ڕێوڕه‌سمى یادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و ڕێزگرتن له شه‌هیده‌كانی.
له ساڵی 1988ه‌وه؛ نه‌ته‌وه‌ی كورد یادی هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه‌ته ڕۆژی ماته‌مینی و شینی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌مڕۆ له هه‌موو شار و گوند و ماڵێكی هه‌موو كوردستاندا یادی تاوانی بهكۆمهڵكوشتنی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ده‌كرێته‌وه.
هه‌ڵه‌بجه بووه‌ته ناونيشانێكی هه‌ره دیار بۆ زوڵمێكی كه‌موێنه له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد. كه ئێمه له هه‌ڵه‌بجه دهكوژراین، به‌داخه‌وه جیهانی ئیسلامی و ڕۆژئاوایی له بێهه‌ڵوێستی و بێده‌نگییه‌كی زۆر گه‌وره‌دا بوو؛ به‌رامبه‌ر به‌و زوڵمه‌ی كه له كورد له كوردستاندا ده‌كرا.
ئه‌مڕۆ كه لێره‌دا یادی شه‌هیده‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه، چاومان له‌وه‌یه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چه‌ند ساتێك هه‌ڵه‌بجه به‌بیر خۆی بێنێته‌وه و بیكاته ڕۆژی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كیمیایی له هه‌موو جیهاندا.
خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست..
به‌ر له دوو هه‌فته لێره گوتمان: هه‌ڵه‌بجه بووه‌ته قوربانيی مێژووی خۆی؛ كه مێژوویه‌كی پڕ له تێكۆشان و پێشكه‌وتنخوازی و زانستپه‌روه‌ری هه‌یه، ئه‌مڕۆش ئه‌ركی ئێمه‌یه هه‌ڵه‌بجه بگێڕینه‌وه بۆ پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی؛ وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی ڕۆشنبیری و پێشكه‌وتنی زانستی و ئاوه‌دانی له هه‌رێمى كوردستاندا.
دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر له‌م ده‌ڤه‌ره، 82 پڕۆژه‌مان به بڕی 183 ملیار دینار و پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاومان به بڕی 193 ملیۆن دۆلار ده‌ستپێكرد، كه هه‌موویان پێكه‌وه له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌كانی پێشوودا، ده‌توانن ژێرخانێكی باش بۆ بووژانه‌وه و پێشكه‌وتنێكی زیاتری هه‌ڵه‌بجه و ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور و هه‌ورامان دروست بكه‌ن.
به خۆشحاڵییه‌وه ده‌توانین بڵێین به‌و 1000 (خانووه خۆكردهی) له‌و پڕۆژانه‌دا دابینمان كردوون، هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ده‌بنه خاوه‌ن خانووی خۆیان. بۆ برینداره‌كانی چه‌كی كیمیاییش نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به تیمی تایبه‌تی پزیشكییه‌وه دابین ده‌كرێت، ئه‌وانه‌ی پێویستیشیان به چاره‌سه‌ری به‌په‌له هه‌یه؛ به باشترین و زووترین شێوه چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كه‌ین.
ئێمه ده‌مانه‌وێ و به كرده‌وه هه‌وڵمان داوه و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین كه هه‌ڵه‌بجه به باشترین شێوه ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه. هه‌روه‌ها زۆر به وردی و به شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه ده‌وه‌ستین؛ له بواری زۆركردنی ده‌سه‌ڵاتى ئیداری و تاپۆكردنی خانووه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه و بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتو‌كاڵى و گه‌شتوگوزاری له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا.
میوانانى به‌ڕێز..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ڕێز له شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه ده‌گرن، ده‌مانه‌وێ هه‌موومان پێكه‌وه هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ین بۆ دانپێدانانی هه‌موو جیهان به جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد. ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك و وه‌ك به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی؛ مافی خۆمانه له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و پرسه بكه‌ين:
- بۆچی بهكۆمهڵكوشتنی كورد به جینۆساید ناناسن؟!
- ده‌بووایه چیتر به‌رامبه‌ر به كورد بكرێت؛ زیاتر له كیمیاباران و وێرانكردنی گونده‌كانی كوردستان و ئه‌نفالكردن، ده‌بووایه چه‌ند سه‌د هه‌زاری دیكه له كورد بكوژرێن؛ تاكو هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه؛ وه‌ك جینۆساید پێناسه بكرێت؟!!.
ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵه‌بجه كیمیاباران كرا؛ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوێستی وه‌ربگرتايه، قۆناغه‌كانی دیكه‌ی ئه‌نفال درێژه‌یان نه‌ده‌بوو و گیانی ده‌یان هه‌زار ژن و منداڵ، پیر و پیاوی كوردیان له زیندهبهچاڵكردنهكان له بیابانه‌كانی عێراق؛ ده‌پاراست.
ئه‌مڕۆ ئه‌ركی ئه‌خلاقی و ئینسانییه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی جیهان؛ بۆ ئه‌وه‌ی كار بكه‌ن تا ڕێگه له دووباره‌بوونه‌وه‌ی كۆمهڵكوژيی دیكه بگرن له كوردستان و جیهاندا. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی كورد له لایه‌ن ڕژێمی پێشووی عێراقه‌وه له هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و كۆمهڵكوژيی كوردانی فه‌یلی و بارزانییه‌كان؛ به جینۆساید پێناسه بكه‌ن، چونكه هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی له‌ناوبردنی نهژاديی كوردی‌یان تێدا بووه، ئه‌وانه‌ش به چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه سه‌لمێندراوه. ته‌نانه‌ت دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقیش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه و بڕیاری له‌سه‌ر داوه.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئه‌مڕۆ 25 ساڵ دواى كاره‌سات، له هه‌مان شوێن ڕاده‌وه‌ستین و به‌وپه‌ڕى ڕێز و شكۆوه سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیده‌كان و قوربانیيهكانى ئه‌و كاره‌ساته داده‌نوێنين، له هه‌مان كاتیش‌دا لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێمان له مێژووى گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵداوه‌ته‌وه و هاووڵاتیانى دڵسۆز و وڵاتپهروهرى كوردستان؛ هه‌ریه‌كه‌و له شوێنى خۆیه‌وه؛ له‌پێناو ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌هێزكردنى كوردستانێكى ئازاد، كاريان كردووه و ماندوو بوون.
هه‌رگیز برینه‌كانى هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له یاد ناچێت و له بيره‌وه‌رى و مێژووماندا دهيچهسپێنين. ئه‌و هێرشانه زیانى زۆريان به هاووڵاتیان و خاكى كوردستان گه‌یاند، به شێوه‌یه‌ك كه هه‌ندێك كه‌س پێیان وابوو هه‌ستانه‌وه و چاكبوونه‌وه مه‌حاڵه، به‌ڵام به خۆڕ‌اگرى و به‌رخودانى كوردستانيان، كێڵگه و باخچه به‌ناوبانگه‌كانى هه‌نار و میوه‌كانى ديكه له هه‌ڵه‌بجه؛ دووباره گه‌شاونه‌ته‌وه و یادى ئه‌و شه‌هیده نه‌مرانه هانى داین كه كوردستان ئاوه‌دان بكه‌ين و به‌هێزتر و ئارامتر و ئازادى زياتر بێت.
ڕێز و هاوسۆزیم بۆ هه‌موو كه‌س و قوربانیانى هه‌ڵه‌بجه و ئهنفالهكانى كوردستان دووپات ده‌كه‌مه‌وه، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌موو ئه‌و شانده بیانیانه ده‌كه‌م كه ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوره‌سمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدارن، ئاماده‌بوونیان جێگاى ڕێز و ستایشه. سوپاسى هه‌موو ئه‌و دڵسۆزانه ده‌كه‌م كه بێ‌وچان؛ بۆ خستنه‌ڕووى ڕاستیيه مێژووییه‌كان و ناساندنى جێنۆسایدى گه‌لى كورد به نێوه‌نده گرنگه‌كانى جیهان، له هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن.
زۆر سوپاسی هه‌موو دۆستانی كورد، هه‌موو ڕێكخراوه‌كان و ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له ده‌ره‌وه ده‌كه‌م، بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌پێناو به‌جینۆسایدناساندنی كۆمهڵكوژيی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، هه‌روه‌ها به ڕێزه‌وه له بڕیار و ڕاسپارده‌كانی په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا، سوید، به‌ریتانیا و دادگای هۆڵه‌ندا له‌وباره‌وه، دهڕوانين.
هه‌ر لێره‌دا به‌وپه‌ڕى ڕێز و سوپاس و پێزانينه‌وه، ڕۆڵى يه‌كجار ديار و به‌رچاوى جوامێرانه و مرۆڤانه‌ى كۆمارى ئيسلاميى ئێران به بير دێنينه‌وه كه هه‌ر له يه‌كه‌م ساتى ڕوودانى كاره‌ساتى هه‌ڵه‌بجه؛ به هه‌موو شێوه‌يه‌ك ده‌ستى هاوكارى بۆ لێقه‌وماوان درێژ كرد و به هانايانهوه هات، ده‌رگاى نه‌خۆشخانه‌كانى خۆيشى له سه‌رتاسه‌رى وڵات به ڕووى برينداران و به‌ركه‌وتووانى كيمياباراندا كرده‌وه و هه‌موو چارهسهرييهكى پێويستى پێشكه‌ش كردين. ته‌نانه‌ت ئێستاش دواى تێپه‌ڕبوونى 25 ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساته‌كه‌دا، هێشتا هه‌ندێك له برينداران و به‌ركه‌وتوانى كيميابارانهكه، له نه‌خۆشخانه‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران؛ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ى كه هه‌موو ئاسانكارييه‌كى كرد تا ئه‌وانه‌ى له ده‌ره‌وه پێويستيان به چاره‌سه‌رى هه‌بوو، ڕه‌وانه‌ى وڵاتانى ده‌ره‌وه بكرێن، به‌مه‌ش ژيانى سه‌دان كه‌سى له به‌ركه‌وتووانى چه‌كى كيميايى؛ له مردن ڕزگار كرد.
بێگومان هه‌مووشمان له بیرمانه كه چۆن ڕۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ئێران؛ گرته و دیمه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ڵه‌بجه‌یان گواسته‌وه. هه‌روه‌ها كۆمارى ئيسلاميى ئێران هاوكارى و كارئاسانییه‌كی زۆری بۆ تيمه‌كانى ڕۆژنامه‌نووسانی جیهان كرد؛ تا بتوانن بگه‌نه هه‌ڵه‌بجه و كاره‌ساته‌كه دۆكيوومێنت بكه‌ن و نیشانی خه‌ڵكی جیهانى بده‌ن، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێست و هاوكارى و ئاسانكارييهى ئێران نهبووايه، ئه‌و تاوانه گه‌وره‌يه‌ى ڕ‌ژێمى به‌عس، وه‌ك سه‌دان تاوانى ديكه، له بێده‌نگى و تاريكيدا ده‌مايه‌وه. بۆيه گه‌لى كوردستان هه‌میشه سوپاسی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كۆماری ئێران ده‌كات و به‌وپه‌ڕى ڕێز و ستايشهوه؛ لێى ده‌ڕوانێت.
وێنه‌ی باوه‌شكردنی عومه‌ری خاوه‌ر به نه‌وه‌كه‌یدا، له جيهان بووه‌ته سيمبولى كیمیابارانكردن و كۆمه‌ڵكوژیی هه‌ڵه‌بجه. ئه‌مڕۆ وێنه‌گری ئه‌و گرته فۆتۆگرافييه ناوداره؛ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا له‌گه‌ڵمان ئاماده‌یه، ئه‌ویش (ڕه‌مه‌زان ئوزتوركه) كه ڕۆژنامه‌نووسێكی كوردی باكووره، به‌گه‌رمى به‌خێرهاتنى ده‌كه‌ين و سوپاسی خۆى و ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه توركانه و وڵاتانی دیكه‌ش ده‌كه‌ین كه له‌و كاته سه‌خته‌دا، ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌یان بۆ به‌رچاوی جیهان گواسته‌وه.
به‌ڕێزان..
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ دۆستێكی به‌ڕێز له‌ناو ئێمه‌دایه؛ كه ئه‌ویش مسيوو بێرنارد كۆشنێره. ئه‌و كه‌سایه‌تییه به‌ڕێزه دۆستی دێرينى گه‌له‌كه‌مانه؛ ساڵى 1989 پێشنیازی پره‌نسیپی (ده‌ستتێوه‌ردانی مرۆیی) كرد. هه‌ر ئه‌و پره‌نسیپه‌ش بووه بنه‌مايه‌ك بۆ به‌هاناوه‌هاتنی جیهان بۆ فریاكه‌وتن و ڕزگاركردنی كورد له كاتی كۆڕه‌وی ساڵى 1991دا و دروستكردنی (هه‌رێمی نه‌فڕین – نۆ فلای زۆن) له هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ش فریاكه‌وتنی گه‌لانی یۆگسلاڤیا و شوێنه‌كانی دیكه‌ى به دوادا هات. ئێمه هه‌وڵه‌كانی ئه‌و و هه‌موو دۆستانی كورد له‌و باره‌يه‌وه به ڕێزه‌وه دهنرخێنين و له بیريان ناكه‌ین و زۆر خۆشحالين كه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ل ئێمه به‌شداره، به خير بێت، به‌سه‌ر چاو.
ئێمه ئێستاش ئه‌وه به ئه‌ركی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌زانین كه هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو كوردستان له مه‌ترسییه‌كانی دووباره كۆمهڵكوشتنهوه ڕزگار بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین یارمه‌تيی خه‌ڵكی كوردستان بدات بۆ نه‌هێشتنی هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشییه جێنيتيكانهى ئێستاش له هه‌ڵه‌بجه و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له ئه‌نجامى به‌كارهێنانى چه‌كى كيميايى بڵاو بوونه‌ته‌وه. چونكه ئه‌و چه‌كانه‌ش به‌رهه‌می كۆمپانیا ڕۆژئاواییه‌كان بوون بۆ ڕژێمی پێشووی عێراق.
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..
بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ڵه‌بجه، ڕۆژی يه‌كى ئۆكتۆبه‌رى 2010 له دادگای ته‌مییزی عێراقییه‌وه ده‌رچووه. به پێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كان له عێراق، ده‌بێ هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه و قوربانییه‌كانی؛ قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه. حكوومه‌تی عێراق تا ئێستا ئه‌و ئه‌ركه یاساییه بچووكه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌بجه جێبه‌جێ نه‌كردووه. به ڕاستی ئه‌وه پێشێلكردنی بڕیاری دادگایه و بێوهفاييشه به‌رامبه‌ر شه‌هیدان و كه‌سوكاری قوربانيان و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه، بۆیه بۆ جاری چه‌نده‌مین دواى 25 ساڵ له‌م كاره‌ساته داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌و بڕیاره‌ى دادگا جێبه‌جێ بكات و كه‌سوكارى شه‌هيدان و به‌ركه‌وتووان و زيانلێكهوتووان؛ به زووترين كات قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه.
به‌ڕێزان...
ئێستا عێراق له‌ناو ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی‌دا ده‌ژیت. ئه‌و ته‌نگژه‌یه كاری كردووه‌ته سه‌ر ژیانی هه‌موو خه‌ڵكی عێراق. بنه‌ماى ئه‌و كێشه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پابه‌ندنه‌بوون به بنه‌ماكانی عێراقی نوێ؛ كه له‌سه‌ر ئه‌ساسى هه‌رسێ بنه‌مای سه‌ره‌كيی (شه‌راكه‌ت، ته‌وافوق، فیدرالی) دامه‌زراوه. پاشگه‌زبوونه‌وه، یان جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و بنه‌مایانه؛ ده‌بێته مایه‌ی ته‌نگژه‌ی به‌رده‌وام له عێراقی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌ئایین و مه‌زهه‌بدا.
پابه‌ندبوون به‌و سێ بنه‌مایه؛ گیانی پێكه‌وه‌ژیان و هاوكاری له نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق دروست ده‌كات، بێگومان پێشێلكردنیشیان ده‌بێته مایه‌ی دروستكردنی لێكترازان و دووبه‌ره‌كی و پێكهوهنهژيان؛ كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ئایندهی عێراق دروست ده‌كات.
ئێمه له هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی ڕوونمان هه‌یه؛ ئه‌ویش گفتوگۆ و دانوستاندنه له‌سه‌ر هه‌موو كێشه‌كان؛ له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنیان. له‌و ماوه‌یه‌شدا هه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌مان گرتووه‌ته به‌ر، هه‌ندێ هه‌نگاویش چووینه پێشه‌وه، به‌ڵام له مه‌سه‌له‌ی بودجه‌دا خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵوێستێكی بینی؛ كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بنه‌مای شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و عێراقى نوێ‌دا ناگونجێت. دیاریكردنی بودجه په‌یوه‌سته به هه‌موو كێشه‌كانمانه‌وه، هه‌ر له كێشه‌ی پێشمه‌رگه‌وه، تا ده‌گاته كێشه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140، كێشه‌ی مافی كۆمپانیاكان و مافه داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان . هه‌موو ئه‌مانه به لاى خه‌ڵكی كوردستانه‌وه كێشه‌ی گرنگن، بۆیه‌شه هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی ئێمه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بودجه؛ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هه‌موو گه‌لی كوردستانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سه‌ركردایه‌تی و په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتار و وه‌زیره‌كانیدا يه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێسته.
ئێستاش لێره‌وه، له هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیده‌وه، ڕایدهگهیهنين كه ئێمه ئاماده‌ین بۆ دانوستاندن و گفتوگۆیه‌كی جددی بۆ كۆتاییهێنان به كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنێكی ڕاسته‌قینه‌ی بنه‌ماكانی عێراقی نوێ له (شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و پێكه‌وه‌ژیان)، چونكه ئێمه وه‌ك لایه‌نی كوردی به عێراقێكی دیكه ڕازی نابین، ئه‌وه‌ش مافێكی ده‌ستووریی خه‌ڵكی كوردستانه، به پێی ده‌ستووری نوێی عێراق.
مێژووی عێراقیش ده‌بێ هه‌موومانی فێر كردبێت كه كاركردن به عه‌قڵیه‌تی گوێنه‌گرتن و خۆسه‌پاندنی تاكلایه‌نه و فه‌رامۆشكردنی پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق، یه‌ك ئه‌نجامی هه‌یه؛ ئه‌ویش ماڵوێرانيی گه‌لی عێراق و ڕووخان و له‌ناوچوونى حكوومه‌ته‌كانه.
هه‌ر له‌م يادهشدا به بير خۆمانى ده‌هێنينه‌وه كه كاتێك تووشى ئه‌م كێشانه ده‌بين؛ ئه‌وه‌ى كه لهناوئێمه نيه، جه‌نابى سه‌رۆك كۆماره، كه هه‌ميشه به حيكمهتى خۆى و به ده‌ستپێشخه‌ريى خۆى هه‌وڵى ده‌دا هه‌موو لايه‌نه‌كان كۆ بكاته‌وه. هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا هيواخوازينكه ته‌ندروستى باش بێت و به كزوويى بگه‌ڕێته‌وه ناومان. ئه‌و مێژووه و خواسته‌كانی گه‌لی عێراقى ئه‌مرۆ، داوامان لێ ده‌كه‌ن كه گفتوگۆی جددی بكه‌ین له‌پێناو نه‌هێشتنی كێشه‌كان، بێگومان ئێمه‌ش بۆ ئهوگفتوگۆيه ئاماده‌ین له هه‌ر كاتێكدا.
دووباره به‌خێرهاتنتان ده‌كه‌م و سه‌ری ڕێز له به‌رده‌م شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌دا؛ داده‌نه‌وێنم. به خێر بێن به‌سه‌ر چاو.
